پاش ٢٨ ڕاپەڕین لە کوردستان کە کورد بێ هێزی پاراستن بوو، بزووتنەوەی پەکەکە بە سەرۆکایەتی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵڵا ئۆجالان لە چوار بەشی کوردستان ڕاپەڕینێکی گەورەی دەستپێکرد. گەریلاکانی هەپەگە و یەژا ستار لە یادی ٤٥ ساڵەی دامەزراندنی پەکەکەدا هەست و بیروڕای خۆیان دەربڕی. گەریلاکان ڕوونیان کردەوە بزووتنەوەی پەکەکە پێشکەوتنی گەورەی بەدەستهێناوە و ئەمڕۆش بووەتە هێزێکی گەورەی تێکۆشان نەک تەنها دژی دەوڵەتی فاشیستی تورک، بەڵکو دژی هەموو هێزە هەژمۆنیەکان.
فرات چیاگەر گەریلای هەپەگە سەبارەت بە یادی 45 ـەمین ساڵوەگەڕی دامەزراندنی پەکەکە وتی:"سەرەتا 27ی تشرینی دووەم ڕۆژی ژیانەوەی گەلی کوردە لە ڕێبەر ئاپۆ، شەهیدانی شۆڕش، گەلەکەمان و هەڤاڵانی زیندانی پیرۆز بێت. پێش ئەوەی پەکەکە سەرهەڵبدات، هێزە هەژموونییەکان کاریگەری زۆریان لە کوردستان و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا هەبوو. هێزی گەل لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا لەبەرچاو نەگیرا وکوردستان بەسەر چوار وڵاتدا دابەش بوو.گەلی کورد لە مێژوودا ڕووبەڕووی ٢٨ ڕاپەڕینی لە دژی عەقڵیەتی فاشیستی و ئاسیمیلاسیۆن ئەنجامداوە. گەلی کورد قەد تەسلیمی دوژمنانی خۆی نەبووە، لە باکوور، ڕۆژئاوا، ڕۆژهەڵات و باشووری کوردستان بەردەوام باوەڕی بە برایەتی گەلان هەبووە.
دەوڵەتی تورک سیاسەتێکی گەورەی ئاسمیلەکردن و قڕکردنی دژی گەلی کورد ئەنجامدا. بێگومان لە دژی زۆر سەرهەڵدان ڕوویداوە. بەتایبەت لە باکوری کوردستان، گەلی کورد ڕووبەڕووی لەناوچوون بووەوە، بە پێشەنگایەتی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان ڕاپەڕی و بە هەموو توانایەوە پلانی هێزە هەژموونخوازەکان کە دەیانویست بەدەستی دەوڵەتی فاشیستی تورک ئەنجامی بدەن، پووچەڵ کردەوە. لە سایەی دووربینی و شیکردنەوەی ستراتیژیی ڕێبەر ئاپۆ، لە چوار پارچەی کوردستان گورزی گەورە لە دوژمن درا و گەلی مردووی کورد مافی ژیانی بەدەست هێنایەوە. پەکەکە بە گروپێکی بچووک دەستی پێکرد، بەڵام ئەو گروپە وردە وردە پەرەی سەند. هەستی وڵاتپارێزی لە نێو گەلی کورد زیندوو بووەوە. بەشدار بوون لە بزووتنەوەی پەکەکە وردە وردە زیادی کرد. دەوڵەتی فاشیستی تورک پێی وابوو لە ماوەیەکی کورتدا کۆتایی بە بزووتنەوەی پەکەکە دەهێنێت، بەڵام پەکەکە لە نێو تێکۆشانێکی بەهێز دایە. ئێستا هەموو جیهان ڕێبەر ئاپۆ، پەکەکە و گەلی کورد دەناسێت. پەکەکە بۆتە هیوای ژیان و هێزی ئازادی بۆ هەموو گەلانی بندەست، گەنجان و ژنان. لەم ساڵانەی دواییدا بەشداریی ئینتەرناسیۆنالیستەکان لە بەریتانیا، دانیمارک، ئەڵمانیا و... نیشانەی ئەمەیە. گەنجان و ژنانی زۆرێک لە وڵاتانی ئەوروپی کە باوەڕیان بە هێزی شۆڕش هەیە، لەناو ڕیزەکانی پەکەکەدا لە پێناو ئازادیی گەلدا تێکۆشان دەکەن.
ژنانی کورد بوونە نموونە بۆ هەموو ژنان
سەرهەڵدان ئامانۆس، گەریلاى یەژاستار، بە پیرۆزکردنی ٤٥ ساڵەى دامەزراندنی پەکەکە دەستى بە وتارەکەى کرد و ڕایگەیاند؛"لەگەڵ دامەزراندنی پەکەکە، گەلی کورد سەر لەنوێ لەدایک بووەوە. بەتایبەت ژنانی کورد بە تێکۆشانیان لە نێو پەکەکەوە هێز و ئیرادەیان پەیدا کرد. ئەمڕۆ ژنی کورد بۆتە نموونە و هیوا بۆ ژنانی جیهان. لە سایەی شەهیدان ئازێ، دەلال، سارا و هەزاران شەهیدمان، بزووتنەوەی ژنانی ئێمە پێشکەوتنی گەورەی بەدەستهێناوە. بزووتنەوەی ژنانی ئێمە بۆتە هێزی پێشەنگی هەموو ژنان و گەلانی بندەست بەتایبەت ژنانی کورد. لە کەسایەتی هەڤاڵانمان سارا و ڕووکەن کە ساڵی ڕابردوو کە بەچالاکی گیانفیداییان ئەنجامدا، جارێکی دیکە هێزی ژنانیان سەلماند. لە دژی گۆشەگیریی ڕێبەرایەتیمان هەڤاڵ ئەرداڵ و ڕۆژهات لە ئەنقەرە، لە دڵی دەوڵەتی فاشیستی تورکدا، چالاکییەکی گەورەیان ئەنجامدا. گیانفیدایی بوونی پەکەکە کاریگەری زۆری لە جیهان دەکات و ئەمە ڕاستییەکی سەلمێنراوە."