پەیامی جولەمێرگ: بە بەرخۆدان سەردەکەوین

هاوسەرۆکی گشتی دەبەپە کەسکین بایندەر و هاوسەرۆکی گشتی دەم پارتی تولای حاتەم ئۆغۆللاری لە ناڕەزایەتییەکانی جولەمێرگ قسەیان کرد و پەیامی بەرخۆدانیان دا.

ناڕەزایەتییەکان دژی دانانی قەیوم لە شارەوانی جولەمێرگ بەردەوامە، لە ناڕەزایەتیەکاندا درووشمی "بە بەرخۆدان سەردەکەوین" و "ئێمە شارەوانی دزمان ناوێت" و "بژی بەرخۆدانی هەکاری" بەرزکرایەوە.

هاوسەرۆکی دەبەپە، کەسکین بایندەر ڕایگەیاند دانانی قەیوم قبووڵ ناکەن، گوتی: "ئەم سیستەمە لەسایەی بەرخۆدانی گەلی کوردەوە دەڕووخێت. سەد ساڵە ئیرادەی گەلی کورد قبووڵ ناکرێت، ئەمڕۆش باخچەلی گوتی ئیرادەی گەلی کورد قبووڵ ناکات. با بڕواننە مێژووی کوردان، باخچەلی و ئەردۆگان دەڕۆن، بەڵام گەلی کورد سەدان ساڵە لێرەیە و دەمێنێتەوە. ئێمە بە هێزی خۆمان سیستەمەکەیان دەڕوخێنین".

هاوسەرۆکی دەم پارتی تولای حاتەم ئۆغۆللاری ڕایگەیاند ئەمە کودەتای سیاسییە و ئەمە دەریدەخات چەتە دەوڵەت بەڕێوەدەبات، گوتی: "ئەم شێوازی بەڕێوەبردنەوەی وڵات لەلایەن ئاکەپەوە، ناوی فاشیزم و کودەتایە".

حاتەم ئۆغۆللاری ئاماژەی بەوە کرد مافی دەنگدان و هەڵبژاردنی کوردان دانی پێدا نانرێت، گوتی: "ئاکەپە لەڕێگەی دانانی قەیومەوە دەڵێت "ئێوە مافی دەنگدان و هەڵبژاردنتان نییە. هاوڵاتی ئەم وڵاتە نین".

ئۆغۆللاری گوتی: "دیموکراسی و گەل و یاسا و ئازادی سەردەکەوێت، ئێمە سەردەکەوین، دانانی قەیوم لە جولەمێرگ تەنها دادانی قەیوم نییە دژی ئیرادەی سیاسی کورد. بەڵکو واتای دانانی قەیومە دژی دیموکراسی لە تورکیا و یاسای بەڕێوەبردنی هەرێمی. دژی زیهنیەتی قەیوم، پێویستە هەموو هێزە دیموکراسییەکان هەڵوێستی بەهێز نیشان بدەن".

ئۆغۆللاری دووپاتی کردەوە ئەم هەوڵە بۆ زەوتکردنی ئیرادەی گەلی کورد قبووڵ ناکرێت و بەرخۆدان دەکەن، گوتی: "گەل بەشێوەیەکی بەهێز وەڵام دەداتەوە. ئەوانەی دژی فاشیزم بەرخۆدان دەکەن، سەردەکەون".