قەرەسوو: دوو بەرپرسی میت لە دەستی ئێمەدان، بەڵام بۆ کەس گرنگ نییە!

مستەفا قەرەسوو ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری کەجەکە ڕایگەیاند، تورکیا کە هەوڵی نێوەندگیری دەدات لە ئاڵوگۆڕی دیلەکانی نێوان حەماس و ئیسرائیل، بۆ ڕۆژێکیش لە چارەنووسی دوو بەرپرسە باڵاکەی میت ناپرسێتەوە.

مستەفا قەرەسوو ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری کەجەکە بەشداری لە بەرنامەی تایبەتی میدیا خەبەر کرد و باسی لە گۆشەگیریەکانی سەر ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان، هێرشە داگیرکارییەکانی سەر هەرێمەکانی پاراستنی میدیا و هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە کرد.

قەرەسوو سەرەتا سەرنجی بۆ بوومەلەرزەکەی مەڕمەڕە ڕاکێشا و وتی:"دەوترێت ناوەندی بوومەلەرزەکە گەملیک و دوورگەی ئیمرالییە. پارێزەران ویستیان لەو دۆخەدا دیدار ئانجام بدەن، بەڵام ڕێگەیان پێنەدرا. بۆ ٣ ساڵە هیچ چاوپێکەوتنێک نەکراوە، ئەمەش نیشاندەری سیاسەتەکانی دەوڵەتی تورکە لە ئیمرالی لەبەرامبەر ڕێبەر ئاپۆ دا. لە جیهاندا شتێکی لەم شێوەیە نییە، بە شێوەیەکی سەرسوڕهێنەر ٣ مانگ و ٦ مانگ سزای دیسپلینیی دەسەپێنن و خۆیان وا نیشان دەدەن گوایە بەپێی پێوەرەکان هەڵسەکەوت دەکەن، دەیانەوێت بڵێن ئێمە دەوڵەتی یاساین. نەخێر، لە دەوڵەتی یاسادا، ئەگەر دیدار ئەنجام نەدرێت بەهۆی سزاوە نییە، بەم شێوەیە جیهان فریو دەدەن، گاڵتە بە جیهان دەکەن."

مستەفا قەرەسوو ئاماژەی بەوەدا کە لە دژی ئەمە تێکۆشان دەکرێت و وتی:"دەبێت تێکۆشان بکرێت بەبێ تێکۆشان ئازادی ڕێبەر ئاپۆ بەدی نایەت، گۆشەگیری هەڵنا گیرێت. بۆیە ئێستا لە جیهاندا بە گشتی تێکۆشان بۆ ئازادی ڕێبەر ئاپۆ بەڕێوە دەچێت. دەوڵەتی تورک ناچار دەکرێت، شەرمەزاردەکرێت، گوشار دەخرێتە سەری، هەمووان شێواز و ڕێکارەکانی گوشار و گۆشەگیری لەسەر ڕێبەر ئاپۆ دەزانن، کەس نییە نەزانێت، هاوپەیمان و دۆستانیشمان ئاگادارن، ئەو سیاسەتانە ئێستا لە هەموو جیهانەوە ناسراوە، لەو ڕۆژانەدا هاکان فیدان ڕایگەیاند، کە پوتین، ئەنجومەنی ئەوروپا و یەکێتی ئەوروپا ئاگاداری سیاسەتەکانیان، بە ڕوونی دەڵێن: ئەوانەی رەوایەتی بە کردەوەکانمان دەدەن یەکێتی ئەوروپا و دەوڵەتانی ئەوروپان، واتە ئەوانن فەرمان دەدەن، ئەمەش دەردەخەری ئەوەیە کە ئەوان هاوبەشی تاوانەکەن. بێگومان کاتێک ڕەخنە لە سیاسەتەکانی دەوڵەتی تورک دەگیرێت، پێویستە تێکۆشانێک لە دژی ئەنجام بدرێت. پێویستە لە دژی هەڵوێستی ئەنجومەنی ئەوروپا، سی پی تی و دەوڵەتانی ئەوروپا ناڕەزایی نیشان بدەن."

'کاتێک پرسەکە بوو بە ڕێبەرایەتی، زیندانییەکان ئەرک و بەرپرسیارێتی خۆیان بەجێگەیاند'

لە درێژەی قسەکانیدا مستەفا قەرەسوو هەڵسەنگاندنی بۆ مانگرتنی زیندانیان کرد، کە بۆ ئازادی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان بەردەوامە و ڕایگەیاند؛"کاتێک سەبارەت بە ڕێبەر ئاپۆ ڕۆژەڤێکی گرنگ هەبێت، لە پرسی ئازادیدا، پرسی گۆشەگیری، گوشار لەسەر ڕێبەر ئاپۆ دەبێتە ڕۆژەڤ، زیندانیان هەمووو کات خۆیان بەرپرسیار دەبینن و بەرپرسیارێتی خۆیان جێبەجێ دەکەن، بۆیە ناتوانرێت بگوترێ هەڤاڵانی زیندان بەرپرسیارێتی خۆیان بۆ تێکۆشان جێبەجێ ناکەن، هەرچەندە لە زیندانەکاندا چەکێک نییە، دەرفەت نییە، بەڵام بە توانەوەی جەستەیان هەڵوێستیان نیشان دەدەن."

قەرەسو ئاماژەی بەوەدا کە پێویستە بە ڕێزەوە پێشوازی لە بەرخۆدانی زیندانەکان بکرێت و وتی:"پێویستە بنەماڵەکان زیاتر خاوەنداری لە زیندانیەکانیان بکەن. نەک تەنها بنەماڵەکانیان، بەڵکو پێویستە جەماوەری کوردستان بە تەواوی پشتیوانی لە بەرخۆدانی زیندانیەکان بکەن."

'پێویستە هەموو کەسێک بەشداری لە هەڵمەتی ئازادی بۆ ڕێبەر ئاپۆ بکات'

مستەفا قەرەسو باسی لەوەشکرد، پێویستە گەلی کورد گرنگی بە ڕۆڵەکانی بدات لە زیندانەکان و بەو شێوەیە لە ڕاستی ڕێبەر ئاپۆ تێبگات و لە درێژەی قسەکانیدا وتی:"مرۆڤەکانی ناو زیندانەکان هەموویان تێگەیشتوون، خوێندەوارن، خۆیان پەروەردە کردووە و هەستی بەرپرسیارێتیان هەیە. ئەگەر ئەوان لەم ئاستەدا خاوەندارێتی لە ڕێبەرایەتی دەکەن، دەبێت هەموو گەلەکەمان خاوەندارێتی لە ڕێبەرایەتیان بکەن، بەبێ خاوەندارێتی لە ڕێبەرایەتی مافی ئازادی بەدی نایەت، گەلێک کە خاوەنداری لە ڕێبەرەکەی دەکات، دەتوانێت ئازادی خۆی بەدەست بهێنێت."

قەرەسو ڕایگەیاند کە پێویستە سەرەتا گەل، گەنجان، ژنان، دۆستان، هێزە دیمۆکراتیکەکان، بە بەشداریان هەڵمەتی ئازادیی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان بەهێز بکەن.

'ڕۆژی کتێب خوێندنەوە چالاکیەکی گرنگە'

مستەفا قەرەسو ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری کەجەکە ڕایگەیاند، ڕۆژی کتێبی عەبدوڵا ئۆجالان لە ١٠ی کانوونی یەکەم وەک ڕۆژێکی زۆر گرنگ ناوبرد و وتی:"سڵاو بۆ هەموو ئەو کەسانە دەنێرم کە هەڵمەتێکی لەو شێوەیەیان دەستپێکرد. کارێکی زۆر گرنگە. لە ڕاستیدا خوێندنەوەی کتێبەکانی ڕێبەر ئاپۆ و جێبەجێکردنی، واتە بڵاوکردنەوەی بیرۆکەی ڕزگاری مرۆڤایەتی، واتە دەبێت هەموو جیهان خاوەنداری لەم بیرۆکەیە بکات، واتە زانا کردنی مرۆڤایەتی، بە واتای ئەوەیە مرۆڤایەتی و چەوساوەکان، لە ئازادی نزیک دەبنەوە.

'سوپای تورک تەنانەت بە پشتیوانی پەدەکەش ناتوانێت بەرەو پێشەوە بچێت'

لە درێژەی قسەکانیدا، قەرەسوو هەڵسەنگاندنی بۆ ئەو شەڕە کرد کە لە ناوچەکانی گەریلادا هەیە و وتی: "شەڕی هەڕێمەکانی پاراستنی میدیا لە ٢١ی تشرینی یەکەمەوە بەردەوامە، دەوڵەتی تورک لە هەندێک ناوچەدا جێگیر بووە، لە هەندێک لوتکەدا خۆی جێگر کردووە. بۆیە گەریلا و دەوڵەتی تورک لە زۆر شوێن بەتایبەت لەسەر سنوورەکان ڕووبەروی یەک دەبنەوە و شەڕ دەکەن. شەڕ بەردەوامە. دەوڵەتی تورک سەرەڕای تەکنەلۆژیا و پاڵپشتی پەدەکە ناتوانێت پێشڕەوی بکات، پەدەکە بە هەموو شێوەیەک پشتیوانی لە دەوڵەتی تورک دەکات. بەهۆی ڕەفتارەکانی پەدەکە، گەریلا ناتوانێت بەو شێوەیەی کە خۆی دەیەوێت هەڵسوکەوت بکات و گورزی سەختتر لە دوژمن بدات، پەدەکە لە بەردەم ناردنی لوجستیک و پشتیوانی سەربازی بۆ گەریلا بەربەست دروست دەکات. واتا گەریلا لەوێ لەناو بارودۆخێکی سەختدا شەڕ دەکات، بە شێوەیەکی فیداییانە شەڕ دەکات و بە دڵنیاییەوە ڕێگە نادات دەوڵەتی تورک لەو ناوچەیە سەروەریی بەدەست بهێنێت. بەهیچ شێوەیەک دەوڵەتی تورک لەو ناوچانە سەروەریی بەدەست نەهێناوە. بەڵێ لە هەندێک ناوچە جێگیر بووە، بەڵام هەمیشە گورزی لێدەدرێت، ناتوانێت بخەوێت. بەردەوام بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی بۆمبهەڵگر و تەکنەلۆژیاکانی دیکەی ناوچەکان بۆردومان دەکات، لەسەر سنوورەکان بە هاوەن و ئۆبوس ناوچەکانمان تۆپ باران دەکات، بە فڕۆکە و هیلیکۆپتەر ناوچەکانمان بۆردومان دەکات. ئەو بۆمبانەی کە دەوڵەتی تورک بە سەر ناوچەکانی ئێمەدا دەیبارێنیت زۆر زیاترە لەو بۆمبانەی کە ئیسرائیل بەسەر غەززەدا دەیبارێنێت. ئەم دۆخە نابینرێت، ئەگینا ساڵانێکە دۆخەکە بەم شێوەیەیە. شاخەکان بۆردومان دەکات و دارستانەکان دەسوتێنێت. شەڕێکی بەم شێوەیە بەردەوامە.

لە بەرامبەر ئەم هێڕشانەشدا هەڤاڵانمان بە شێوەیەکی فیداییانە دەجەنگن. ئێمە دەتوانین بڵێین تەڤگەرەکەمان ٥٠  ساڵە تێکۆشانێکی فیداییانە بەڕێوە دەبات. ئەم تێکۆشانە لە بەرخۆدانی زیندانەکان دەستی پێکرد و تا ئێستاش بەردەوامە. ڕۆحی چالاکوانانی 'ئێوە ناتوانن ڕۆژەکەمان تاریک بکەن' ئەو ڕۆحەیە کە لە لایەن هەزاران فیداییمانەوە خۆلقێندراوە. ئەمانە هەمووی بوو بە یەک و گەیشت بەم سەردەمەی ئێستا. ئەو فیداکارییەی کە ئەمرۆ نیشان دەدرێت پەیوەستە بە ٥٠ ساڵ فیداکاری و لەسەر بنەمای ٥٠ ساڵەی تێکۆشان بەڕێوە دەچێت.

'کێشەکە بە ئایین پەرستی و نەتەوەپەرستی چارەسەر نابێت'

مستەفا قەرەسوو ئەندامی کۆنسەی بەڕێوەبەری کەجەکە شەڕی نێوان ئیسرائیل و فەلەستینی هەڵسەنگاند و وتی: "ئەم شەڕە چی نیشان دا؟ نیشانی دا کە کێشەکە بە ئایین پەرستی و نەتەوەپەرستی چارەسەر نابێت، بەڵی کێشەی جولەکەکان کێشەیەکی هەزاران ساڵەیە. چەندین جار دەربەدەرکراون، لە هەموو شوێنێکی جیهان بڵاوبوونەتەوە، کۆمەڵکوژ کراون، لە زۆر شوێنی جیهان ڕووبەروی جیاکاری بوونەتەوە، تێکۆشانیان کرد بۆ ئەوەی بتوانن لە خاکی فڵەستیندا جێگیر ببن، ئەمە لە تەوراتیشدا هەیە. واتا ئەو کێشەیە لە تەوراتیشدا هەیە. کێشەی جولەکەکان لەگەڵ فەڵەستینییەکان کاتێک دەستی پێکرد کە جولەکەکان تیکۆشانیان دەکرد بۆ ئەوەی لە فەڵەستیندا جێگیر ببن، تا ئێستاش بەردەوامە، بەڵام نابێت ئەو کێشەیە بۆ هەمیشە بەردەوام بێت. بە ڕەفتارێکی ڕاست و بە تێگەیشتنێکی زانستی دەبێت ئەم کێشەیە چارەسەر بکرێت.

قەرەسوو دەستنیشانی کرد کە لێرەدا ئیسرائیلیش کردەوەی نایاسایی ئەنجامدەدات و بەم شێوەیە درێژەی بە قسەکانیدا و وتی: "لە بەرامبەر ئەم نا حەقییەدا بەرخۆدانی گەلی فەڵەستین هەیە، بەڵام نابێت ئاراستەی ئەو بەرخۆدانەی گەلی فەڵەستین بگۆرێت بۆ شەڕێکی ئایین پەرستانە و کوشتنی خەڵکی مەدەنی، دەبینین کە ئێستا حەماس ئەم کارە ئەنجام دەدات. بەڵام بە دڵنیاییەوە ئەمەش نابێتە هۆکاری ئەوەی کە هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە بە ڕەوا ببینرێت. لێرەدا هێرش دەکرێتە سەر گەلێک، بۆیە بابەتێکە کە دەبێت بە زووترین کات چارەسەر بکرێت. ئێمە پێشتریش وتوومانە، بە چەمکی نەتەوەی دیموکراتیک کە ڕێبەر ئاپۆ دایناوە دەتوانرێت ئەم کێشەیە چارەسەر بکرێت، بە دانپێدانان بۆ هەبوونی یەک دەتوانرێت ئەم کێشەیە چارەسەر بکرێت".

'ئیسرائیل ئەو شتانەی کە تورکیا دەیکات، ئەنجامی دەدات'

مستەفا قەرەسوو ئەندامی کۆنسەی بەڕێوەبەری کەجەکە ڕایگەیاند کە گەل و هێزە دیموکراتیکەکان لە بەرامبەر هێرشەکانی ئیسرائیلدا دەوەستن و وتی: "ئیسرائیل ناتوانێت بەم شێوەیە بەردەوام بێت، نەتەوە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانیشی پشتیوانی لێناکەن. بە دڵنیاییەوە چارەسەرکردنی کێشەی فەڵەستین و ئیسرائیل زۆر گرنگە، بەڵام کێشەی کوردیش هەیە. تا کێشەی کورد چارەسەر نەکرێت ئارامی و ئاشتی ناگەڕێتەوە بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. بەڵام کاتێک ئەم دوو پرسە بنەڕەتییە کێشەی ئیسرائیل و فەڵەستین، کێشەی ئازادیی کورد چارەسەرکرا و دان بە مافەکان و هەبوونیان نرا، ئەوکات ئاشتیی و دیموکراسیی ڕاستەقینە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دروست دەبێت.

ئیسرائیل چی بکات دەولەتی تورکیش هەمان کار ئەنجام دەدات. لە ڕاستییدا ئیسرائیل کردەوەکانی دەوڵەتی تورک ئەنجام دەدات. باوەڕی بە دەوڵەتی تورک هەیە. چەند ڕۆژ پێش ئیستا وتیان، ئیسرائیل تونێلەکان پڕ دەکات لە ئاو. دەوڵەتی تورک ئێستا ئەم کارە دەکات. هەوڵ دەدات تونێلەکان هەڵبوەشێنێت. گازی کیمیایی بەکاردەهێنێت. دوای ئەوە غازی تایەی سوتاو دەخاتە ناو تونێلەکان. ئیسرائیلیش ئێستا ئەو کارە دەکات. دەوڵەتی تورک هەڵدەستێت و دادەنیشێت دەڵێت ئیسرائیل فڵان کاری کرد، کۆمەڵکوژیی کرد، جینۆسایدی کرد، نابێت قبوڵ بکرێت. بەڵێ وادەڵێت، بەڵام دەوڵەتی تورک بگرە خۆشی زۆر خراپتر لە ئیسرائیل ئەم کارانە ئەنجام دەدات. پێش ئەوەی شەڕی نێوان ئیسرائیل و حەماس دەستپێبکات، هاکان فیدان چی وت؟ وتی: ژێرخانی وزە لەناو دەبەین. ئەمە چییە؟ واتا ژێرخانەکان لەناو دەبەم، دەرفەتەکانی ژیان لەناودەبەم. تۆ ئەمەت وت کە چی ئێستا هاوار هاوارتە و دەڵێی ئیسرائیل کۆمەڵکوژی ئەنجامدەدات. هەوڵ دەدات کارەکانی خۆی بشارێتەوە. بەڵام کەس باوەڕی پێناکات. بەڵێ دەوڵەتێکی تر، وڵاتێکی تر مافی ئەوەی هەیە کە ئەم قسانە بکات بەلام دەوڵەتی تورک مافی ئەوەی نییە. هەموو ئەو شتانەی کە دەیڵێن خۆشیان لەوە خراپتر ئەنجامدەدەن. ژمارەی خەڵکی ڕۆژئاوا چەندە؟ نزیکەی ٥ ملیۆن مرۆڤ لە ڕۆژئاوادا دەژین. لە نیویۆرک و لە نەتەوە یەکگرتووەکانیش نەخشەی ڕۆژئاوای نیشاندا و وتی: ڕۆژئاوا لەناو دەبەم. ئەگەر کەسێک کەسێکی تر لە شوێنی خۆی دەربکات ئایا ئەمە کوشتن نییە؟ تۆ بە شێوەیەکی ئاشکرا ئەم کارە ئەنجام دەدەی.

دەوڵەتی تورک هیچ بەهایەکی مرۆیی نییە. گوایە ویستی ببێت بە ناوبژیوانی ئاڵوگۆڕی دیلەکان. ئێمە دوو بەرپرسی میتمان لایە. بۆ یەک جاریش هەواڵیان ناپرسێت. ناڵێت لە بەرامبەر ١٠ زیندانی نەخۆش، ١٥ زیندانی نەخۆش، ئەوان ئازاد بکە، ئینسانی هەرە گرنگن لەناویاندا. بۆیە نابێت قسەکانی دەوڵەتی تورک لە شەڕی نێوان ئیسرائیل و حەماسدا لە بەر چاو بگیرێت و بە گرنگ بزانرێت. بۆ ئەوەی دەموچاوی ڕاستەقینەی دەرنەکەوێت و ماسکەکەی نەکەوێت دەست دەکات بە بۆڵە بۆڵ کردن و دەقیژێنێت. ئیسرائیل ئەوەی کە ئەنجامی دەدات ئاشکرای دەکات و بە گەل دەڵێت، بەڵام قسەکانی تورکیا بۆ شاردنەوەی ڕاستیەکانی خۆیەتی. تورکیا بیر لە ئیسرائیل، غەززە و حەماس ناکاتەوە، تاکە شتێک کە تورکیا بیری لێدەکاتەوە کوشتنی کوردە. نە لایەنگری فڵەستینییەکانە و نە لایەنگری گەلی عەرەبە. ڕۆژێک دێت کە زیاتر لە ئیسرائیلییەکان دوژمنایەتی فەڵەستینییەکان دەکات. دەوڵەتی تورک دەوڵەتێکی بەو شێوەیەیە و هیچ پێوەرێکی ئینسانیی و ئەخلاقیی نییە".