پارتی دیموکراتی کوردستان، بە دەیان چالاکوان و وڵاتپارێزی باشوری کوردستانی لە کونجی زیندانەکان ناوە و شەڕی لە دژی پەکەکە دەستپێکردوە. لە میدایەکانیدا دەڵێت، دەبێت ئەو شۆرگێرانە باشوری کوردستان بە جێ بێڵن، ئەمەش لە کاتێکدایە کە دەرگای وڵاکردوە بۆ سوپای داگیرکەری دەوڵەتی تورکی و دەزگا سیخوریەکانی ئەو دەوڵەتە، هاوکات کوردستانیشی کردۆتە پەناگە بۆ ئەو بەعسیانەی کە دەستیان بە خوێنی کورد سوورە.
بەپێ ئەو بەڵگانەی سیاسەتمەدار و چالاکوانی مەدەنی، مەکی ئامێدی لە میانەی پێشکەشکردنی بەرنامەیکی ڕاستەوخۆدا لە تۆری کۆمەڵایەتی فیسبووک خستیەڕوو، لە ئیستادا پارتی دیموکراتی کوردستان، هەولێری پایتەختی باشوری کوردستانی کردۆتە پەناگە بۆ ئامۆزاکانی سەدام حوسێنی بەعسی و جەلادەکانی ئەو سەرۆکە فاشیەی پێشووتری عێراق، ئەمەش لە کاتێکدایە کە ئەو کەسانە زۆربەیان دەستیان بە خوێنی رۆڵەکانی کورد سوورە بە تایبەت لە کارەساتی ئەنفال و کیمیابارانی هەڵەبجەدا.
بەپێ بەڵگە و داتاکانی ئەو چالاکوانە، لە مانگی ئازاری ٢٠١٤دا، ڕێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆی ئێستای حکومەتی هەرێم، کە کادرێکی پارتیە لە هەولێر لەگەڵ کۆمەڵێک سەرکردەی توندڕەوی ئیسلامی و بەعسیەکان کۆبووەتەوە و گفتۆگیان کردوە، دوای ئەو کۆبوونەویە مەسعود بارزانی سەرۆکی ئەو کاتی هەرێمی کوردستان لە مانگی حوزەیرانی هەمان ساڵ چۆتە ئوردن و لەگەڵ سەرکردەکانی بەعس کۆبووەتەوە کە تێدا عەزت دوری سکرتێری حزبی بەعەس و کۆمەڵیک لە گروپە توندرەوە ئیسلامیەکانیش بەشداریان کردووە و بەڵێنی تەسملیکردنی شەنگال و موسل بە داعش دراوە، هاوکات لەسەر ئەوەش ڕێکەوتوون کە بنەماڵەی ئال مەجید و خانەوادای سەدام حوسێن سەرۆکی فاشیستی پێشوتری عێراق لە هەولێر بژین.
بە پێی بەڵگەنامە و زانیاریەکانی ئەو چالاکوانە لە ئیستادا بە دەیان کەس لە ئامۆزا و خزمەکانی سەدام حوسێن و سەرکردەکانی حزبی بەعس لە ناویشیاندا کوڕ و سکرتێری عەلی کیمیاوی (عەلی حەسەن مەجید) لە دوای ئەو رێکەوتنەی پەدەکە، لە ئێستادا لە هەولێر دەژین.
هەر لەو بەرنامەیەدا ناوی چەند کەسێک لە بەعسیانەش ئاشکرا کراوە کە دەستیان بە خوێنی رۆڵەکانی کورد سوورە و ئیستا لە هەولێر دەژین و لە لایەن پارتی دیموکراتی کوردستانەوە بارەگا و پاسەوانیان بۆ دابینکراوە، لە خۆشترین شوێنەکانی شاری هەولێر دەژین و منداڵەکانیان لە گرانبەهاترین زانکۆ و خوێندگەکانی هەولێر دەخوێنن.
بەڵگە و زانیاریەکان بەم شێوەیەن؛
*بەعسیەکانی گوندی ئینگلیزی
حەجی شەبیب سلێمان مەجید و غالیب حەبیب مەجید ، کە کوڕەکانی ئامۆزی سەدام حوسێنن لەگەڵ دە ماڵی تر کە هەموویان بەعسین لەناو گوندی ئینگلیزیدا دەژین کە کۆمەڵگایەکی نیشتەجێبوونە لە ناو شاری هەولێر و دەکەوێتە سەر ڕێگای موسڵ لە تەنیشت پارکی سامی عبدولرحمان.
*بەعسیەکانی گوندی ئەمریکی
ئەبو درع سکرتێری پێشوی عەلی حەسەن مەجیدی بەعسی کە لە ناو کوردا بە عەلی کیمیاوی بەناو بانگە، چونکە تاونباری سەرەکیە بە تاوانی کیمیابارانی هەڵەبجە، ئەو کەسە ئیستا لە گوندی ئەمریکی لەسەری ڕیگای مەسیف دەژیت لە شاری هەولێر.
موزاحم محمد حەسەن مەجید ئامۆزای سەدام حوسێن، پێشتر لە هەولێر ژیاوە لە دوای ڕووخانی ڕژێمی بەعس، هەر لە هەولێریش مردوە و لە مزگەوتەکانی هەولێر تەعزیەی بۆ دانراوە، ئیستا چوار کور و دوو کچی هەیە کە دەکەنە کوڕ و کچی ئامۆزای سەدام حوسێن، هەموویان لە هەولێر دەژین و ماڵیان لە گوندی ئەمریکیە.
چوار کوری عەبد حەسەن مەجید کە دەکاتە ئامۆزای حەقی سەدام حوسێن ئیستا لە گوندی ئەمریکی دەژین لە هەولیر، هەمووشیان لە لایەن پارتی دیموکراتی کوردستانەوە دەپارێزرێن و پاسەوانان بۆ دابین کراوە.
حەسەن عەلی حەسەن مەجید واتا کوری عەلی کیمیاوی ماڵێکی لە گوندی ئینگلیزی هەیە لە شاری هەولێر و هاوکات ماڵێکیشی هەیە لە ئوردن، لە نێوان هەولێر و ئوردن هاتووچۆ دەکات زۆر جاریش لە ماڵکەی خۆی لە شاری هەولێر دەمینێتەوە، ئەو کەسانەی کە باوکیان بە دەستی عەلی کیمیاوی شەهید کراون ئیستا پارتی دیموکراتی کوردستان کردوونی بە پاسەوانی کوری ئەو بکوژە.
ئەو چالاکوانە ئاماژە بەوەشدەکات کە پارتی دیموکراتی کوردستان و خودی بنەماڵەی بارزانی لە ڕێگەی چەند کۆنە موستەشارێکەوە لەگەڵ ئەو بەعسیانە بازرگانی دەکەن، لە کاتی مرنی یەکێک لە خوشکەکانی مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان بە بیانوی سەرخۆشی، بەعسیەکان چوونەتە ماڵی بارزانی.
جێگیرکردنی ئەو ژمارە زۆرەی بەعسیەکان لە باشوری کورستان و پاسەوانی کردنیان لە لایەن پارتی دیموکراتی کوردستانەوە، لە کاتێکدایە کە هەموو کەسێک ئەوە باش دەزانێت ١٨٠ هەزار هاوڵاتی باشوری کوردستان بە دەستی بەعسیەکان ئەنفال کراون کە لە ناویاندا ٨ هەزار بارزانیش هەبوون، هاوکات ٥ هەزار هاوڵاتی هەلەبجەش لە چرکەساتێک بە دەستی عەلی کیمیاوی، کۆمەڵکوژ کران کە ئیستا کورەکەی لە هەولێر دەژیت و منداڵی شەهیدانیش کراون بە پاسەوانی کوڕەکانیان.
هەزاران پێشمەرگە گیانی خۆیان فیدا کرد، هەزاران کەس کەمئەندام بوون، هەزاران هاوڵاتی خوێنیان رشت و لە ئەنجامی خەباتی دەیان ساڵەی پێشمەرگە و رۆڵەی کورددا بەشێک لە خاکی باشوری کوردستان ئازاد بوو، بەڵام ئیستا پارتی دیموکراتی کوردستان لە هەولێر پاسەوانی بەعسیەکان دەکات و ژیانی شاهانەی بۆ دابین کردوون و هاوڵاتیانی خۆی برسی دەکات و موچەی مامۆستا و فەرمانبەران دەبرێت و پێشمەرگە نانبڕاو دەکات و گەنجانیش لەبەر بێکار و بێ دادی سەری خۆیان هەڵدەگرن و ڕێگای ئەورپا دەگرنە بەر.
ز.ش