'من لە رێگەی چیرۆکەکانی بەرخودانی گەریلاوە سارام ناسی'

گەریلای هەپەگە تیرێژ زاگرۆس کە لە کاتۆ مارینۆس شەهید بوو، لە نوسینێکدا سەرنجی راکێشابوو بۆ سەر کاریگەری سەکینە جانسز (سارا) لە سەر دڵسۆزی و پابەندی ئەو بە رێبەری گەلی کورد.

گەریلای هێزەکانی پاراستنی گەل (هەپەگە) تیرێژ زاگرۆس بەر لەوەی بپەڕێتەوە بۆ باکوری کوردستان، لە دوایین چاوپێکەوتنی خۆیدا باسی لە چۆنێتی بەشداربوونی لە ریزەکانی گەریلای کردبوو. لە قسەکانیدا باسی لەوەکردبوو کە ئەو ساڵانی ٢٠١٥ و ٢٠١٦ لە کاتی بەرخودانی خۆبەڕێوەبەری، بەرخودانی گەلی کورد کاریگەری کردووەتەسەر و هاتووەتە ناو ریزەکانی گەریلاوە. گەریلای هەپەگە تیرێژ زاگرۆس کە بە چاوی خۆی راستی شەڕی شاڕی لە قۆناغی خۆبەڕێوەبەری بینیوە، باسی لەوەکردبوو چاونوقاندن بەسەر هێرشەکانی دوژمن بۆ سەر سور، جزیر، نسێبین، سلۆپی، شڕنەخو شارەکانی تر بێ ویژدانییەو هەربۆیە رووی کردووەتە چیاکانی کوردستان. هەروەها باسی لەوەکردبوو ئەو بە چیرۆکەکانی بەرخودانی گەریلا گەورە بووە و بە چیرۆکەکانی بەرخودانی گەریلا، پەکەکە و سارای ناسیوە و ئەمەش بووەتە پاڵنەرێک بۆ ئەوەی بێتە ریزەکانی گەریلاوە.

 پەکەکە خودی ورە و مەعنەویەتە

تیرێژ کاتێک گەیشتووەتە لای گەریلاکان تێگەیشتووە کە هاوڕێیەتی چەندە بە نرخ و بە بەهایە. لە کۆتا چاوپێکەوتنیدا باسی لەوەکردبوو کە مەعنەویەت و لایەنی رۆحی لە ناو پەکەکەدا بێ هاوتایە. ئەوەشی دەستنیشان کردبوو کە هاوڕێیەتی، بەنرخترین شتە لەجیهاندا، زیاترە لە خوشک و برایەتی. شەهید تیرێژ باسی لەوەکردبوو کە جار جار دۆخی وەک برسێتی، ماندووبوون و بێخەوی، لە رێگەی لایەنی رۆحیەوە واتای پێدەدرێت. گەریلای وەک بەنرخترین هەبوونی جیهان، گەریلا و هاوڕێیەتیشی وەک بە نرخترین لایەنی مەعنەوی و رۆحی هەڵسەنگاندبوو.

گەریلای هەپەگە تیرێژ زاگرۆس گرنگی نوسین دەدا. بەردەوام لەبارەی چیا، هاوڕێیانی و ئەو گەریلایانەی زۆری خۆشدەویستن دەینوسی. لەسەر پەکەکە، هەلومەرجی تێکۆشان و راستی دوژمنی لاپەڕەکانی پڕ دەکردەوە. لە نوسینەکانیدا زیاتر جێگەی بۆ قارەمانان کردەوە. سەبارەت بە جوانترین گەنجەکان کە بە گیان و دڵ لەگەڵ شۆڕش دا بوون، نوسیویەتی. لە نوسینێکیدا باسی لە یەکێک لە فەرماندە پێشەنگەکان واتە سەکینە جانسز کردبوو و لەبارەی فەرماندەی پێشەنگی خۆیەوە نوسیبووی: "چیرۆکی جیاواز و لەهەمان کاتدا شکۆداری ئەو نێرگزانەی کە لە ژیانەوە سەرچاوە دەگرن هەن. نێرگزە پێشەنگەکان بە هەڵاتنی خۆر لە دوای بەفر بارین بۆ چەند کاتژمێر، بۆ چەندین رۆژ و بۆ چەند مانگ، وردە وردە بە دەرکەوتنی خۆر لە ژێر بەفردا بۆ ئەو نێرگزانەی بۆ ئەوەی مزگێنی بەهار بدەن سەر لە خاک دەردێن و بەرەورووی خۆر دەبنەوە. لەو نێوەندەدا جارێکیتر بەفر دەبارێت و هەندێک لەو نێرگزانە لەبەر ئەو بەفرەی بۆ دووەم جار دەبارێت سەر دادەنەوێنن، ئەوانەشی دەمێننەوە سەرباری هەموو دژوارییەکان بۆ ئەوەی ئەرکی گەیاندی مزگێنی بەهار جێبەجێ بکەن، لەبەرامبەر بەفر و دژوارییەکان تێدەکۆشن. سەرباری هەموو گوشار و هێرشەکان دەستبەرداری تێکۆسان نابن. تا ئەو کاتەی بەهار بێت و هەموو نێرگزەکانی دیکە بگەنە بەهار لە سەر پێ دەمێننەوە. مزگێنی بەهار بە نێرگزەکان دەدەن. ئەمە ئەرکێکی ویژدانییە. پێشەنگایەتی سروشتی گوڵە نێرگزەکانە. شەهید ساراش یەکەم نێرگزی ئێمەیە. زیندووترینیانە، جوانترین کە لە شۆڕشدا پێداگرترینە".

تیرێژ زاگرۆس باسی لەوەکردبوو کە بەر لەوەی بێتە ناو ریزەکانی گەریلاوە کتێبەکەی سەکینە جانسزی خوێندووەتەوە و ئەوی لە چیرۆکەکانی گەریلاوە ناسیوە و بەم جۆرە درێژە بە یاداشتەکەی دەدات: "من پێشتر هاوڕێ سارام نەدەناسی، نەمدەزانی کە ئەو کێیە. هەڤاڵ سارام لە رێگەی چیرۆکەکانی گەریلا و هەروەها کتێبی 'شەڕ بووە ژیانی من' ناسی. من دواتر هەستم پێکرد کە ئەو کتێبە زۆر کاریگەری لەسەر من داناوە. هەربۆیە دەستم بە خوێندنەوەی بەرگەکانی دیکەی کتێبەکە کرد. کاتێک هەڤاڵ سارام ناسی، خۆشم ویست، زۆر رێزم لێگرت. بەتایبەتی هەڵوێستی ئەو لە زیندان، زیاتر کاریگەری کردە سەر من".

 

 

روانین لە رێبەر ئاپۆ بە چاوەکانی سارا

تیرێژ زاگرۆس کە هەڵوێستی ژیانی فەرماندەی پێشەنگ سەکینە جانسزی بۆ خۆی بە بنەماگرتووە، دڵسۆزی و وەفاداری سەکینە جانسزی بۆ رێبەر ئاپۆ بەم رەستانە نووسیبوو: "هاوڕێ سارا بە ژیان و تێکۆشانی خۆی ۆر کاریگەری داناوە. تێکۆشانێکی بێ هاوتای ئافراندووە و بەردەوام گوڕی بە تێکۆشانداوە. ئەوین، خۆشەویستی، رێز، وەفادارو بڕوای هەڤاڵ سارا بە رێبەرایەتی، دڵسۆزی و بڕوای من بە رێبەرایتەی بەهێز دەکات. ئاستی دڵسۆزی و بڕوا بە رێبەرایەتی، ئەوەندە بەرزکردووەتەوە کە بۆ من بووەتە هێڵێک کە دەبێت من خۆمی پێبگەیەنم. ژیانی وەک سارا، بڕوابوون پێی، بنەمایەکە کە دەمەوێت لە کەسایەتی خۆمدا پێکیبهێنم؛ بنەمایەک لە بنەماکانی شۆڕشگێڕیی ئاپۆیی".

هـ . ب