" نامەیەک بە بای شەماڵ و ھەورا بۆ ئیمرالی"

محەمەد ئەمین پێنجوێنی کەسایەتی وڵاتپارێزی باشووری کوردستان بە بۆنەى ساڵیادی پیلانگێڕیی ١٥ی شوبات نامەیەکى بە بە شەماڵ بۆ عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد لە ئیمراڵی نارد و باسی بەری تێکۆشانی ئۆجالانی لە سەرکەتنی گارەدا کردووە.

دەقی نامەکە

بە ھۆی دەستگیر کردنی ئۆجەلانەوە ئەم چیرۆکە بڵاو دەکەینەوە لە ئەمڕدا لە جیاتی ڕۆژی ٣شەمە.

ئەو چیرۆکانەی ئە بێت بزانرێن.

نامەیەک بە بای شەماڵ و ھەورا بۆ ئیمرالی:

بەڕێز و خۆشەویست ئاپۆی تێکۆشەر.

بیست و دوو ساڵە دەزگا ھەواڵگری و داپڵۆسێنەرەکانی جیھان، تۆیان لە گەل و شۆڕش و تێکۆشانی ئازادی دابڕاند.

ئەوان وایان دەزانی، بە دابڕاندنی ئێوە لە شۆڕش، ئیتر گەلی کورد چۆک دادەدات و ملکەچی ھێزی دەوڵەتی فاشستی داگیرکەر دەبێت. دوژمنان لەوەدا بە ھەڵەدا چوون، چونکە خەبات وتێکۆشانی ئێوە لە زیندان بارودۆخەکەی پێچەوانە کردووەتەوە.

لە یادمە ساڵی ١٩٩٢ کە بۆ یەکەمجار ھاتینە لای بەرێزتان لە (بیقاع لە لوبنان) لێمان پرسیت ئەگەر ئێوە لە پیلانێکی دوژمناندا کارەساتێکتان بەسەر ھات چارەنووسی شۆڕش و پەکەکە چی لێ دێت؟

ئێوەش بەم جۆرە وەڵامتان داینەوە: (ئا لەم ئەکادیمییە سەربازییەدا، ھەزاران ( ئاپۆچی) گەریلام پێگەیاندوە ، ھەر شۆڕشگێڕکیان بۆ خۆی ئۆجەلانێکە ؟؟

شۆڕشی ئێمە وەکوو شۆڕشەکانی تر نییە، بە لەناوچونی سەرکردەکەیان شۆڕشەکەیان بکوژێتەوە.

شۆڕشی ئێمە شۆڕشی ئایدۆلۆژیا، ئەخلاق، فکر و فیداکارییە، ئێمە هەر سێک تەوقی پارە، دەسەڵات و سێکسمان لە ملمان داماڵیوە، هەروەها تەوقی ترساندن لە مردنمان فڕی داوە، کەسایەتی مرۆڤی ئازامان ڕەنێو هێناوە. چونکە شۆڕش لە پێناوی ئازادیی بە مرۆڤی ئازا دەکرێت.

ئەو کۆت و پێوەندانەی کە دابونەریتی کۆنەپەرستی بەدرێژایی مێژوو پێگەی کەسایەتی گەلی کوردی لە ناو بردبوو ھەڵدەتەکێنین و کەسایەتییەکی شایستە بۆ مرۆڤی کورد ئاوا دەکەین، کە ژن تێیدا ڕۆڵی هەبێت و پێشەنگیی بکات)

بەڵێ بەرێزم، ئەو ژنانەی ئێوە لە ئەکادیمیای (مەعسوم قۆرقوماز) پێتان گەیاندن، داستانی کۆبانیان خوڵقاند، ئەو داستانەی کە زھنیەتی ھەموو دنیای بەرانبەر بە توانای سەرکردایەتی ژن، گۆڕی وسەربڵندیی ئافرەتی کوردیان گەیاندە ھەور. داستانی کۆبانێ بوو بە زنجیرە فیلم، ئەوروپا و ئەمریکای سەرسام کرد.!!!

ئاخر ئەم کچانە پێش ئەوەی بێنە بیقاع و ببن بە گەریلا وەکو بوکەڵە سەیر دەکران، لە مشک دەترسان، ئێستە وا سوپای تورکیا ڕاو دەنێن.

بەرێزم، ھەر لەم ڕۆژانەدا لە چیای گارە شاگردەکانی ئێوە، گەریلاکان، پۆرتی سوپای داگیرکەری تورکیان شکاند و سزایان دان، بە سەرشۆڕی لە لوتکەی چیای گارەوە ھەڵیاندێراندن، ئەمانە، ئەم کوڕ و کچانە بوون، کە لە ھەر چوار پارچەی کوردستانەوە لە ڕوسیا، ئەوروپا ، ئوسترالیا و ئەمریکا و کوردانی تاراوگە و پەراگەندەی دونیا کۆت کردنەوە و وانەی شۆڕشگێڕی و فیداکاریت پێ دەوتنەوە، پێت دەگوتن ئێوە نەوەی میدییەکان کە دەسەڵاتیان بەسەرنیوەی دنیادا هەبووە، ئێستە وڵاتەکەتان داگیر کراوە، دەبێت لەشکرێکی فیداکاری بۆ پێکبێنین تا ڕزگاری بکەین، ئەو لەشکرەش ئێوەن، گەنجانی کورد. بەڵێ ئەوانەی تۆ پەروەردەت کردن، مەشقت پێ کردن و کەسایەتیت بۆ زیندوو کردنەوە، ئەوانە ئەمڕۆ لە چیاکانی کوردستان سەنگەر بە سەنگەر دوژمن ڕاو دەنێن. ئاخر تۆ پێت دەگوتن: بچنە سەر لوتکەی چیاکان بیەکەن بە نیشتمانی خۆتان. ئێستە وا لە چیای شاھۆ، داڵەھۆ و قەندیلەوە ھەتا دەگاتە خواکورک و زاگرۆس ھەتا چیای کرمانج و ئامانۆس کردوویانە بە زێدی خۆیان، پارێزگاری لێ دەکەن بەرەو لەشکری یەکگرتووی کوردستان ھەنگاو دەنێن!!!.ـ

بەرێزم، ئەو پەرتوک و تێزە تازانەی کە لە ئیمرالی دەینووسیت، ئەوانەیان کە کراون بە کوردی و عەرەبی بەردەستمان دەکەون، ئەو تێزە نوێیانەی کە ئێوە پێشکەشتان کرد بۆ چارەسەری کێشەی کورد و نەتەوەکانی تر بە تایبەتی گەلانی ژێر دەست و چەوساوە، ئەو نموونە و میناکانەی کە لە ڕۆژئاوا ھاتۆتە ئارا، بووەتە جێی سەرنج و جێگەی گفتوگۆ و لێدوانی سیاسەتمەداران و ھەندێ لە زانکۆکانی ئەوروپاش، مشتومڕێکی زۆری دروست کردووە لە لای بیرمەندان و روناکبیران. دوا پەرتووکی جەنابتان ( وتارەکانی ئیمرالی) ھەتا ئێستەش ھەر تورکییە و نەکراوە بە عەرەبی.!!

ڕۆژنامە نووسی بەناوبانگ (چەنگیز چاندار) بۆی باس کردم، کە لەو کتێبەدا باسی ئێمەتان کردەوە، زۆر سوپاستان دەکەم، ھەرچەندە لە زۆر نامەدا کە بۆ ھەڤاڵەکانت ناردبوو، باسی ئێمەت کردووە و لە گۆڤاری سەرخۆبووندا بڵاو کرابووەوە، جارجار ھەڤاڵان منیان لێ ئاگەدار دەکردەوە، یان لە ڕێگەی ھەڤالانی (ھەدەپە)وە، کە سەردانی ئیمرالی و قەندیلیان دەکرد، سڵاوی ئێوەیان پێ دەگەیاندم منیش ھەواڵی جەنبتانم دەپرسی بە تایبەتی هەڤاڵان (پەروین و ئیدریس) ھاتنە لام و ھەواڵی تۆیان پێ ڕاگەیاندم، کە ئێوە منتان ئەرکدار کرد بوو و خوازیار بوون وەکوو جاران چالاک بم، منیش بە شانازییەوە وەرم

گرت.

بەرێزم، وەکوو لە لوبنان و شام سۆزم دایتێ و گوتم ھەتا لە ژیاندا بم، بە گوێرەی توانای خۆم کەمتەرخەمی ناکەم لە خزمەت کردنی شۆڕشی باکووری کوردستان، ھەتا گەیشتن بە مافەکانی گەلی کورد.

ئیتر ھیوادارم لە ئامەد یان لە ھەولێر بە خزمەتان بگەمەوە.

ژ.ت