ئەندامی کۆمیتەی بەڕێوەبەری پەکەکە موراد قەرەیلان دەستنیشانی کرد کە گەلی کورد لەم هەڵبژاردنەدا ئیرادەی یەکلاکەرەویە و وتی، "لە گۆڕەپانی سیاسەت لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش خاوەن ئیرادەیە، لە سەرپێیە. ئەوەی کەوتووەتە ناو قەیران و لەلێواری لەناوچوونە دوژمنە. وەک دەبینرێت ناتوانن گەلی کورد لەناو ببەن. ئەو بازنەیەی قڕکردن کە بە سەر کورددا سەپێندراوە، پساوە. بە بەرخودان تاکە رێگە دەستنیشانکراوە، ئەویش رێگەی چارەسەرییە".
ئەندامی کۆمیتەی بەڕێوەبەری پەکەکە موراد قەرەیلان بەشداری بەرنامەی تایبەت'ی ستێرک تی ڤی کرد. دەقی چاوپێکەوتنەکە بەم جۆرەیە:
بۆیە سەرەتا پیرۆزبایی نەورۆز لە ڕێبەر ئاپۆ دەکەم و بەبۆنەی جەژنی نەورۆزەوە سڵاوی خۆم پێشکەش دەکەم. هەروەها پیرۆزبایی جەژنی نەورۆز لە دایکانی شەهیدان دەکەم. پیرۆزبایی نەورۆز لە هەموو هاوڕێیان، خەباتکاران، گەلی کوردستان و گەلانی ناوچەکە دەکەم، کە باوەڕیان بە نەورۆز هەیە. یادی شەهیدە قارەمانەکانمان دەکەمەوە، کە نەورۆزیان بە بەرخۆدان و خوێنی خۆیان ڕازاندەوە، لە کەسایەتی کاوەی هاوچەرخ دا مەزڵوم دۆغان دا، ئەو بەڵێنەی بەوانمان داوە دووبارەی دەکەمەوە. ئێمە ئەو ئاڵایە، کە ئەوان ڕادەستی ئێمەیان کردووە بە شکاوەیی بەرز ڕادەگرین و تێکۆشانەکەیان سەردەخەین. ئێمە تا دوا هەناسەمان بەو بەڵێنەمان وەفادار دەبین و لە تێکۆشانی ئازادیی کوردستان و ڕێبەر ئاپۆدا یادیان دەکەینەوە.
نەورۆز بۆ ئێمە، بۆ گەلەکەمان و بۆ ئەو گەلانەی باوەڕیان بەم کولتورە هەیە، زۆر مانادارە. واتە ئەمە تەنها ڕۆژێکی پیرۆزکردن و ئاهەنگگێڕان نییە. ئەوەتا بوومەلەرزەیەک ڕوویدا، زۆر کەس لە خەڵکەکەمان گیانیان لەدەستدا. ئێستا لە کوردستان ماتەمینی هەیە، بۆ ئەوەش دامودەزگا دیموکراتییەکانی کورد بڕیاریان داوە، کە نەک بە ئاهەنگگێڕان، بەڵکو بە شێوەی خاوەنداریکردن لە قوربانیانی بوومەلەرزەکە و یادی ئەو کەسانەی گیانیان لەدەستداوە، پێشوازی لە نەورۆز بکەن. ئەمە شتێکی گونجاوە. هەر خۆی نەورۆز بۆخۆی تەنها ئاهەنگ و شایی نییە، وەک پێشتر وتم، نەورۆز لە بنچینەدا بەرزکردنەوەی بەرخۆدانە، گەشکردنی ئاگری بەرهەڵستی و بەرخودانە. ڕۆژی خاوەنداریکردن لە ڕۆحی بزووتنەوەی میدیا و کاوەیە. ڕۆحی بەرخۆدانە، ڕۆحی سەرکەوتنە، ڕۆحی یەکێتییە، تێکۆشانە. لەو کاتەدا واتە ڕۆژی بڵندکردنی بەرخۆدان، تێکۆشان و یەکێتییە. چونکە نەورۆز تەنیا بە یەکڕیزییەوە نەورۆزە. واتە بە تێکۆشانی نەورۆز بزووتنەوەی میدیا سەرکەوت.
بۆیە پێویست ناکات نەورۆز تەنها بە هەڵپەڕکێ و شایی پیرۆز بکرێت. بێگومان جەژنی نەورۆز پیرۆز دەکرێت و ماناکەشی ئەوەیە، کە خاوەنداریکردنە لە یەکتر و هاوکاریکردنی یەکترە. بۆ نموونە دەبێت ئێمە لە نەورۆزدا زیاتر و باشتر خاوەنداری لە قوربانیانی بوومەلەرزەکە بکەین، بەڵام لە هەمان کاتیشدا ئێمە نەورۆز بە بەهێزی پیرۆز دەکەین. من لێرەدا داوا لە کەسێک لە کوردستان و لە دەرەوەی وڵات دەکەم، داوا لە دۆستانی کورد و دیموکراتەکان دەکەم، زۆر بە بەهێزی بەشداری لە نەورۆزی ٢٠٢٣ بکەن. بۆچی، یەکەم؛ بەهۆی بومەلەرزەکەوە خاوەنداریکردنە. دووەم؛ دەبێت ئێمە گەل و هێزە دیموکراسیخوازەکان خۆمان زیاتر بکەینە خاوەن هێز و ئیرادە.
بابەتێکی تری گرنگ ئەوەیە، پرۆسەی داهاتوو زۆر گرنگە. پرۆسەکە لە زۆر ڕووەوە بۆ ئێمە گرینگە. یەکەم؛ تورکیا دەچێتە ناو پرۆسەی هەڵبژاردنەوە. بێگومان ئەم هەڵبژاردنەش بۆ گەلی کوردستان گرنگە. گەلی کورد خۆی لەم هەڵبژاردنانەدا ئیرادەی خۆی نیشان دەدات و ئەنجامی ئەم هەڵبژاردنەش لەلایەن گەلی کوردەوە دیاری دەکرێت. ئەمە شتێکی زۆر مانادار و گرینگە. دووەم، تێکۆشانی ئێمە لە بنەڕەتدا لە ساڵی ٢٠٢٣ دا چووە ناو پرۆسەیەکی گرنگ و مێژووییەوە. بۆچی؟ چونکا دەوڵەتی داگیرکەر و پاکتاوکار لە ماوەی ٨ ساڵی ڕابردوودا بۆ ئەوەی بزووتنەوەی ئازادی لە کوردستان پاکتاو بکات، بە تەواوی دەسکەوتەکانی گەلی کورد لەناو ببات و لە کوردستاندا سیاسەتی جینۆساید و پاکتاوکردن و سڕینەوە زاڵ بکات، شەڕێکی بەرفراوانی لە دژی ئێمە بەرپا کرد. بە چەکی پێشکەوتوی هاوچەرخەوە، بە چەکی کیمیایی، بە بۆمبی ئەتۆمی تاکتیکی، بە فڕۆکە و هەموو جۆرە چەکێک شەڕ دەکات و دەیانەوێت ئەمساڵ، یانی لە ١٠٠هەمین ساڵی لۆزاندا سەرکەوتن لە دژی گەلی کورد ڕابگەیەنن. باشە مەگەر ئەوە هەموو پرۆژەکانیان نەبوو؟ هەمیشە دەیانگوت، '٢٠٢٣, ٢٠٢٣' . دەیانوت؛ ١٠٠هەمین ساڵی کۆمار، لە هەمان کاتیشدا ١٠٠هەمین ساڵی لۆزانە. دەیانوت: 'ئێمە لەم ١٠٠ ساڵەیەدا هەموو دەستکەوتەکانی کورد لەناودەبەین و سەرکەوتنی خۆمان ڕادەگەیەنین'.
بەڵام نەیانتوانی سەربکەون. هەڵوێستی ڕێبەر ئاپۆ لە ئیمرالی، کە بە شێوەیەکی زۆر واتادار ئەنجامیداوە، بەرخودانی گەریلا لە ماوەی ئەم ٣ ساڵەی ڕابردوودا لە حەفتانین، مەتینا، زاپ و ئاڤاشین گەیشتە ئاستێکی مێژوویی، هەروەها هەڵوێستی سیاسەتمەدارانی کورد، سیاسەتمەدارانی دیموکراتیک - چەپ لە تورکیا لەبەرامبەر هێرشە فاشیستییەکان، بەرخودانی گەلەکەمان لە گۆڕەپانەکان و بەرخودان لە زیندانەکاندا نەیهێشت، کە ئامانجەکەی ئەوان بەدی بێت. دەبێت گەورەترین هێرش لەسەر ئیمراڵی بووبێت؛ هەروەها دژی گەریلا بوو، هەم ئیمراڵی و هەم گەریلا ئیرادەیان نیشاندا، بەڵام هێزە دیموکراسیخوازەکان، گەلی کورد و وڵاتپارێزان، هەموویان لە دەوری ئەو ئیرادەیە کۆبوونەوە. واتە ئیرادەیەک نیشاندرا و ڕێگریی لە سەرکەوتنی پلانی پاکتاوکردن - داگیرکەری کرد.
ئێمە ئێستا لەم خاڵەداین، واتە دەوڵەتی تورک بە پێشەنگایەتیی ئاکەپە - مەهەپە ویستی ئەمساڵ بکاتە ئەو ساڵە، کە ئێمە بکەن بە ژێر گڵەوە و سەرکەوتنی خۆی ڕابگەیەنن، بەڵام نەیتوانی ئەوە بکەن. ڕاستە، ئێمە قوربانیمان دا و ئەوە ئاسان نەبوو. لەم بەرخۆدانە مێژووییەدا چەندین قارەمانی مەزن شەهید بوون. ئێمەش ئێستا بیر لەوە دەکەینەوە، کە چۆن دەتوانین خاوەنداری لە بەرهەمی ئەم پاڵەوانانە بکەین. ئەو مرۆڤ هێژا و بەنرخانە وەک ئەوەی لە هەڤاڵان سارا و ڕوکەن دا بینرا، بە ڕۆحیەتێکی فیداییانە پێشەنگایەتییان بۆ ئەم بەرخۆدانە مێژووییە کرد، لەسەر بنەمای خوێنی هەڤاڵانمان گەلەکەمان گەیشتە ئەم ئەنجامە و ئیرادەی خۆیان پاراست. لەبەر ئەوە سەیر بکەن، گەلی کورد لە هەڵبژاردنیشدا خاوەنی ئیرادەیە، لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە گۆڕەپانی سیاسەتیشدا گەلی کورد خاوەنی ئیرادەیە و لەسەر پێیە. ئەوەی شکستی هێنا و کەوتە قەیران و گەیشتە ئاستی تێکشکانی تەواوەتی، سیاسەتی جینۆساید و پاکتاوکارییە، دوژمنە. واتە وەک ئەوەی لەم بەرخۆدانەدا بینرا، ناکرێت و ناتوانن گەلی کورد لەناوببەن.
ئەو تەوقی کۆمەڵکوژییە تێکشکێنرا، کە بەسەر گەلی کورددا دەسەپێندرا. ئەو هەنگاوانەی نران، بەرخۆدان لە چیاکان و زیندانەکان، ئەوەی بە هەڵمەتی ١٥ی تەباخ ئافرێنرا ئەو کۆت و تەوقەی تێکشکاند. ئەوان هەرچەند هێرش بکەن ناتوانن ئەنجام بەدەست بهێنن. ئەوە ڕوون بووەتەوە. تەنها یەک ڕێگا هەیە، ئەویش ڕێگای چارەسەرییە. تەنها یەک ڕێگا هەیە، ئەویش کۆتایهێنانە بە سیستمی ئەشکەنجە و گۆشەگیری لە ئیمرالی، کردنەوەی دەرگای ئیمرالی و دەستێوەردانی ڕێبەر ئاپۆیە. ئەمە تاکە ڕێگایە، ئەگەر نا هیچ ڕێگایەکی تر نییە. بۆ ئەوەش گەلی کورد ئیرادەیەکی نیشاندا. کچان و کوڕانی ئەم گەلە بە شێوەیەکی فیداییانە شەڕیان کرد، ئەم ئیرادەیە دەریخستووە، کە ئیدی ئێستا دەتوانرێت نوێنەرایەتیی گەلەکەمان بکرێت. ئەو هێزی نوێنەرایەتییە لە ڕێبەر ئاپۆ دا بەرجەستە بووەتەوە. واتە ئەم ڕێگایە بەو بەرخودانە تاکە ڕێگای دەستنیشانکراوە.
ئێمە ئێستا لە کاتێکی وەهاداین و بۆ ئەوەش دەبێت گەلەکەمان لەم کاتەدا لە نەورۆزدا زیاتر و بەهێزتر ئیرادەی خۆی نیشان بدات. لەبەر ئەوە، داوا لە گەلەکەمان دەکەم، کە هێشتا بە زۆر بە هێزتر بەشدار ببن. نابێت بوترێت: 'بومەلەرزەکە ڕوویداوە، ئێمە لە ماتەمینیداین و پێویست ناکات بڕۆین بەشدار بین'، نەخێرـ نەورۆز بۆ ئێمە سیمبۆلێک و هێمایەکە. بۆیە گەلەکەمان و دۆستانی گەلەکەمان، سۆسیالیست و دیموکراتەکان و هەروەها گەلانی عەرەب، تورک و کورد و هەموو ئەو کەسانەی، کە لە هەرێمەکەدا لە دژی فاشیزمی ئاکەپە و داعش شەڕ دەکەن و لایەنگرانی دیموکراسی و ئازادین، دەبێت هەمووان زۆر بەهێزتر بەشداری لە نەورۆزدا بکەن و وەک وتم، دەبێت لە نەورۆزدا پەیامێک بدرێت. دەبێت وەک کۆنگرەیەکی گەلانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بێت. دەبێت بەم شێوەیە پێشوازی لە نەورۆز بکرێت. هیوا و چاوەڕوانی ئێمە ئەوەیە، کە گەلەکەمان بەو هەستانەوە و زۆر بە بەرفراوانی بەشدار ببن، ڕۆحی یەکڕیزیی و یەکێتی بەهێز بکە و بەرەوپیشی ببە.
لەم کاتە گرنگەدا، دەمەوێت لە هەفتەی نەورۆزدا بڵێم:
ئەوانەی کە تا ئێستا سیخوڕییان بۆ دوژمن کردووە، ئەوانەی لەگەڵ دوژمندا بوون و بە سیخوڕی خوێنی ڕۆڵەکانی گەلی کوردیان ڕشتووە، دەبێت بزانن، کە دەوڵەتی تورک بە هەمان چاو سەیری هەموو کورد دەکات. بە پێی ڕژێمی فاشیستیی ئاکەپە - مەهەپە کورد باش و کورد خراپ نییە. چی هەیە؟ کورد هەیە، کە دەبێت هێرشی بکرێتە سەر، کورد هەیە بۆ گەیشتن بە کوردی تر تاوەکو هێرش بکرێتە سەری وەک سیخوڕ بەکار دەهێنرێن. واتە ڕاستە بەپێی ئەوان، دوو کوردی جیاواز هەیە و دەبێت یەکێکیان لەناوببرێت و ئەوی تریان دەبێت بکرێت بە سیخوڕ. ئەم دەوڵەتە تەنیا بەو مێشکە شۆڤێنییە لە کورد نزیک دەبێتەوە. دەبێت هەموو کەس ئەمە بزانێت. ئەوانەی ئەمە نابینن سبەی پەشیمان دەبن و مێژووش دادگاییان دەکات. واتە بەرخۆدان لە بەرامبەر ئەم هێرشە پاکتاوکاریانە لە هەموو ڕوویەکەوە مانادار، قووڵ و مێژووییە. شتێکی ئاسایی نییە. واتە کاتێک ئەمە نەبینێت، دەچێتە پاڵ دوژمن، لەوەش خراپتر هیچ شتێکی تر بۆ مرۆڤ نییە. بانگەوازیی من بۆ ئەو کوردانەیە، کە کەوتوونەتە ئەم دۆخەوە؛ دەست لەو دۆخە هەڵبگرن.
لەم نەورۆزەدا، کە ١٠٠ ساڵەی لوزانە، پێویستە گەلی کورد هەنگاوێکی نوێ بنێت. پێویستیی بەوە هەیە. لۆزان بۆ کورد چی بوو؟ قەتڵوعام و کۆمەڵکوژی بوو، تراژیدیایەکی گەورە بوو، زیندان بوو، پاکتاوکردن و جینۆساید بوو، هەڵەبجە بوو، ئەنفال بوو، بوومەلەرزە بوو. واتە زوڵمێک لەسەر گەلەکەمان هەبوو. گەلی کورد سەرباری ئەوەی کۆنترین و بەتەمەنترین گەلی ئەم ناوچەیەی میزۆپۆتامیایە، سەرەڕای ئەوەی خاوەنی دەوڵەمەندییەک و مێژوویەکی خۆی هەیە، بەڵام بڕیاری کۆمەڵکوژکردن و پاکتاوکردنی گەلی کورد لە لۆزان درا. ڕاستە، کەسێک، کە واژۆی خۆی لەسەر ڕێککەوتنی لۆزان کردووە دەتوانێت بڵێت، 'ئێمە کۆمەڵکوژکردنمان واژۆ کردووە'، بۆیە تۆی بە نەبوو زانی. لۆزان گەلی کوردی بە نەبوو زانی. ئێوە دەوڵەتتان دا بە هەموو گەلێک و پێگەکانیانتان دیاری کرد، بەڵام کوردیان بە نەبوو زانی و هیچیان بە کورد نەدا. باشە ئەمە مانای چیە؟ ئەمە مانای ئەوەیە، کە بە دەوڵەتانی دەوروبەر دەڵێن، 'بڕۆن لەناویان ببەن، پاکتاویان بکەن'. واتە لۆزان پاکتاوکردن و جینۆسایدکردنی گەلی کوردە بە شێوەیەکی داخراو.
گەلەکەمان سەد ساڵە لە دژی ئەمە لە تێکۆشاندایە. سەدان هەزار شەهیدیان بەخشی. دەوڵەتی تورک دەیەوێت لە سەدەمین ساڵدا ئامانجی خۆی سەربخات، بەوەی هەیە تێر ناخوات و دەیەوێت خۆی بگەیەنێتە سنوورەکانی میساقی میلی. نابێت ئێمەی گەلیش لە هەر چوار پارچەی کوردستان بە بێدەنگی پێشوازی لە سەدەمین ساڵی لۆزان بکەین. دەبێت ئێمە بە ناڕازیبوونی نەتەوەیی، دیموکراتیک و ئازادیخوازانە پێشوازیی لێ بکەین. ڕێگای ئەو کارە چییە؟ یەکێتیی نەتەوەییە. لە سەدهەمین ساڵی لۆزاندا، دەبێت لە نەورۆزی ٢٠٢٣دا یەکێتیی نەتەوەیی پێک بهێنین.
لەو چوارچێوەیەدا و لەم دواییەدا هاوسەرۆکی کەنەکە بەڕێز ئەحمەد کاراموس سەردانی باشووری کوردستانی کرد و هەندێک چاوپێکەوتنی ئەنجامدا. ئێمە ئەم کارە زۆر بە مانادار دەزانین. بێگومان لەم کاتەدا شتێکی زۆر بەنرخ و پێویستە. هەروەها بەڕێز بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بانگەوازی بۆ یەکێتیی نەتەوەیی کرد. ئێمە ئەم بانگەوازەش بە واتا دەزانین و بەڕاستیش لەم کاتەدا گرنگترین پێویستی یەکێتیی نەتەوەیی گەلی کوردستانە. ئێمە وەک بزووتنەوە، لەلای خۆمانەوە هەوڵ بۆ ئەوە دەدەین. لەسەر ئەم بنەمایە داوا دەکەم نەورۆزی ٢٠٢٣ بکەنە سەرەتای یەکێتیی نەتەوەیی. پێویستە یەکێتیی نەتەوەیی پێکبهێنن. ئەگەر هەندێک ناتوانن شان بدەنە بەر ئەوە با شانی نەدەنە بەر. نابێت ئێمە بەهۆی هیچ کەسێکەوە خۆمان سنوردار بکەین، نابێت بڵێین: 'ئەگەر فڵان کەس نەیەت کارەکە نابێت' نەخێر ئێمە وەک هێز و کەسانی کوردستانی لەسەر هێڵ و بنەمای نیشتمانپەروەری و وڵاتپارێزی لە بەرامبەر جینۆساید و داگیرکاری و پاکتاوکاریدا دەوەستینەوە، بە دڵنیاییەوە پێویستە یەکێتیی نەتەوەیی پێکبهێنین.
دەبێت هەم لەسەر ئاستی پارچەکان و هەم لەسەر ئاستی وڵات دا یەکێتی نەتەوەیی پێکبهێنین. بانگەوازم بۆ حیزبە کوردستانییەکان، دامودەزگا نیشتمانپەروەرەکان، ڕۆشنبیران و هونەرمەندانی کوردستان ئەوەیە، هەڵوێستی یەکێتیی نەتەوەیی نیشان بدەن و دەست بکەن بەهەوڵەکانیان بۆ پێکهێنانی یەکێتیی نەتەوەیی. داوا لە هەمووان دەکەم، بە هەڵوێستی یەکێتی نەتەوەیی پێشوازی لەو پرۆسە مێژووییە بکەن، کە ڕێککەوتننامەی لۆزان دەچێتە سەدهەمین ساڵەوە و ئەوە بە هەموو جیهان نیشان بدەن، کە ئێمە وەک کورد هەین و یەکین، ڕێپێوانەکەمان ڕێپێوانێکی مرۆڤایەتییانەی مافدارانە و دێموکراسییانەیە، کەس ناتوانێت ڕێگری لەم ڕێپێوانە بکات و ئێمە ئەم ڕێپێوانەی خۆمان سەردەخەین. دەبێت بەم شێوەیە پێشوازی لە ١٠٠هەمین ساڵی لۆزان بکەین. ئەوە زۆر مانادار و گرنگە.
لەو باوەڕەدام، کە لەم ڕووەوە پێشکەوتن بەدی دێت، بەو هیوا و باوەڕەوە نەورۆزی ٢٠٢٣ لە گەلەکەمان و ئەو گەلانەی بڕوایان بەو نەریتە دێرینە هەیە، لە هەموویان پیرۆزی دەکەم. داهاتووی ئێمەیە، بە دڵنیاییەوە ڕێپێوانی ئازادیی ڕێبەر ئاپۆ و کوردستان سەردەکەوێت و نەورۆزی ٢٠٢٣یش دەبێتە سەرەتای ئەمە.
ژ.ت