مەحمود عوسمان: دەبێت حکومەتی داهاتوی عێراق ڕێگە لە دەستدرێژی تورکیا بگرێت

دەستدرێژیەکانی تورکیا بۆ سەر عێراق و هەرێمی کوردستان بە پشتیوانی ئەمریکایە، کابینەی داهاتووی عێراق دەبێت ڕێگری لەو دەستدرێژانە بگرێت.

 

ماوەی سێ مانگ تێپەردەبێت بەسەر هەڵبژاردنەکانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بەڵام تا ئیستا پەرلەمان کۆنەبووتەوە و کابینەی نوێ حکومەتی نوێی عێراق پێک نەهاتوە، دەربارەی هۆکاری دواکەوتن و سینارێۆکانی پێکهینانی کابینەی نوێ حوکمرانی عێراق دکتۆر مەحمود عوسمان بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات(ANF ) قسەی کرد.

لە سەرەتای قسەکانی دکتۆر مەحمود عوسمان سیاستەمەداری دیار وتی:" هۆکاری دواکەوتنی پێکهینانی کابینەی نوێ حکومەتی فیدراڵی عێراق بۆ ئەوە دەگەرێتەوە ئەو لایەنانەی کە دەنگیان کەمە یاخود لە هەڵبژاردەنکان سەرکەوتوو نەبوون، ناڕازین لە ئەنجامی هەڵبژاردەنەکان، هەر لەبەر ئەوەشە بە بەردەوامی خۆپێشاندان دەکەن داوا دەکەن  ئەنجامەکان بگۆردرێت و یاخود جارێکی تر هەڵبژاردن بکرێتەوە. "

دەربارەی سیناریۆی پێکهینانی کابینەی حکومەت ئەو سیاسەتمەدارە وتی:" لە دوای ساڵی ٢٠٠٣ هەمیشە کابینەکانی حکومەتی عێراق بە شێوازی تەوافق بووە، لە ڕاستیدا ئەم جۆرە شێوازە تەواو نیە و گونجاو نیە بۆ حوکمرانی، دەبێت لە ناو پەرلەماندا ئۆپۆزسیۆنیش هەبێت، بەڵام ئەمجارە موقتەدا سەدر دەڵێت:" کە حکومەتی زۆرینەی پەرلەمان پێک دێنین" لەبەرامبەریشدا لایەنەکانی تر دەڵێن:" دەبێت شێوازە نەریتیەکەی حکومی توافق بەردەوام بێت" بەڵام تا ئیستا هێچ شتێک ڕوون نیە ئایە کە بەکام شێواز پێک دێت ئاخۆ لایەنەکان پێک دێن یاخود نا."

 مەحمود عوسمان وتیشی:" لە ڕاستیدا بۆ ئەم دۆخەی عێراق هەر وا گونجاوە کە جارێکی دیکە حکومەتی تەوافق پێک بێت، چونکە زۆرینەی پەرلەمان بۆ پەرلەمانێکی دیموکراتی و وڵاتێکی دیموکراتی دەبێت بەڵام سیستمی عێراق دیموکراتی نیە، هێزی میلیشیاو چەکداری زۆرە، ڕەنگە شێوازی گونجاو لە ئیستای عێراقدا  حکومەتی تەوافق بێت."

لە درێژەی قسەکانی وتیشی:" پێم وانیە حکومەتی داهاتووی عیراق بتوانێت دەستێوەردانەکانی ئێران بۆ عێراق ڕابگرێت لەبەرئەوەی هێزێکی زۆری میلیشیا لە عێراق هەیە. زۆربەی ئەو هێزانەش سەر بە ئێرانن، هەتا ئەو هێزانەش هەبن دەستی ئێران لە عێراقدا هەر بوونی دەبێت، بێگومان ئەمریکاش دەستێوەردانی هەر دەبێت. "

ناوبراو سەرنجی ڕاکیشە سەر هێرشەکانی تورکیا و وتی:" تورکیا دەستێوەردانی زۆر و دەستدرێژی زۆر دەکاتە سەر خاکی عێراق و هەرێمی کوردستان. بێگومان ئەوەی تورکیا دەیکات بە پشتیوانی ئەمریکایە، بۆیە ئەوەش خالێکی گرینگە لە حکومەتی داهاتووی عێراق حیسابی بۆ بکرێت، حکومەتی داهاتوی عێراق دەبێت ڕێگە نەدات تورکیا دەستێوەردانەکانی بەردەوام بێت، چونکە هەموو ئەوانە دژی سەربەخۆی عێراقن. "

ف.ق