سانجار له‌ ئه‌رزروم: له‌ ٢٤ی ئه‌یلولدا نه‌خشه‌رێگاكه‌مان ئاشكرا ده‌كه‌ین

هاوسه‌ركی گشتیی هه‌ده‌په‌ میدحه‌ت سانجار سه‌رنجی راكێشا بۆ سه‌ر گرنگی هاوپه‌یمانی ره‌نج و ئازادی و وتی، " له‌ ٢٤ ی ئه‌یلولدا به‌ مه‌راسیمێكی گه‌وره‌، نه‌خشه‌ڕێگاكه‌مان ئاشكرا ده‌كه‌ین".

هاوسه‌رۆكی گشتیی پارتی دیموكراتیكی گه‌لان (هه‌ده‌په‌) میدحه‌ت سانجار و شاندی یاوه‌ری سه‌ردانی شاره‌وانی قه‌ره‌چۆبانیان كرد كه‌ له‌ ژێر به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی پارته‌كه‌یاندایه‌. شانده‌كه‌ له‌لایه‌ن هاوسه‌رۆكی شاره‌وانی خالید ئوغون و كارمه‌ندانی شاره‌وانیه‌وه‌ پێشوازی لێكرا. دواتر شانده‌كه‌ چووه‌ ناو بینای پارته‌كه‌وه‌. سانجار له‌كاتی سه‌ردانه‌كه‌دا گوێی بۆ كێشه‌كانی ناوچه‌كه‌ راگرت و له‌گه‌ڵ پارته‌كانیش قسه‌ی كرد. دواتر سانجار له‌ رێوره‌سمی دانانی به‌ردی بناغه‌دا قسه‌ی بۆ گه‌ل كرد.

میدحه‌ت سانجار ئه‌وه‌ی خسته‌ڕوو كه‌ ده‌سه‌ڵاتداری ئێستا رژێمی گوشار و سته‌مه‌ و به‌م جۆره‌ دوا: "نمونه‌ی به‌رچاوی داگیركه‌ری، زه‌وتكردنی ئیراده‌ی گه‌له‌. ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌ ئیراده‌ی گه‌لی به‌ دانانی قه‌یوم زه‌وت كرد. رژێمی قه‌یوم كه‌ له‌ ساڵی ٢٠١٦ه‌وه‌ كه‌وتووه‌ته‌ كار، ئێستا له‌سه‌رتاسه‌ری وڵاته‌كه‌دا بڵاوبووه‌ته‌وه‌ و بناغه‌ی ده‌سه‌ڵاتێكی تاكڕه‌ویان دامه‌زراندووه‌. ئێمه‌ ئه‌و كاتیش وتمان كه‌ رژێمی قه‌یوم ته‌نیا بۆ گه‌لی كورد و شاره‌وانیه‌كانی هه‌ده‌په‌ نییه‌. به‌داخه‌وه‌ كه‌ ئه‌و وته‌یه‌ راست ده‌رچوو. له‌ ساڵی ٢٠١٦دا ده‌ستیان به‌سه‌ر شاره‌وانیه‌كانی ئێمه‌دا گرت، به‌ڵام نه‌یانتوانی ئیراده‌ی گه‌ل له‌ناو ببه‌ن. له‌ هه‌ڵبژاردنی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی خۆجێییدا سه‌رجه‌م شاره‌وانیه‌كانمان وه‌رگرته‌وه‌ و له‌ قه‌یوم پاكمان كردنه‌وه‌ و له‌ شاره‌كانی رۆژئاواش ده‌سه‌ڵاتمان تووشی دۆڕاندن كرد. به‌وه‌ش ئێمه‌ بناغه‌ی هیوامان دروست كرد. ئه‌وانیش هێزی ئێمه‌یان بینی. ئێمه‌ ٦٥ شاره‌وانیمان به‌ده‌ستهێنا، به‌ڵام به‌ ساخته‌كاری هه‌ندێكیان لێسه‌ندین. دواتریش له‌ سایه‌ی رژێمی قه‌یوم ته‌نیا ٦ شاره‌وانیان به‌ده‌ست ئێمه‌وه‌ هێشت".

له‌ درێژه‌دا سانجار ئه‌وه‌ی خسته‌ڕوو كه‌ ده‌سه‌ڵات ترسا له‌وه‌ی هه‌ده‌په‌ مۆدێلێكی به‌ڕێوه‌به‌ری هه‌رێمی گه‌لپارێز دابمه‌زرێنێت و بۆ سه‌رتاسه‌ری وڵاته‌كه‌ ببێته‌ نمونه‌. سانجار به‌م جۆره‌ به‌رده‌وام بوو له‌ قسه‌كانی: "سه‌رباری هه‌موو كه‌موكوڕییه‌كانیش ئێمه‌ له‌ پێناو گه‌لدا كار و چالاكیمان كرد. ئه‌و شاره‌وانیانه‌ بۆ گه‌نجان، ژنان و ته‌واوی گه‌ل و هه‌ژاران دامه‌زراوه‌ی خزمه‌تگوزارییان دامه‌زراند. بۆ به‌ره‌وپێشبردنی كولتووره‌كه‌مان و پێكه‌وه‌ ژیانی هه‌موو كولتووره‌كان، كارمان كرد. ئه‌وه‌ شاره‌وانی گه‌لپارێزبوون. له‌وه‌ ترسان و له‌ رێگه‌ی قه‌یومه‌وه‌ ده‌ستیان به‌سه‌ردا گرتن. به‌ڵام تێكۆشانمان كۆتایی نه‌هات و كه‌س نه‌یتوانی ئیراده‌مان له‌ناو ببات. یه‌ك له‌ هۆكاره‌كانی ئاماده‌بوونمان لێره‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ده‌ست به‌ كارو چالاكی ئه‌و خزمه‌تگوزارییانه‌ بكه‌ین. بۆ شاره‌وانییه‌كانی خۆیان چه‌ندین ملیار لیره‌ بودجه‌ ته‌رخان ده‌كه‌ن، به‌ڵام له‌ گه‌لی ده‌دزن و خزمه‌ت ناكه‌ن. ئێمه‌ نه‌ك بۆ دزیكردن له‌گه‌ل، به‌ڵكو بۆ خزمه‌تی گه‌ل تێده‌كۆشین و خه‌بات ده‌كه‌ین. ده‌با ئه‌م خزمه‌تی ئه‌مڕۆ لێره‌ ده‌ستیپێده‌كه‌ین پیرۆزی گه‌ل بێت".

سانجار ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو، كه‌ باش ده‌زانن كه‌ تێكۆشانی ئێستا به‌ ته‌نیا ناتوانن درێژه‌ پێبده‌ن و وتی، " رێگه‌ی چاره‌سه‌ری ئه‌وه‌یه‌ كه‌ له‌ دژی رژێمێكی دیكتاتۆر و سه‌ره‌ڕۆی به‌م جۆره‌، به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیه‌كی به‌م جۆره‌ سته‌مكار و تاڵانچی، ئێمه‌ هاوپه‌یمانی دیموكراسی به‌ شێوه‌ی به‌رفراوان دابمه‌زرێنین. ئێمه‌ ده‌مانه‌وێت هه‌موو لایه‌نه‌ دیموكراسی خوازه‌كان، دادپه‌روه‌ری خوازه‌كان كۆبكه‌ینه‌وه‌ و پێكه‌وه‌ تێبكۆشین. ئه‌نجامی به‌رجسته‌ی ئه‌وه‌ش هاوپه‌یمانی ره‌نج و ئازادیه‌. ئێمه‌ ئه‌و هاوپه‌یمانیه‌مان دامه‌زراند و له‌ ٢٤ی ئه‌یلولدا له‌ ئیسته‌نبوڵ به‌ ئاهه‌نگێكی گه‌وره‌ رایده‌گه‌یه‌نین و نه‌خشه‌ڕێكه‌ی ئاشكرا ده‌كه‌ین. هه‌ر به‌وه‌وه‌ ناوه‌ستین. دیموكراسی له‌ هه‌رێمه‌كه‌ داده‌مه‌زرێت و ئه‌گه‌ر له‌ هه‌رێمه‌كان دیموكراسی نه‌بێت، له‌ ناوچه‌كانیش نابێت. هه‌ر بۆیه‌ ده‌بێت ئێمه‌ دیموكراسی له‌ هه‌رێمه‌كان به‌ رێكخراو بكه‌ین. ده‌بێت هه‌موو هێزه‌ دیموكراسیه‌كان كۆببنه‌وه‌ و ئه‌و خه‌باتانه‌ به‌ڕێوه‌ببه‌ن".

سانجار له‌ به‌رده‌وامی قسه‌كانیدا سه‌رنجی راكێشا بۆ سه‌ر هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مان و سه‌رۆككۆماری ئه‌م هه‌ڵسه‌نگاندنه‌ی كرد، "ئێمه‌ ده‌مانه‌وێت به‌م هاوپه‌یمانیه‌ بچینه‌ هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مان. ئێمه‌ هێزی گه‌لان و ئیراده‌یان ده‌كه‌ینه‌ ناونیشانی چاره‌سه‌ری له‌م وڵاته‌. بۆ سه‌ره‌تایه‌كی نوێی دامه‌زراندن هه‌ڵبژاردن ده‌رفه‌تێكی گه‌وره‌یه‌. ئه‌گه‌ر ئێمه‌ بێینه‌ لای یه‌ك، هێزێكی گه‌وره‌ دێته‌ ئاراوه‌. ئه‌و كاته‌یه‌ كه‌ كه‌س ناتوانێت ئه‌و هێزه‌ به‌ نه‌بوو دابنێت و تێده‌گه‌ن كه‌ به‌ بێ ئه‌م هێزه‌ ناتوانن هیچ شتێك بكه‌ن. تێكۆشانی ئێمه‌ دوو جار ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌ی تووشی شكست كرد. له‌ ٧ی حوزه‌یرانی ٢٠١٥دا و له‌ هه‌ڵبژاردنی ٣١ی ئاداری ٢٠١٩ له‌ ئیسته‌نبوڵدا. ئێمه‌ ئه‌مجاره‌ش تووشی دۆڕانیان ده‌كه‌ین. ئێمه‌ بۆ سه‌ركه‌وتن تێده‌كۆشین. ئێمه‌ ئه‌م رژێمه‌ تووشی دۆڕاندن ده‌كه‌ین، به‌ڵام قازانج به‌ وڵاته‌كه‌، به‌ دیموكراسی، ئاشتی، دادپه‌روه‌ری و گه‌لان ده‌گه‌یه‌نین. ئامانجێكی ئێمه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ له‌ لایه‌كه‌وه‌ ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌ تووشی شكست بكه‌ین و له‌لایه‌كی تره‌وه‌ رێگری له‌ هاوشێوه‌كانیان بكه‌ین كه‌ نه‌بنه‌ ده‌سه‌ڵاتدار. یاخود ئێمه‌ نامانه‌وێت هه‌مان هۆشمه‌ندی له‌ ژێر ناوی پارتی جیاوازدا ئێمه‌ به‌ڕێوه‌ببه‌ن. ئێمه‌ هه‌م له‌ دژی ئه‌م رژێمه‌ین و هه‌مش له‌ دژی ئه‌وانه‌شین كه‌ ده‌یانه‌وێت رژێمی كۆن بگه‌ڕێننه‌وه‌. ئێمه‌ سه‌ره‌تایه‌كی نوێمان ده‌ێت كه‌ شه‌ڕ، خوێن و تاڵانی تێدا نه‌بێت و دیموكراسی به‌هێز بكات".

هاوسه‌رۆكی گشتیی هه‌ده‌په‌ میدحه‌ت سانجار به‌م جۆره‌ كۆتایی به‌ قسه‌كانی هێنا: "جۆش و خرۆشتان به‌ باشی ده‌بینم. شانده‌كانمان له‌ زۆر ناوچه‌ی ئه‌م وڵاته‌ ده‌گه‌ڕێن و درك به‌و جۆش و خرۆشه‌ ده‌كه‌ن. گه‌له‌كه‌مان ده‌بینێت كه‌ هیوا له‌ كوێیه‌. به‌راستیش هه‌ده‌په‌ گه‌له‌. سه‌رباری دۆسیه‌كانی چه‌واشه‌كاری و خه‌ڵه‌تاندن، گوشار، دۆسیه‌كانی گرتن و ئۆپراسیۆنه‌كانیش ناتوانن سه‌ر به‌گه‌ل دانه‌وێنن. به‌پێچه‌وانه‌شه‌وه‌، گه‌ل له‌ دژی سته‌م تا كۆتایی خۆڕاگری ده‌كات. تێكۆشانی ئێمه‌، تێكۆشانی دیموكراسییه‌. تێكۆشانی ژیانی شكۆمه‌ندانه‌یه‌. تێكۆشانی ئاشتی و ژیانێكی ئازاد و یه‌كسانه‌. ئێمه‌ ئاماده‌كاری بۆ هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مان ده‌كه‌ین و به‌ دڵنیاییشه‌وه‌ بۆ هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆككۆماریش رێكار و شێوازی خۆمان هه‌یه‌. به‌ڵام یه‌ك له‌ پرسه‌ گه‌رمه‌ گرنگه‌كانمان هه‌ڵبژاردنی ئاداری ٢٠٢٤ه‌. بۆ ئه‌وش ده‌بێت ئێمه‌ باش كار بكه‌ین. ده‌بێت گوند به‌ گوند، گه‌ڕه‌ك به‌ گه‌ڕه‌ك، ناوچه‌ به‌ ناوچه‌، شار به‌ شار ئێمه‌ له‌ ئاماده‌كاری هه‌ڵبژاردنی ئاداری ٢٠٢٤دا بین. بۆ دامه‌زراندنی دیموكراسی هه‌رێمی ده‌بێته‌ هه‌ڵبژاردنێكی مێژوویی. هه‌ر بۆیه‌ ده‌بێت ئێمه‌ ره‌نجێكی گه‌وره‌ بكێشین. به‌وه‌ش كۆتایی به‌ سیاسه‌تی تاكڕه‌وی، سته‌مكارانه‌ و شه‌ڕ بهێنین".

دوای وته‌كانی سانجار چالاكییه‌كانی شاره‌وانی كرده‌وه‌ و بناغه‌ی خزمه‌تگوزارییه‌كانی دانا. دواتریش له‌ ناوه‌ندی ناوچه‌كه‌ سه‌ردانی كاسبكارانی كرد.

هـ . ب