قەرەیلان: تاکە رێگەی چارەسەری دانوستانە لەگەڵ رێبەر ئاپۆ-١-

ئەندامی کۆمیتەی بەڕێوەبەری پەکەکە موراد قەرەیلان رایگەیاند کە دەوڵەتی تورک لە رێگەی بەرخودانەوە وەستێندراوە و وتی،"تاکە رێگەیەک هەیە، ئەویش رێگەی چارەسەریی و بە بەردەنگ وەرگرتنی رێبەر ئاپۆیە".

ئەندامی کۆمیتەی بەڕێوەبەری پەکەکە موراد قەرەیلان دەستنیشانی کرد کە گەلی کورد لەم هەڵبژاردنەدا ئیرادەی یەکلاکەرەویە و وتی، "لە گۆڕەپانی سیاسەت لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش خاوەن ئیرادەیە، لە سەرپێیە. ئەوەی کەوتووەتە ناو قەیران و لەلێواری لەناوچوونە دوژمنە. وەک دەبینرێت ناتوانن گەلی کورد لەناو ببەن. ئەو بازنەیەی قڕکردن کە بە سەر کورددا سەپێندراوە، پساوە. بە بەرخودان تاکە رێگە دەستنیشانکراوە، ئەویش رێگەی چارەسەرییە".

ئەندامی کۆمیتەی بەڕێوەبەری پەکەکە موراد قەرەیلان بەشداری بەرنامەی تایبەت'ی ستێرک تی ڤی کرد. دەقی چاوپێکەوتنەکە بەم جۆرەیە:

 ٢ ساڵە زانیاری لەسەر رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجان بەردەست نییە. گۆشەگیری بەردەوامە. لەوبارەوە دەتانەوێت چ بڵێن؟

بەرلەوەی بچمە سەر پرسیارەکەتان دەمەوێت یادی شەهیدانی ئەم دواییەمان بکەمەوە. لەماوەی رابردوودا لە دێرسیم شەڕێکی دژوار روویدا. شەهیدمان بەخشی. بەر لە هەموو  شتێک فەرماندە بەنرخەکانمان یاشار، شەڤگەر و ئارژین و هەڤاڵانمان رۆزا و نوعمان، لە کەسایەتی ئەوانیشدا هاوڕێیانمان کە لە چالاکی مەتینا-شاخی هەکاری شەهیدبوون، هەروەها لە پێشەنگانی ژنی ئازادی هاوڕێی بەنرخمان راپەڕین ئامەد بە رێزەوە بە بیردەهێنمەوە. لەکەسایەتی ئەو هاوڕێ بەنرخانەماندا ئەو بەڵێنەی بە شەهیدانمانداوە جارێکی دیکە بە بیردەهێنمەوە، خاوەنداری لە پەیمان و بەڵێنی هاوڕێیەتی دەکەین، ئەو پەیمانەی کە بە شەهیدانمان داوە دەیکەین بە کردار، دۆزی ئەوان دەگەیەنینە سەرکەوتن.

 دەگەڕیمەوە سەر پرسیارەکەتان، تۆدەزانی لەسەر رێبەر ئاپۆ سیستمێک کە لە جیهاندا بوونی نییە، پەیڕەو دەکرێت.ئەوە سیستمێکی ئەشکەنجەی دەرونیی قووڵە. ئامانجیش لێی قڕکردنی گەلی کوردە، گرتنەبەری سیاسەتی قڕکردنە لە کوردستان. هەربۆیە گۆشەگیری و ئەشکەنجەیەکی بێ هاوتا بەسەر رێبەر ئاپۆدا پەیڕەو دەکرێت. نایانەوێت دەنگی رێبەر ئاپۆ ببیسترێت. بەم جۆرە دەیانەوێت بزوتنەوەکە لەناو ببەن، سیاسەتی قڕکردن بکەن بە کردار. هەربۆیە سیستمی ئیمراڵی بەرێکخستن دەکەن و دەیخەنە بواری جێبەجێکردنەوە.

 بەڵام کار و شێوازەکانی رێبەر ئاپۆ و هەروەها هەڵوێستی واتاداری ئەو، دیوارەکانی زیندانی تێپەڕاندووە. کاریگەری هزر و روانینەکانی رێبەر ئاپۆ ئەمڕۆ نەک هەر لە چواربەشی کوردستانە، هاوکات بە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و تەواوی جیهانیشدا بڵاوبووەتەوە. هزر، پاڕادایمی نوێ و ئەو هێڵەی کە رێبەر ئاپۆ دەستنیشانی کردووە ئەمرۆ لە چوار لای جیهانلەلایەن زۆر هێز و لایەنەوە گفتوگۆی لەسەر دەکرێت و بە زۆری قەبوڵ دەکرێن. ئەوانەی هەست بەو ئەندێشانە دەکەن و لێی تێدەگەن، بە سەرنجڕاکێش دایدەنێن و خاوەنداری لێدەکەن. لەم دواییەدا وەک دەزانرێت لە ئەفریقای باشوور کۆنفڕاسیک سازکرا. هاوڕێیانی ماندێلا تیایدا بەشداربوون و وتیان' ماندیلای کوردستان هاوڕێ عەبدوڵا ئۆجالانە و خاوەنداری لێدەکەین'. لەو چوارچێوەشدا بڕیاریاندا. هاوشێوەی ئەوە زۆر کار کران. بەتایبەتی پاڕادایمی مۆدێرنیتەی دیموکراتی رێبەر ئاپۆ لە بەرامبەر مۆدێرنیتەی سەرمایەداری وەک جێگرەوەیەک کەوتووەتە بەرباس. لەهەمووشی گرنگتر هێڵی ئازادی ژنە کە بە دروشمی 'ژن، ژیان، ئازادی' لەلایەن رێبەر ئاپۆوە دەستنیشان کراوە، هەم لەناو ژنانی کورددا هێزێکی گەورەی خوڵقاند و ئیرادەبوونی هێنایە ئاراوە-لە بنەڕەتدا مرۆڤ دەتوانێت بڵێت کە شۆڕشێکی هەڵگیرساند- هەمیش وەک رێبەر ئاپۆ وتی ئەو هەڵسەنگاندنانەی کە بەجیهاندا بڵاودەبنەوە تا ئێستا لە لایەن هیچ رێبەر، زانا و شۆڕشگێڕێکەوە پێشکەش نەکراون. لە بابەتی ژناندا بۆ یەکەم جار زۆر شت لەلایەن رێبەر ئاپۆوە بڵاوکرانەوە. واتە لە تێکۆشانی ئازادی کوردستاندا ئازادی ژنی کردە بنەمایەکی سەرەکی. وتی 'تا ژن ئازاد نەبێت، کۆمەڵگاش ئازاد نابێت'. ئەوەی دەستنیشان کرد کە رۆڵ و ئەرکی ژن لەناو ژیانی ئازاد و سروشتیدا سەرەکییە. خۆی لە خۆیدا لە ٨ی ئاداریشدا بینرا،ژنانی کورد لە هەموو کەس زیاتر خاوەندارییان لە تێکۆشانی ئازادی کرد. بەم بۆنەوە ٨ی ئادار لە هەموو هاوڕێیان، لە رێبەر ئاپۆ، لە سەرجەم ژنانی کوردستان و ژنانی رەنجدەری جیهان پیرۆز بێت. هزر و رامانی رێبەر ئاپۆ شەپۆل و تەوژمێکی نوێیە و ئەمرۆ بە هەموو جیهاندا بڵاودەبێتەوە. لەسەر ئەو بنەمایە دەبێت ئێمە تێکۆشان بۆ ئازادی جەستەیی رێبەر ئاپۆ هێندەی تر بە بەهێزی ئەنجام بدەین. کاتی ئەوە هاتووە کە رێبەر ئاپۆ ئازاد بکرێت. ئێمە گەیشتووینەتە ئەو ئاستە. نەک هەر لە دژی گۆشەگیری (بێگومان دەبێت لە دژی گۆشەگیری تێکۆشان بکرێت) لە بنەڕەتەوە دەبێت ئێمە بۆ ئازادی رێبەر ئاپۆ تێبکۆشین و هەنگاوەکانیشمان دەبێت لەسەر ئەو بنەمایە بێت.

لەکوردستان، تورکیا و سوریا بومەلەرزەی بەهێز روویاندا. دەوترێت کە دەوڵەتی تورک دیموگرافیای شارە کوردییەکان دەگۆڕێت. لەم بارەوە دەتانەوێت چی بڵێن؟

بەر لە هەموو شت سەرجەم ئەو کەسانە بە بیر دەهێنمە کە لەم بومەلەرزەدا گیانیان لەدەستداوە، بکەونە بەر بەزەیی و لێبوردەیی خوداوەند، هیوای چاکبوونەوەی خێراش بۆ بریندارەکان دەخوازم. سەرەخۆشیش لە بنەماڵەی ئەو کەسانە دەکەم کە گیانیان لەدەستداوە. سەری گەلانی کورد و تورک و عەرەب ساخ بێت.

بومەلەرزە کارەساتێکی گەورەیە. ئەو کارەساتە زیانێکی گەورەی بەگەلەکەمان گەیاند. ئێمە بە هەموو جۆرێک هاوبەشی ئازارەکانی گەلەکەمان دەکەین.  بێگومان بە هۆی نەگرتنەبەری رێوشێنەوە ئازارەکان گەورەتر و دژوارتر بوون. هەموو ئەو وڵاتانەی لە سەر هێڵی بومەلەرزەن بیناکانیان، بناغەی بیناکانیان بەو پێیە ساز دەکەن، هەر بۆیە لەو وڵاتانە ئەو ژمارە زۆرە لە مرۆڤ گیانیان لەدەستنادەن. ئەمە تەنیا بۆ وڵاتانی پێشکەوتووی وەک ژاپۆن راست نییە، بۆ نمونە چیللی لەسەر هێڵی بومەلەرزەیە، رەنگە ئابووریەکەشی زۆر لە تورکیا لاوازتر بێت. بەڵام بە هۆی ئەوەی ژێرخان و بناغەکانی بە بەهێزی داناوە، لە بومەلەرزەی بەو گوڕە زیاتریش ئەو هەموو مرۆڤە گیان لەەست نادەن. ئەو پەڕی چەند کەس ژیان لەدەست دەدەن. بەڵام لە تورکیا چی روودەدات؟ بەتایبەتی لەم ٢١ ساڵەدا رژێمێکی دز بووەتە دەسەڵاتدار. دەیوێت هەموو شتێک بدزێت و زیاتر خۆی دەوڵەمەند بکات، بە زیادکردنی ئاشکرا، بە بەڵێندەرایەتی، بە لێخۆشبوونی وەبەرهێنان قاسەی خۆی پڕدەکات. ناوی ' رێککەوتنی وەبەرهێنان'یشی لێدەنێن. رێککەوتنی چی! بینا بە هەڵە دروست کراوە، بەڵام دەڵێت 'من لێی خۆشدەبم، رێککەوتنی وەبەرهێنان رادەگەیەنم'. لەبەر ئەوە ئەو هەموو مرۆڤەمان لە ژێر داروپەردووی خانووەکاندا مانەوە، کەس خاوەنداری لێنەکردن. ئەو ئامێرانەی بتوانن ئەوان رزگار بکەن نەبینران. مرۆڤەکانمان بۆ چەندین رۆژ گوێیان لە ئازارەکانی کەسوکاریان بوو کە لە ژێر خانووە رووخاوەکاندا مابوونەوە و  تا گیانیان سپارد ناچار بوون کە سەیریان بکەن. ئەمەش بەراستی ئازارێکی گەورەیە. ئێمە لەوە تێدەگەین و هەست بە ئازاری گەلەکەمان دەکەین.

تاکەکەموکوڕی لێرەدا تەنیا بیناسازی و خاوەنداری نەکردن نییە لە لایەن رژێمی ئاکەپە-مەهەپەوە. کاتێک لێی دەڕوانین جیاکاریش دەکەن. دەڵێن گەلی کوردە، کۆمەڵگای عەلەوییە، گەلی عەرەبە و بەم جۆرە جیاکاری دەکەن. گەلەکەمان بۆ خۆی ئەوە دەڵێت؛ لەسەر شاشەی تەلەڤزیۆنەکان دەڵێن. وتیان 'سەرەتا هاوکاری دەبەن بۆ هەندێکی دیکە، دواتر دێنە لای ئێمە'. ئەوەش روویدا.

جیالەوە دەوڵەتی تورک پلانێکی بەناوی شارک ئیسڵاحات هەبوو، کە دەیویست لە رێگەی ئەو پلانەوە کوردستان چۆڵ بکات، کوردەکان بتوێنێتەوە، بەهاکانیان لەناو ببات و گەلی کورد پاکتاو بکات. بەر لەئێستا کۆمەڵکوژییەکانی مەرەش و رووداوەکانی هاوشێوەیان لەو چوارچێوەدا بەکارهێنا، بەڵام ئێستا دەبینین کە بوومەلەرزەکەش هەر لەو چوارچێوەدا بەکاردەهێنن. ئەو کەسانەی کۆچبەر بوون هانیان دەدەن نەگەڕێنەوە. لەو بابەتەدا زۆر نیگەرانی هاتوونەتە ئاراوە. بەم جۆرە دەیانەوێت رۆژئاوای فرات لە کورد چۆڵ بکەن. با گەلەکەمان بەوە بزانێت و کەس شوێن و زێدی خۆی جێنەهێڵێت. ئەوانەشی رۆیشتوون دەبێت بگەڕێنەوە. ئێمەش خەڵکی ئەو ناوچانەین و  باش دەیناسین. گەلەکەمان دڵسۆزی خاکەکەیەتی. نابێت دەستبەرداری خاکەکەی بێت، دەبێت بگەڕێتەوە و سەرلەنوێ ژیانی خۆی بونیادبنێتەوە ئەو راستیەی لەم ماوەیەدا هاتە ئاراوە ئەمەبوو.

گیانی بەنەتەوەبوون لەناو کۆمەڵگاکەماندا زیاتر بەرەوپێشچووە و بەهێزتر بووە. لەهەمان کاتدا هەستی مرۆڤایەتی بەهێزن. بۆ نمونە بومەلەرزە روویدا، بۆ نمونە لە ئامەد، لە رحا، سەرباری ئەوەی بومەلەرزە کاریگەری کردە سەر ئەوانیش، بەهانای بازارجخ، ئەلبیستان و سەمسورەوە چوون. ژنانی کورد لە سەرحەد و لە بۆتانەوە خواردنیان سازکرد و گەیاندیانە مەلەتی و سەمسور. ئەمە گیانی بە کۆمەڵگابوونە، گیانی بە نەتەوەبوونە. پشتیوانییەکی زۆر واتادارە. کۆمەڵگاکەمان خاوەنداری لە یەکتر دەکات. لە ئامەد، لە نسێبین و لە زۆر ناوچەی دیکە گەلەکەمان خاوەنداری لە زۆر کەس کرد کە ماڵەکانیان رووخابوون و ماڵەکانیان بەواندا. بە کورتی دەبینرێت کە لە کۆمەڵگاکەماندا هەستی مرۆیی و نەتەوەیی بەهێزە ئەوەش بەراستی شایەنی پیرۆزبایی لێکردنە. بێگومان دەبێت ئەو پشتیوانییە زیاتر بەهێز بکرێت. دەبێت چاوەڕێی دەوڵەتەکان نەبین. مێسکی نەتەوە- دەوڵەت خاوەنداری لە کۆمەڵگاکان ناکات؛ تەنیا بیر لە دەسەڵاتی خۆی دەکاتەوە و بە گوێرەی بەرژەوەندییەکانی دەجوڵێتەوە. بەڵام بە هیچ جۆرێک خاوەنداری لە گەلی کورد ناکات. دەبێت ئێمە خاوەنداری لە یەکتر بکەین؛ یەکتر بەهێز بکەین. هاوبەشی ئازارەکانی یەکتر بین، برینی یەکتر ساڕێژ بکەین. بەم جۆرە دەتوانین نەتەوەبوونی خۆمان بەرەوپێش ببەین. تائێستا هەندێک بەرەوپێش چوو، دەبێت لەمەودوا زیاتر بەهێز بێت. بەم جۆرە دەتوانین ئەو ئازارە قورسە سوک بکەین. بە بڕوای من گەلەکەمان ئاگاداری ئەوەیە و جارێکی تر بە گەلەکەمان دەڵێم سەلامەتیە، سەرەخۆشیان پێديڵێم.

کەجەکە رایگەیاند لایەنی مرۆیی و ویژدانی ئەو بومەلەرزەیە هەڵدەسەنگێنن و بڕیاری راگرتنی چالاکیدا. ئایا سوپای تورک بە گوێرەی ئەو بڕیارە مامەڵە دەکات؟ تا کەی بەردەوام دەبن لە سەر کارپێکردن بە بڕیاری راگرتنی چالاکی؟

بەر لە هەموو شت ئەوە بڵێم، ئەو بڕیارەی بزوتنەوەکەمان بڕیاریکی لە جێدابوو. مامەڵە و هەڵسوکەوتێکی کۆمەڵایەتی و مرۆییە. بڕیارگەی ئێمەش ئەوەی پەسند کرد و بە گوێرەی ئەوە جوڵایەوە. بەڵام دەوڵەتی تورک و حکومەتی ئاکەپە- مەهەپە بە هەمان جۆر مامەڵەیان نەکرد. درێژەیان بە هێرشەکانیاندا. سەرەڕای ئەوەش هێزەکانمان بە گوێرەی بڕیارەکە جوڵانەوە. ئەوەش بڵێم؛ لەم شەڕەی ئێستا لە کوردستان، دەوڵەتی ئاکەپە- مەهەپە خۆی بە تەکنەلۆژیا دەپارێزێت و لە رێگەی تەکنەلۆژیاوە هێرش دەکات. بەڵام لە وەرزی زستاندا کاریگەری ئەو تەکنەلۆژیایە دوژمن بەزۆری کەمدەبێتەوە. هەربۆیە ئەو دۆخە دەرفەت بۆ گەریلا دەڕەخسێنێت. دەرفەتی گورزوەشاندن و لەناوبردنی بۆ دەخوڵقێنێت. لە راستیدا بڕیارگەی ناوەندیمان و گۆڕەپانەکانی شەڕ (بەتایبەتی هەرێمەکانی پاراستنی مێدیا) لەو چوارچێوەدا پلانی هەڵمەتی زستانەیان دانابوو. گەلەکەشمان چاودێری کردووە؛ لە شاخی جودی، شاخی هەکاری و شاخی ئامێدی لەم چوارچێوەدا هەندێک چالاکی سازکران و ئەو چالاکییان بڕیاربوو بەردەوام بن. واتە لە ساڵی ٢٠٢٢ دا بەرخودانێکی زۆر مێژوویی ئەنجام درا. ئەو بەرخودانە سەرکەوتوو بوو. رێگەی بە هاتنەدی ئامانجەکانی دوژمن نەدا. گەریلا دەیویست بەو هەڵمەتەی بۆ زستان پلانی بۆ دانابوو، ئەو بەرخودانە بە سەرکەوتن تاجدار بکات. ئامانج و پلانی گەریلا بەو جۆرەبوو. بەڵام دوای ئەوەی بومەلەرزە روویدا، لەبەر ئەو دۆخەی گەلەکەمان تێیکەوت، هاوسەرۆکایەتی دەستەی بەڕێوەبەری کەجەکە بریاریدا کە چالاکییەکان رابگیرێن. بە کورتی لە وەرزی زستاندا دەرفەتی ئێمە زۆرن. وەک جاران نییە. بۆ نمونە پێشتر شەڕەکان زیاتر لە هاویندا روویان دەدا، زستان رادەگیران. بەڵام ئەو دۆخەمان بینی و چاومان پێداخشاندەوە. بە شێوەیەک هەندێک بڕیارمان هەبوو' دوژمنەکەمان بە زۆری بە تەکنەلۆژیا شەڕ دەکات، لە زستانیشدا تەکنەلۆژیا زیاتر بێ ئەنجامە، هەربۆیەش دەبێت لە زستانیشدا شەڕ بکەین'. بەڵام رێک لە زستاندا بومەلەرزە روویدا، بزوتنەوەکەمان بڕیاریدا کە چالاکییەکان رابگرێت و گەریلاش بە ناچاری چالاکییەکانی راگرت.

دوژمن ویستی سودی لێببینێت و بیقۆزێتەوە. بۆ نمونە لە بەستا هێرشی ئەنجامدا، هەڤاڵانمانی شەهید کرد. هەروەها بێ پسانەوە درێژەی بە هێرشەکانی بۆسەر هەریمەکانی پاراستنی مێدیا دا. هێرشەکان بۆ سەر پارچەکانی دیکەش رانەوەستان. دەبێت گەلەکەمان و رای گشتی بزانێت؛ ئێمە بەو هەستە مرۆڤانەوە درێژە بە هەڵوێستەکەمان دەدەن، بەڵام دەوڵەتی ئاکەپە-مەهەپە دەربەستی ئەوە نییە و دەیەوێت تێکی بدات. دەیوێت بەردەوام لە شەڕدا بێت واتە ئەو دەوڵەتە لە مرۆڤایەتی داماڵدراوە. ئەو هەموو مرۆڤانە لە ژێر داروپەردووی خانووەکاندا مانەوە. لە بری ئەوەی بە هانایانەوە بچێت و دەریانبهێنێت، درێژەی بە هێرشەکانیدا. مەگەر خولوسی ئاکار نەیوتبوو، 'ئێوە دەتانەوێت سەربازەکانمان لە عێراق و سوریاوە بکشێنینەوە؟' خۆی لە خۆیدا بومەلەرزە و ئەم شەڕە زۆر پێکەوە بەستراونەتەوە. پارەکانی تورکیا هەمووی بۆ شەڕ خەرج دەکەن. بۆ بیناسازی هیچ پارەیەک تەرخان ناکەن. لەبەر ئەوە کۆمەڵکوژییەکی گەورە روویدا.بەسەدان هەزار مرۆڤ ژیانیان لەدەستدا. ئێستاش هەندێک ژمارە ئاشکرا دەکەن، بەڵام ئەو ژمارانە راست نین. 

زیاتر لە سەد هەزار مرۆڤ گیانیان لەدەستدا. شوێنێکی زۆر هەڵوەشانەوە. بەڵام تاوەکو ئێستاش شەرم ناکەنەوە، تاوەکو ئێستاش خۆیان راست دەبینن و  لە کاتێکدا بەم ئەندازەیە تەرم هەیە شەڕ دەکەن. کارەساتێکی زۆر گەورە روویدا، بێ ئەوەی ئەمە ببینن هێرش دەکەن. پێویستە رای گشتی ئەمە بزانێت و بێگۆمان هەڤاڵانمان پێویستە ئەمە بە هەڵە تێنەگەن. کاتێک هێرش لەبەرامبەر ئێمە ئەنجامدرا، بێگۆمان وەک سەرباز خۆمان دەپارێزین و وڵاتی پێویست دەدەینەوە. لەم بارەیەوە پێویستە کەس هەڵە نەکات. ئەوان چاوەڕێی هەلێک دەکەن، دووڕوون و پیلانگێڕن. کاتێک ببینن لەنێو گەریلادا سستبوونێک دەبێت، یەکسەر هێرش دەکەن. بۆیەش پێویستە هێزەکانمان لە هەموو جێگەیەک ئاگادار بن و رێوشوێنی پێویست وەربگرن.

وەک ئەوەی ئاشکرایە، تورکیا لەنێو پرۆسەی هەڵبژاردندایە. لە چوارچێوەی هەڵبژاردندا دەیانەوێت لە تورکیا هەستی نەتەوەپەرستی و شۆڤێنی زیاتر بکەن. بۆیەش هەوڵ دەدەن دوژمنایەتی دژی کورد فراوان بکەن. لەم چوارچێوەیەدا ئەگەری هەیە دەوڵەتی ئاکەپە و مەهەپە هێرشەکانی زیاتر بکات. پێویستە چاوەڕیێ هێرشی بەم شێوەیە بکەین. ئێمە بە شیوەیەکی یەکلایەن هەڵوێستمان پیشاندا. لەبەر ئەوەی فەلسەفەمان ئەوەمان بەسەردا دەسەپێنێت. بەڵام دوژمن هەستی مرۆڤایەتی نییە، دەیانەوێت هەموو هەلێک بەکار بهێنن، لەسەر تەرمی گەلەکەماندا دەیانەوێت دەسەڵات دروست بکەن. دەیانەوێت بەردەوامی بە دەسەڵاتەکەیان بدەن و بۆیەش لە پرۆسەی هەڵبژاردندا ئەگەری زۆرە هێرش بکەنە سەر هەرێمەکانی پاراستنی میدیا، باشوری کوردستان، هەروەها هێرشەکانیان لەسەر رۆژئاوای کوردستان زیاتر بکەن، بۆیەش هەموو کەسێک پێویستە ئاگادار بێت و رێوشوێن بگرێتەبەر.

 لەم دواییەدا هەندێک رووداوی سیاسی روویاندا. مەڕال ئاکشەنەر لە  مێزی شەش لایەنە چووە دەرەوە و دواتر گەڕایەوە. هەروەها دادگای دەستووری لەسەر دۆزی داخستنی هەدەپە و رێگیرکردن لە هاوکاری خەزێنە دوو بڕیاریدا. لەگەڵ ئەوانەشدا لە بورسا هێرشێکی فاشیستی لەبەرامبەر یانەی ئامەد ئەنجامدرا. لەبارەی ئەم پرسانە ڕای ئێوە چییە؟

هەڵبژاردنەکانی ١٤ی ئایار وەک گەلانی تورکیا بۆ گەلی کوردیش زۆر گرنگە. لەبەرئەوەی نەک تەنیا سەرۆککۆمار بەڵکو سیستم گۆڕانکاری بەسەردا دێت. هێزە قوڵەکانی دەوڵەت بۆ ئەوەی بتوانن بە یەکدەستی شەڕ بەڕێوە ببەن و هەماهەنگی بەهێز بکەن ئەم سیستمەیان دروست کردووە. بەڵام سیستمەکە زۆر ئۆتۆریتەرە و دیموکرات نییە. ئەمەش کۆمەڵگای تورکیای زۆر لاواز کردووە. بێگۆمان لایەنێک دەیەوێت بەردەوامی بە سیستمەکە بدرێت. بەڵام گەل دەیەوێت سیستم بگۆڕدرێت و هەڵبژاردن لەسەر ئەم بناغەیە بەڕێوە ببرێت. واتە هەڵبژاردن لەسەر سیستم ئەنجام دەدرێت.

بەڵام دەسەڵاتی ئێستا ئایا قبوڵی دەکات کە بەگوێرەی هەڵبژاردنەکان دەست لە دەسەڵات هەڵبگرێت؟ ئەمە جێگەی گۆمانە. ئاشکرایە کە فێڵ و تەڵەکەبازی زۆر بەکار دەهێنن. لەم رووەوە خۆی ئاکەپە بە باشی دەناسرێت. لە هەڵبژاردنەکانی ئەستەنبوڵدا بینرا و  زۆر نمونەی بەرچاوی دیکەی بەم شێوەیەش هەن. هەموو کاتێک سەرقاڵی فێڵ و تەڵەکەبازیە؛ هەموو شتێک بەگوێرەی بەرژەوەندی خۆی رێکدەخات. واتە رژێمی ئاکەپە و مەهەپە هەموو شتێک سەرلەنەوێ بۆ بەرژەوەندی خۆیان بنیات دەنێن و نایانەوێت دەست لە دەسەڵات هەڵبگرن. دەیانەوێت بەم شێوەیە بجووڵێنەوە.

لە بەرامبەر ئەوەشدا ئۆپۆزسیۆن و زۆر لایەنی دیکە داوای گۆڕانکاری دەکەن. لەم چوارچێوەیەدا هەڵبژاردن بۆ تورکیا زۆر گرنگ و ستراتیژیە. لە ئێستا بەدواوە زۆر رووداوی تاریک روودەدەن. لەم چوارچێوەیەدا وەک وتمان، هەندێک شت روویاندا. بۆ نمونە، هەندێک هێز و لایەنی نێو دەوڵەت ویستیان لە رێگەی ئیی پارتیەوە خۆیان رێکبخەنەوە و مێزی شەش لایەنە قڵپبکەنەوە. ئاکشەنەر هەنگاوێکی بەو شێوەیەی ناوە. بەڵام دواتر مێزەکە لە جێی خۆی مایەوە، کەس چاوەڕێی ئەوەی نەدەکرد. رایانگەیاند وەک مێزی پێنج لایەن دەتوانن بەردەوامی بە کارەکانیان بدەن. لە هەمان کاتدا لەنێو ئیی پارتیشدا نارەزایەتی لێکەوتەوە. هەم لە ئاستی بەڕێوەبەریدا و هەم لە ئاستی خوارەوەدا دەستلەکارکێشانەوە روویاندا. باسی ئەوە دەکرێت کە دەیان هەزار کەس دەستیان لەکارکێشاوەتەوە. واتە ئەوانەی ئەم پلانەیان بەڕێوە دەبرد، بینییان کە ئەنجامەکە پێچەوانە دەبێتەوە. بینییان کە مێزەکە وەک خۆی دەمێنێتەوە و ئەگەری هەڵوەشاندنی ئیی پارتی هاتە ئاراوە، لەبەرئەوەش ئاکشەنەریان گەڕاندەوە. لەبەرئەوەی دوای ئەو هەموو قسە وشک و توندە، گەڕانەوە زۆر ئاسان نەدەبوو. لە تورکیا هەوڵ دەدرێت ئەم بابەتە شیبکرێتەوە، بەڵام نەیانتوانی شیبکەنەوە. بەهۆی ئەوەی بەگوێرەی عەقڵ و لۆژیکی سیاسەت بیر ناکەنەوە. ئاشكرا بوو پلانی بی یان نییە. بە کورتی دەبینرێت کە رووداوەکە سوننی بوون و وەک ئۆپراسیۆنێک پلانی بۆ داڕێژرابوو. بێگۆمان لەبەرئەوەی سەرنەکەوتن، هەنگاویان بەرەو دواوە ناوە.

ئەمە بۆ بزوتنەوەی دیموکراسی تورکیا شتێکی زۆر باشە. بۆچی؟ لەبەرئەوەی ئاشکرا بوو کە گەل بە راستی گۆڕانکاری دەوێت. گەل دەیەوێت ئەم دەسەڵاتە بگۆڕدرێت. بینیرا کە پرۆژەکانی سەر دیزاینکردنی کۆمەڵگە ئەنجام بەدەست ناهێنن. بەڵام ئەم دۆخە بۆ هێزە دیموکراتەکان بووە هێزێک، بۆ ئەو هێزانەی کە پلانەکەیان داڕشتبوو، بووە کودەتا. بۆیەش دەتوانین بڵێین کە ئۆپۆزسیۆن لەم رووەوە بەهیز بووە. لەبەرئەوەی بینرا کە ئەو دەستە قوڵانەی کە دەیانەوێت پلانی بەم شێوەیە بەڕێوە ببەن، ئەنجامیان بەدەست نەهێناوە.

لەلایەکی دیکەوە دەیانەوێت تورکیایەکی گێژاو دروست بکەن. بە زۆرکردنی نەتەوەپەرستی و شۆڤێنیزم دەیانەوێت دوژمنێک بخوڵقێنن. بێگۆمان دوژمنیان پەکەکە و کوردن. بەم شێوەیە بە شۆڤێنیزم، بە زۆرکردنی هەستی نەتەوەپەرستی دەیانەوێت ئەو کەسانە لە دەوری خۆیان کۆ بکەنەوە. بۆ نمونە هێرش دەکەنە سەر هەدەپە و ئەو پارتانەی کە بەشداری لە هاوپەیمانی رەنج و ئازادی. ئەو پارتانە یاسایین و رێکخراوەیین و نوێنەرایەتی ملیۆن کەس دەکەن. لەگەڵ ئەوەشدا دەیانکەنە ئامانج و بەم شێوەیە دەیانەویت هێزە نەتەوەپەرستەکان لە دەوری خۆیان کۆبکنەوە. واتە لە پرۆژەی بەم شێوەیەدا لەسەر کۆمەڵگا لە ئێستا بەدواوە بەم شێوەیە دەست بە جموجوڵ دەکەن.

سەرەتاکەی هێرشی سەر یانەی ئامەدە لە بورسا. بێگۆمان لەم پلانەشدا ناتوانن ئەنجام بەدەست بهێنن. باشە هیچ کاتێک شتێکی بەم شێوەیە روویداوە؟ یاریەکی وەرزشیە. هیچ شتێکی سیاسی نییە. بەڵام بەر لە دەستپێکردنی یاریەکە یانەی بورسا هێرشی کردە سەر یاریزانەکانی یانەی ئامەد. لایەنگرانیشی جگە لە وتنەوەی دروشم هەرچیەکیان بەر دەست کەوت گرتیانە یاریزانانی یانەی ئامەد. هەندێکیان کەوتنە سەر زەوی و بریندار بوون. هەروەها وێنەی بکوژەکانیان بەرز کردەوە. لە رێگەی ئەو قسانە وتیان ' هەمان شتتان بەسەر دەهێنینەوە'. بێگۆمان ئەمە پلانێکە، دەیانەویت بەم شێوەیە گێژاوێک دروست بکەن.

ئێمەی کورد پێویستە ئەمە بزانین؛ یانەی ئامەد شتێکی سیاسی نییە. بەڵام کوردە. دەکرێت لەنێو پێکهاتەکەیدا کوردیشی تێدا نەبێت، بەڵام نوێنەرایەتی ئامەد دەکات. ناوێکی دێرینی هەیە. بەڵام هێرش لە بەرامبەر یاریزانەکانی، هێرشێکە لە بەرامبەر هەموو کورد. چی چەپ و چی راسترەو. هەر کێیەک بێت، هێرشە لەبەرامبەر کورد، لە بەرامبەر بەهاکانی گەلی کورد. ئامەد چییە؟ ئامەد مێژووی کوردە. هێرشی دەکەنە سەر. ئاشکرا بوو کە ئەمە لەلایەن باخچەلیەوە رێکخراوە و بێ ئەوەی شەرم بکاتەوە وتی، ' هیچ شتێک بە ناوی ئامەد نییە' و پیرۆزبایی لە یانەی بورسا کرد. ئایا ئەمە ئاساییە؟ نا . بۆیەش پێویستە گەلی کورد بزانێت' هێرش لە بەرامبەر یاریزانە هێژاکان کراوە، لە کەسایەتی ئەواندا هێرش کراوەتە سەر هەمووان. بە راستیش لەگەڵ ئەم هەموو هێرشانە، یاریزانانی یانەی ئامەد بەردەوامیان بە یاریەکەدا. پێویست بوو یاریەکە هەڵبوەشێندرێتەوە. بەڵام بەردەوامیان پێدا. دواتر فیدراسیۆنی تۆپی پێی تورکیا بۆ پەردەپۆشکردنی هێرشەکە سزای بەسەر یانەی بورسادا سەپاند کە لە ٩ یاریدا نابێت هەوادارانی بەشداری بکەن. بەڵام هەموو بریارەکان بۆ پەردەپۆشکردن بوون. لێرە تاوانێک کراوە، بەر لە هەموو شتێک پێویست بوو یاریەکە هەڵبوەشێندرێتەوە، پێویستە بوو هێرشبەرەکان کە  یاریزانانی یانەی بورسا بوون، سزا بدرانایە. بەڵام هیچ رێکارێک بەرامبەریان نەکرا. لە بورسا تاوانێکی گەورە بەرامبەر کورد کراوە. ئەمە زوڵمە. کوردێکی بەشەرەف پێویستە ئەمە لەبیر نەکات. هێرشێکی بەم شێوەیەیە.

بەڵام لەلایەکی دیکە ناچار بوون نارەزایەتی دەرببڕن. لەبەرئەوەی ئەو هێرشە لالیە خەڵکی ژیری تورکیاوە قبوڵ نەکرا. دەبێت هەندێک کەسی وەک باخچەلی شۆڤێنی پیرۆزباییان کردبێت و هەندێک بیانەوێت بەردەوامی بەم جۆرە هێرشانە بدەن، بەڵام نارەزایەتیش پیشاندرا. نارەزایەتیەکە بووە هۆی ئەوەی کۆمەڵگا بزانێت دەبێت هەڵوێستێکی چۆن پیشان بدرێت. کۆمەڵگا بێدەنگ نابێت.

لەبارەی ئەو بڕیارانەی کە لەسەر هەدەپە دراوە دەتوانم بڵێم؛ هەندێک لایەن ئەمەیان بە ئەرێنی لەقەڵەمدا. وەک چاودێرێک بەو ئەندازەیەی کە ئێمە چاودێریمان کرد، ئەگەر پیلانی ئاکەپە و مەهەپە و پرۆسەکە هەڵسەنگاندنی بۆ بکرێت، دەبینرێت کە هەردوو بڕێاری دادگای دەستووری بنەڕەیتی لەبارەی هەدەپە ئەرێنی نین. لەبەرئەوەی کە لەنێو ئەم کارەدا پلانێک هەیە. هەم تاکتیکە و هەم تەڵەیە. بەم جۆرە پەیامانە دەیانەویت هەدەپە لە خەباتدا سست بکەن، سەرنجراکیشە بەگوێرەی یاساکانی هەڵبژاردن پێویستە هەر پارتێک تاوەکو ١٠ نیسان لیستی کاندیدەکانی رادەستی لایەنە پەیوەندیدارەکان بکات. رۆژی دادگایی هەدەپەش ١١ی نیسانە. واتە وەک تەڵەیەک وایە. دەیانەوێت بڵێن . " ئەگەر بەگوێرەی من نەبن دایدەخەم. دیارە کە لەنێو ئەو حسابە جیاوازانەدا دەیانەویت بڵێت ، ئەگەر هەدەپە کاندیدی خۆی بۆ سەرۆککۆماری دیاری بکات، ئەو کاتە دەتوانن، بیر لە بابەتەکە بکەنەوە. بەگوێرەی بۆچوونی من ئەمە تەڵەیە. بۆچوونی ئەمەیە کە بەرپرسانی هەدەپە و هاوپەیمانی رەنج و ئازادی ئاگاداری خۆیان ژەن. واتە ناتوانن هیچ کەسێک بەم جۆرە شتانە هەڵبخەڵەتێنن. ئەو هێزانە پێویستە بزانن کە ئەرکێکی زۆر مێژووییان لەسەر شانە. لەبەرئەوەی لەنێو هێز و هاوپەیمانێتیەکاندا ئەوانەی زیاترین دیموکراسیان دەوێت و لە تورکیا تێکۆشانی دیموکراسی بەڕێوە دەبەن، ئەو هێزانەن. هەڵوێست و بڕیاریان بۆ پرۆژەی تورکیا خاوەن رۆڵێکی زۆر گرنگە. بە رای من ئەو کەسە هێژایانە باشترین بڕیار دەدەن. هیچ نەبێت هیوا و چاوەڕوانی گەلەکەمان بەم شێوەیەیە. بێگۆمان لە قۆناغی هەڵبژاردندا پێدەچێت رووداوی بەم شێوەیەی سەرنجڕاکێش رووبدەن. هەندێک یاری بکرێن. هەوڵی هەڵخەڵەتاندن بدرێت. لە بەرامبەر ئەم جۆرە یاریانە، پێویستە هەموو کەسێک ئاگادار بێت. پێویستە هەموو کەسێک بزانێت کە چی دەکات. پێویستە پەلە نەکرێت، سەرەتا هێزە دیموکراتەکان پێویستە هەموو کەسێک هەڵوێستی باش و نزیکایەتی پێویست پیشان بدات. واتە تێکۆشانی دیموکراسی و ئازادی تورکیا لەم چوارچێوەیەدا لە سەردەمێکی زۆر گرنگدایە.

  نەورۆز کەمی ماوە. لەبارەی نەورۆزی ئەمساڵ هیوا و چاوەڕوانیەکانی ئێوە چین؟

بەر لە هەموو شتێک نەورۆزی ئەمساڵ، ٥٠مین ساڵی هەنگاوی رێبەر ئاپۆیە. واتە رێبەر ئاپۆ بەر لە ٥٠ ساڵ لەمەوبەر، لە نەورۆزی ١٩٧٣دا لە بەنداوی چوبوکی ئەنقەرە کۆبونەوەیەکی ساز کرد و دەستی بە ڕێپێوانەکە کرد. ئەم هەنگاوە لە کوردستان و تورکیا رووداوی زۆر مێژوویی خوڵقاند. واتە لەم ٣٠ساڵەدا رێپێوانێکی زۆر واتادار بەردەوام بوو. لەم ٥٠ساڵەدا بە راستی بەرخۆدانێکی زۆر گەورە بەڕێوەبراوە. لەلایەن مرۆیی، گەل، دیموکراتبوون، ئازادی ژن، ئازادی کۆمەڵگاوە بەرخۆدانێکی گەورە بەڕێوەبەراوە. واتە دتوانم بڵێم کە بۆ گەلەکەمان هەنگاوێکی لەدایکبوونە. رێبەر ئاپۆ دواتریش بە هەمان شێوەی پێشوازی لە نەورۆز کرد؛ نەورۆزی کردە رۆژی بەرخۆدان، رۆژی گەشکردنی بەرخۆدان، یەکێتی و تێکۆشان. دواتر هەڤاڵ مەزلۆم دۆغانیش لە مێژووی نەورۆزدا ئەم چالاکیە مێژووییەی کرد. واتە نەورۆز هەموو رۆژێک لە کوردستان بووە خاوەن واتایەکی نوێ. لە راستیدا واتا راستەکەی دیار بوو. واتای نەورۆز بۆ کۆمەڵگەی کورد، بەم تێکۆشانە جێی خۆی گرتەوە، ئەمڕل لە کوردستان بە رۆحێکی نەتەوەیی زۆر گەورە پێشوازی لە نەورۆز دەکرێت.

هـ.ب / ف.ق