پارتی لە مەتینا خاڵێ نوێ دەگرێت و خۆی جێگیر دەکات

پارتی دەست لە کارە تێکدەرانەکانی هەڵناگرێت و ئەمجارە هێزەکانی نوێی چاودێرییان لە گوندی تروانێشی سەر بە ناوچەی کانی ماسی دانا. ئەوەى جێگای سەرنجە هاوکات لەگەڵ جێگیربوونی ئەو هێزەى پارتیدا جموجوڵی سوپای تورکیش لەو ناوچەیە زیادیکرد.

بەپێی زانیارییەکان لە سەرچاوە خۆجێیەکانەوە، هێزەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان (پەدەکە) خاڵی نوێی چاودێری لە گوندی تروانێش لە ناوچەی کانی ماسی دروستکرد. پارتی لەو خاڵە چاودێرییەدا و لە گردەکانی نزیک گوندی تروانێش هێزەکانی خۆی و ئۆتۆمبێلی زرێپۆشی کۆکردووەتەوە.

هاوکات جموجوڵێکی زۆری پارتی لە مەتینا دەستیپێکردووە و ژمارەیەکی زۆر ئۆتۆمبێلی زرێپۆشی بردووە بۆ ئەو خاڵانەى چاودێری، کە لەمدواییانەدا لە مەتینا دروستی کردبوون. پارتی لە ناوچەى مەتینا هێزەکانی خۆی کۆدەکاتەوە و دەستی بە جموجوڵێکی زۆر گەورە کردووە.

هەروەها هاوکات لەگەڵ ئەو جموجوڵەى هێزەکانی پارتیدا لە کاتژمێر ٢٣:٣٠ی خولەکی شەوی رابردوودا، ٣ کۆپتەر رۆیشتن بۆ بنکەى سەربازیی دەوڵەتی تورک لە ناوچەی بارۆخی سەر بە کانی ماسی. پارتی و دەوڵەتی تورک پێکەوە لە ئاسمان و زەوییەوە دەستیان بە جموجوڵ کردووە. جموجوڵی هاوبەشی پارتی و دەوڵەتی تورکی داگیر زۆر پرسیار بە دوای خۆیدا دەهێنێت.

پارتی لە بەردەوامیی کارە تێکدەرانەکانیدا هەر دوێنێ لە سنووری یەکێتی دەستیان بە جموجوڵ و دروستکردنی بنکەى نوێ کردبوو.

ژ.ت