موراد قەرەیلان ئەندامی کۆمیتەی بەڕێوەبەری پەکەکە وڵامی پرسیارەکانی رادیۆی دەنگی وڵاتی دایەوە.
پ/ لە چوارچێوەی هەنگاوی 'بەسە بۆ گۆشەگیری، فاشیزم و داگیرکەر، کاتی ئازادیە" چالاکی ئەنجام دەدرێن. زۆر لایەن هەڵویستی خۆیان ئاشکرا کرد. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا دەوڵەتی تورک تا ئێستاش لە سیستمی گۆشەگیریدا پێداگری دەکات. هۆکارەکەی چییە؟
قەرەیلان/ ئێمە تا ئێستا بە شێوەیەکی پێویست نەمانتوانیوە راستی ئیمڕالی و راستی ڕێبەرتی بە رای گشتی ئاشنا بکەین. رای گشتی بە شێوەیەکی راستی لە ئیمڕالی تێنەگەیشتووە. بێگۆمان ئەم پرسە جێی رەخنەیە بۆ ئێمە. ٢٢ ساڵ تێپەڕی، تا ئێستاش کە سەیری دەکەین رای گشتی بە شێوەیەکی راست لە سیستمی ئیمڕالی تێنەگەیشتووە. ئەمەش کەموکورتی ئێمەیە. سیستمی ئیمڕالی سیتمێکی وایە کە مافی مرۆڤ، دادپەروەری و یاساکان پێشێل دەکات. سیستمی ئەشکەنجەی دەروونیە کە بە شێوەیەکی نادادپەروەرانە بەڕێوەدەبرێت. فاشیزمە. ڕاستی ئەمەیە. رژێمی ئاکەپە و مەهەپەی فاشیت سیستمی ئیمڕالیان هەنگاو بەهەنگاو لە هەموو زیندانەکان و وڵات جێبەجێ کرد. دەیانەویت لە هەموو گۆشەیەکی تورکیاش جێبەجێی بکەن. ئەمڕۆ کەس ناتوانێت بانگەشەی ئەوە بکات کە لە زیندانەکانی تورکیا، لە هەموو وڵات یاسا و ماف هەیە، دادپەروەری هەیە، یان یەکسانی هەیە. شتێکی بەم شێوەیە نییە.
ئەو کردەوانەی لە ئیمڕالی ئەنجام دەدرێن، ئەمڕۆ لە هەموو کوردستان و تورکیا جێبەجێدەکرێن. سیستمی ئیمڕالی بۆ تورکیا سیستمێکی دژە دیموکرات و ڕژێمی فاشیستە. رووی سیستم لە تورکیا بەم شێوەیەیە. لە کوردستانیش بە شێوەی قڕکردن و فاشیزم خۆی پیشان دەکات. کوشتنی گەلی کوردە. ئەو کردەوانەی لە ئیمڕالی ئۆرگانیزەدەکرێن وەک ناوکێک وایە و ئەو ناوکە لە کوردستان و تورکیا دەچێنرێت. تا سیستمی ئەشکەنجە ئیمڕالی پارچە نەکرێت، دیموکراسی، دادپەروەری و ماف و یاسا لە تورکیا جێبەجێ ناکرێت. ئێمە ناتوانین ئەم راستیە بە تەواوی بە رای گشتی تورکیا تێبگەیەنین.
پێویستە بزانرێت تا سیستمی ئەشکەنجەی دەروونی ئیمڕالی لەناونەبرێت، ئاشتی، ئازادی و یەکسانی لە کوردستان مسۆگەر نابێت. سیستمی ئیمڕالی رژێمێکی شەڕی تایبەتە و سیستمی قڕکردنە کە لەسەر گەلی کورد بەڕێوەدەبرێت. ناوەڕۆکی سیستمەکە بەم شێوەیەیە.
تا سیستمی ئیمڕالی هەبێت، شەڕیش دەبێت، ئاشتی نابێت. تا شەڕ هەبێت، کردەوەکانی دژە مرۆڤایەتی و فاشیزمی دەوڵەتی تورک بەردەوام دەبێت، لەناو ناچێت. لەبەرئەوەش هێزە دیموکرات و ئازادیخوازەکان بەر لە هەموو شتێک پێویستە لەدژی سیستمی ئەشکەنجەی ئیمڕالی تێبکۆشین. پێویستە هەموو کەسێک لەبەرانبەری بوەستێتەوە کە لە تورکیا ڕێگا بۆ دادپەروەری و دیموکراسی خۆش بکرێت. لە تورکیا عەقڵیەتێکی بەم شێوەیەی قڕکەر و فاشیست کە هیچ پەیوەندیەکی بە مرۆڤایەتیەوە نییە هەیە، لە سەر بناغەی سیستمی ئەشکەنجەی ئیمڕالی بووە بە دەسەڵاتدار. بۆیەش بۆ تێکبردنی سیستمی فاشیست و قڕکەر بەر لە هەموو شتێک پێویستە سیستمی ئیمڕالی هەڵبوەشێنرێتەوە.
پێویستە ڕێبەر ئاپۆ ئازاد ببێت. ڕێبەری گەلێکە و تا ڕێبەری ئەم گەلەکە لە دەستی داگیرکەراندابێت، کۆمەڵگای کوردیش دیل دەبێت، سیاسەتی قڕکەر و زۆردەست لەسەر گەلی کورد دەمێنێت. بۆیەش بۆ ئازادی ئەم گەلە بەر لە هەموو شتێک پێویستە سیستمی ئەشکەنجەی ئیمڕالی لەناوببرێت و ڕێبەر ئاپۆ ئازاد بکرێت. ئەوە پێکەوە گرێدراوە و لەیەک دانابڕێت. هەندێک کەس ئەوە لەیەکتری دادەبڕێنن، بەڵام ئەوە ڕاست نییە. ڕێبەر ئاپۆ ئێستا لە ئیمڕالی لەدژی ئەشکەنجە بەرخۆدان دەکات. بۆچی بەرخۆدان دەکات؟ بۆ مافی گەلی کورد بەرخۆدان دەکات. بۆ ئازادی و دیموکراسی بەرخۆدان دەکات. کە هەنگاو بەرەو دواوە نانێت، کە لە مافەکانی گەلی کورد هەنگاو بەرەوە دواوە نانێت، بە واتای ئەوە دێت کە لە پێوانەکانی ئازادی و دیموکراسیدا هەنگاو بەرەو دواوە نانێت. ئەمە هەڵوێستێکی شۆرشگێریە، هەڵویستێکە کە نوێنەرایەتی گەلەکەی و گەلان دەکات. لەدژی ئەمەش سیستمی ئەشکەنجە بەردەوامە، لە هەموو کوردستان و تورکیا هەوڵی جێبەجێکردنی ئەم سیستمە دەدەن.
لە چوارچێوەی هەنگاوەکەدا تا ئاستێک چالاکی ئەنجامدران. هەم لە گۆڕەپانی نێودەوڵەتی هەم لە کوردستان گەیشتە ئاستێک، بەڵام لە ئاستی چاوەڕوانکراودا نییە، پێویستە زیاتر فراوان بکرێت. سەرەتا لە باکووری کوردستان لە هەموو پارچەکانی کوردستان و دەرەوەی وڵات پێویستە کۆمەڵگای کوردی ئەم کێشەیە وەک کێشەی سەرەکی ببینێت، لەبەرئەوە کە داهاتووی ئەم گەلە بەوەوە بەستراوەتەوە. ئەمڕۆ داهاتووی گەلەکەمان لە مەترسیدایە. پێویستە بزانرێت. ئەم سیاسەتە فاشیستە قڕکەرە دەیەوێت گەلەکەمان لەناوببات. پلانی سەردانەواندن بەردەوامی پلانی شار ئیسلاحە. دەیانەویت گەلەکەمان لەناوببەن. مەترسیەک بەم ئەندازەیە گەورەیە لەبەرانبەر گەلەکەمان هەیە. ڕێبەری ئاپۆ ئەمە دەزانێت، بۆیەش هەڵوێستی هەیە. گەلەکەمان پێویستە بە شێوەیەکی گشتی ئەم راستیە بزانێت و زیاتر چالاکی ئەنجام بدات.
هێڵی کۆمەڵگای دیموکراتیکی ئیکۆلۆژی کە پشت بە ئازادی ژن دەبەستێت، لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهان دەنگی داوەتەوە. نوێنەرایەتی مۆدێرنیتەی دیموکراتیک دەکات. بۆیەش تا ئاستێک لە گۆڕەپانی نێودەوڵەتی پشتگیری لێدەکرێت. بەڵام ئەگەر ئێمە بە باشی باسی هێزی ڕێبەر ئاپۆمان بکردایە و باشتر شیمان بکردایە، خاوەنداریکردنی گەلانی جیهان زیاتر دەبوو. بۆ نمونە ئێستا سەندیکاکانی بەریتانیا کە بە ملیۆنان ئەنجامیان هەیە خاوەنداری دەکەن. پێویست بوو لە هەموو ئەوروپا، ئەمریکا لاتین، ئەفریقا و ئاسیا بەو شێوەیە ببوایە. واتە وەک وتم لەم ڕووەوە کەموکورتیمان هەیە. هەوڵدان هەیە، بەڵام لە ئاستێکی چاوەڕوانکراودا نییە. بەڵام ئێمە دەزانین، چۆن کەموکورتیەکان چارەسەر بکەین، تا چەند بتوانین راستی ڕێبەر ئاپۆ بە جیهان بناسێنین و بەو ئەندازەیەش خاوەنداریی لێدەکەن. لەبەرئەوەی ڕێبەر ئاپۆ دیلێک نییە لە دەستی نەتەوە – دەوڵەتدا، دیلێکی نێونەتەوەییە. هێزە نێونەتەوەییەکان ئەویان دەستگیر کرد و لە هەمانکاتدا ئەو سیستمە بەرپرسیارە. لە گۆڕەپانی نێودەوڵەتی تا چ ئەندازەیەک بتوانین ڕێبازی ئەنجامگیر بکەینە ڕۆژەڤ، بەو ئەندازەیە دەتوانین خاوەنداریکردن بەدەست بهێنین. لەم رووەوە هەندێک هەنگاو هەیە و ئەوەش هیوامان پێدەبەخشێت.
پ/ دەوڵەتی تورک بە شێوەیەکی قوڕس زیندانیان ئەشکەنجە دەدات. هەموو رۆژێک زیندانیان گیان لەدەست دەدەن. لەم دواییانەدا سدقی بەرکتاش گیانی لەدەستدا. لەم رووەوە ئێوە چۆن بیر دەکەنەوە؟
قەرەیلان/ لە سەرەتادا یادی دوایین شەهیدی زیندان هاوڕێ سدقی بەرکتاش دەکەمەوە، بەڕێزەوە لەبەرانبەر بیرەوەریەکانیدا سەرم دادەنەوێنم. لە کەسایەتی شەهید سدقیدا بەڵێنمان لەگەڵ شەهیدان دووبارە دەکەینەوە. سەرەخۆشی خۆم ئاڕاستەی خانەوادەی بەشەرەفی شەهید سدقی بەرکتاش دەکەم. هاوڕێ سدقی شەهیدی دووەمی خانەوادەکەمانە. هەروەها سەرەخۆشی خۆم ئاڕاستەی هەموو گەلی کوردستان دەکەم. هاوڕێ سدقی ٢٨ سال لە زینداندا بەرخۆدانی کرد. ئەوە بە تەنها مێژوویەکە. شتێکی ئاسایی نییە. بەرخۆدانی هاوڕێ سدقی بۆ هەموو گەلی کورد سەرفرازیە. لەبەرانبەر دوژمن هەنگاوی بەرەوە دواوە نەنا. بەرخۆدانی کرد و دوژمنیش بە شێوەیەکی نامرۆڤانە جووڵایەوە، چارەسەری نەخۆشیەکەیان نەکرد و بەم شێوەیە شەهید بوو. بێگۆمان ئەوە مردنێکی ئاسایی نییە. بەر لە هەموو شتێک ئەم جۆرە کەسایەتیانە، کەسایەتی ئاسایی نین. کەسێک ٢٨ ساڵ بە متمانەوە بە دڵسۆزی ماوەتەوە، لەم ڕێگایەدا هەموو شتێک لەبەرچاو دەگرێت و گیانی خۆی بەخت دەکات! لەوە زیاتر هیچ شتێکی تر نییە، لەوە گەورەتر هیچ شتێک نییە. بۆیەش خانەوادەی سدقی و گەلی کورد پێوستە بەهۆی ئەوەی کەسانی وەک هاوڕێ سدقیان هەیە، تا کۆتایی سەرفرازبن.
دقی بەرکتاش ٢٨ سال لە زیندان لەدژی فاشیزمی دەوڵەتی تورک خۆی رادەست نەکرد و بەرخۆدانی کرد. عەگید جڤیان ٢٦ سال لە چیاکانی کوردستان بە هەمان شێوە بەرخۆدانی کرد و شەڕی کرد، داستانی تۆمار کرد و بەم شێوەیە شەهید بوو. گەنجانی کورد، پێشەنگەکانی گەلی کورد، شۆرشگێرانی کوردستان ئەمڕۆ بەرخۆدان دەکەن. لە بەرانبەر ئەم سیستمە داگیرکەر و قڕکەرە سەریان دانانەوێنن. بە شێوەیەکی سەربەرزانە بەرخۆدان دەکەن و گیانیان بەخت دەکەن. ئەمەش بۆ مرۆڤایەتی شتێکی زۆر گەورەیە. واتە بۆ ئەوەی خاوەنداری لە مرۆڤایەتی بکەن، بۆ ئەوەی ببنە خاوەن هەڵوێستێکی بەشەرەف شتێکی زۆر پیرۆزە. لەبەرانبەر ئەمەش ئەوانەی زوڵم و دڕندەیی ئەنجام دەدەن، نامەردن و دوورن لە بەها مرۆڤایەتیەکان.
سەرج بدەن: ژنە شۆڕشگێرێک، سەمیرە دیرەکچی. ٢٣ ساڵ بە شێوەیەکی شەرەفمەندانە لە زیندان مایەوە. لە زیندانی ئامەدە. تووشی کێشەی تەندروستی بوو، نەشتەرگەریان بۆکرد و ڕیخوڵەکانی لە دەرەوەن. ڕێگا بەوە نادەن چارەسەری بۆ بکرێت و بەم شێوەیە دەژی. ئایا لەمە دڕندانەتر هەیە؟ مرۆڤێک هەیە پێویستی بە چارەسەریە، ڕیخوڵەکانی لە دەرەوەن، بەڵام رێگا نادرێت چارەسەری بۆ بکرێت. میلیتانێکی شۆڕشگێری ژنە. بێگۆمان بۆ شەرەف دەژی. ئەگەر سەردانەوێنێت، بەم شێوەیە رەفتاریان لەگەڵدا نەدەکرد. ئەو بەرخۆدان دەکات، بۆیەش بەم شێوەیە مامەڵەی لەگەڵ دەکەن.
لە چیاکانی کوردستان، لەسەر ئەم خاکە، لە زیندانەکانی کوردستان و تورکیا ئەم جۆرە شۆڕشگێرانە بە گیانی خۆیان شەرەفی مرۆڤایەتی دەپارێزن، لەدژی ئەشکەنجە و خوڵم سەریان دانانەوێنن و نوێنەرایەتی مرۆڤایەتی دەکەن. لە بەرانبەر ئەوەش پاسەوانەکانی ئەردۆغان، بێبەزەییەکان، بێویژدانەکان و بێشەرەفەکان ئەشکەنجەیان دەدەن. ویژدان، ئایین و کەرامەتیان نییە. ئەگەر ئەردۆغانیش هەیبووایە، ئەم زوڵمەیان لە زیندانیەکان نەدەکرد. ڕێگای بەم زوڵمە نەدەدا، بەڵام ئەوان خاوەنی شەرەفی مرۆڤایەتی نین. بۆ ئەوان دەسەڵات هەموو شتێکە. دەسەڵات مەرجە، پارە مەرجە، بەرژەوەندی مەرجە. کێ دەمرێت و کێ دەمێنێت، بۆ ئەوان گرنگ نییە.
بە کورتی لە زیندانەکان زوڵم هەیە و لە بەرانبەر ئەم زوڵمەش بەرخۆدانێکی پیرۆز هەیە. ئێمە لەم ڕێگایەدا شەهید دەدەین. بێگۆمان شەهیدەکانمان بە بەرخۆدان و هەڵویستی خۆیان دەبنە سمبوڵی تێکۆشانی ئازادی کوردستان. ئێمە بە خەیاڵەکانمان دەگەین، تۆڵەیان لە دوژمن دەکەینەوە و حساب لە دوژمن دەپرسین. لەسەر ئەم بناغەیە تێکۆشانمان بەهێز دەکەین.
سەرنج بدەن، ئاکەپە و مەهەپە، مافیا، دزو بکوژەکانیان لە زیندان ئازاد کرد. لە زیندانەکان بە تەنها زیندانی سیاسی ماون. واتە سۆسیالیستە شۆڕشگێرەکانی تورکیا، شۆڕشگێرەکانی تێکۆشانی ئازادی کوردستان لە زینداندا مانەوە. ئێستاش بە فشار و ئەشکەنجە و بە ڤایرۆسی کۆرۆنا دەیانەوێت لەناویان ببەن. زانیاریمان پێدەگەن، لە زیندانەکان کۆرۆنا بڵاوبوەتەوە. ڕێوشوێن نەگیراوەتەبەر. ئارمانجیان قڕکردنە. واتە تەسفیەکردنی هەندێک کەسە و ئەوانەی دەمێنن هەوڵ دەدەن کۆنترۆڵیان بکەن و تەسلیمیان بکەن. پێویستە لەبیرنەکرێت کە لەم دۆزەدا تەسلیمیەت نییە. هەر وەک چۆن تا ئێستا کەس خۆی ڕادەست نەکرد، لە ئیستاش بەدواوە کەس خۆی رادەست ناکات. عەقڵیەتیان بەم شێوەیەیە و لەوەدا پێداگیری دەکەن. بەرخۆدانی زیندانەکان لەدژی فاشیزم بە قاڕەمانێتی بەڕێوەدەبرێت. بەڕێزەوە سڵاوی خۆم بۆ هەڤاڵانی زیندان دەنێرم و هیوای سەرکەوتنیان بۆ دەخوازم. بێگۆمان وەک ئەوانەی دەرەوە، بۆ ئەوەی بتوانن وڵامی بەرخۆدانیان بدەینەوە، ئەرکی سەرشانی خۆمان جێبەجێ دەکەین.
تەڤگەری ئازادی ئەمڕۆ بە پێشەنگایەتی ڕێبەر ئاپۆ لە زیندانەکاندا بەرخۆدان دەکات. لە زیندانەکانی ئاپۆییەکان بەرخۆدان دەکەن. لە چیا، دەشت، شار، کۆڵانەکانی کوردستان، لە وڵات و دەرەوەی وڵات تەڤگەری ئاپۆیی بەرخۆدان دەکات، شەڕێکی مێژوویی بەڕێوەدەبات. لەدژی زوڵم بەرخۆدانی مرۆڤایەتی فراوان دەکرێت. هەموو ڕۆژێک، زیاتر گرنگ دەبێت. لەم کاتەدا تێکۆشان فراوانتر بووە. بۆیەش تێکۆشانمان لە سەردەمێکی مێژووییدایە. لەم سەردەمە مێژووییەدا لە چیا، دەشت، شارەکانی کوردستان و لە زیندانەکاندا بەرخۆدان بەردەوامە. قەڵای زوڵم لە لێواری ڕووخاندایە. قەڵای زوڵم ئەمڕۆ لاواز بووە. شەپۆلی شۆرشگێری بەهێز بووە. لەم قۆناغەدا پێویستە هەموو کەسیک لە هەرکوێ بێت بەرپرسیاری خۆی جێبەجێ بکات، رۆڵی خۆی بگێڕێت، لەسەر هێڵی ڕێبەر ئاپۆ و لەسەر ڕێچکەی شەهیدە قاڕەمانەککانمان بێدوودڵی خەبات بکات. بە شێوەیەکی خوڵقێنەر و بوێر ئەرکەکانیان جێبەجێ بکەن. ئەگەر هەموو کەسێک بەم شێوەیە خاوەنداری لە بەرپرسیارەکانی بکات، لەم بڕوایەداین کە سەرکەوتنێکی گەورە بەدەست دەهێنرێت.
ف.ق