مانگرتنی ئەر و داغ لە زیندانەکانی پەدەکە گەیشتە ٥٤ ڕۆژ

بەهۆی مامەڵەی خراپ و نامرۆڤانەی نێو زیندانی هەولێر، مەزڵوم داغ و عەبدولڕەحمان ئەر ماوەی ٥٤ ڕۆژە مانیان لە خواردن گرتووە.

پاش کوژرانی پلەدارێکی کۆنسوڵخانەی تورک بەناوی عوسمان کۆسە لە ١٧ ی تەمموزی ٢٠١٩، هەریەک لە مەزڵوم داغ و عەبدولڕەحمان ئەر تۆمەتبارکران و دادگا حوکمی لەسێدارەدانی بۆ دەرکردن. لەو ڕۆژەوە لە زیندان ڕووبەڕووی چەندین پێشێلکاری دەبنەوە، بۆیە لە ١٨ ئایارەوە دژی فشارەکان بۆ یەکپۆشی جلوبەرگ و مامەڵەی خراپ بەرامبەریان، مانگرتیان لە خواردن ڕاگەیاند.

ڕۆژی دووشەممە، مانگرتنی ئەر و داغ لە زیندانی هەولێری ژێردەستی پەدەکە گەیشتە ٥٤ ڕۆژ.

جێگەی ئاماژە پێدانە، داغ و ئەر لە ٢٨ ی ئەیلولی ٢٠٢٢ مانگرتنیان دەستپێکرد دژی مامەڵەی خراپ و ئەشکەنجە، بەڵام لەبەر جێبەجێکردنی داواکارییەکانیان لە ڕۆژی ١٤ هەمین مانگرتنەکیان شکاند.

لەگەڵ ئەوەشدا لە ١٣ ی شوبات ٢٠٢٢ دژی پێشێلکارییەکان مانگرتنیان لە خواردن ڕاگەیاند، بەڵام لە ڕۆژی نۆهەمین پاش نەمانی پێشێلکارییەکان مانگرتنەکەیان شکاند.

مەزڵوم داغ لە ٢٣ ی حوزەیران قسەی لەگەڵ بنەماڵەکەی کرد و باسی لە خراپبوونی ڕەوشی تەندروستی کرد و گوتی: "ئیدارەی زیندانەکە ١٠ ڕۆژە لێمان ناپرسنەوە، دەڵێن پزیشک و دەرمان نییە، ڕووبەڕووی مەرگمان دەکەنەوە".

عەبدولڕەحمان ٢٠ کیلۆگرامی لە کێشی لەدەستداوە و تەندروستی خراپە، داغ ڕایگەیاند ١٠ کیلۆ کێشی لەدەستداوە و ناتوانێت زۆر قسە بکات.

پلانی کوشتنیان دانراوە

هاوسەرۆکایەتی دەستەی بەڕێوەبەری کۆما جڤاکێن کوردستان (کەجەکە)، لە ڕاگەیاندراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد، ئۆپەراسیۆنێکیان دژی هاوکارانی میت ئەنجامداوە، هەروەها سیخوڕێکیان دەستگیرکردووە بەناوی یاسین عەلی خدر، لەلایەن پەدەکە و میتەوە ڕێکخراوە بۆ کوشتنی مەزڵوم داغ و عەبدولڕەحمان ئەر لە زیندان.

هەروەها کەجەکە ئاماژە بەوە دەکات داغ و ئەر هیچ پەیوەندییەکیان نییە بە کوشتنی ئەندامەکەی میتەوە و دەڵێت: " پێش هەموو شتێک، زانیاری هەڵە لەبارەی ئەم دوو بەندکراوە دەدرێتە ڕای گشتی. پێویستە ئەم زانیارییانە ڕاست بکرێنەوە. دەبێت بەدروستی ڕای گشتی لە ڕەوشی مەزڵوم داغ و عەبدولڕەحمان ئەر ئاگادار بکرێتەوە. مەزڵوم داغ و عەبدولڕەحمان ئەر هیچ پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆیان نییە بە کوشتنی ئەندامەکەی میتەوە و بەشداری ئەم چالاکییە نەبوون. تەنها هاوکاری ئەو هاوڕێیانە بوون کە چالاکییەکەیان ئەنجامداوە و ئێستە لەسەر ئەرکی خۆیانن".