شەهید شوكری سەرحەد و رۆڵی بکەری دیار

تیرۆرکردنی شەهید شوکری بە بەرچاوی دەیان کامێراوە لە رۆژی رووناک دا و دەربازبوونی بکوژە تیرۆریستەکانی نیشانی دەدات، مام شوکری لەلایەن بکەر دیارەکانەوە تیرۆر کراوە، نەک بکوژ نادیارەکانەوە.

پێشتر لە توركیا و لە شوێنگەلی دیکەش لە كوشتن و تیرۆری ئازادیخوازان و تێكۆشەراندا باسی بکەری نادیار دەكرا، بکەری نادیار ناونان بوو بۆ دەسته خوێناویەكانی دەسەڵات لە كوشتنی چالاكانی سیاسیدا، بەڵام لە پشتی پەردەوه، یانی بكوژەکە نادیار بوو، لە توركیا فاشیست و گورگه بۆرەكان و ئەوانەی کە چاویان بە بوونی كوردو جیاوازیدا هەڵنایەت ، بەو كاره زۆر دەنگی جیاوازیان لەو دا ، بەڵام سەرکەوتو نەبوون لە كۆتایهێنان بە ویستی ئازادی و خۆخاوەنی .

بکەری نادیار لە توركیا لە هەرێمی كوردستانیش رۆڵی  مەترسیداری لە سەركوتكردنی ئازایخوازاندا بینیوه ، بۆ هەرێمی كوردستان كوشتنەكانی ساڵانی نەوت و یەك بە دواوەوە لە بادینان تا 1994 بەشێكن لەو پرۆسەی سەركوتكردنە ، کە تێیدا باشترین كادیری حزبەكانی ئەو ناوچەیە تیرۆر كران ، هەرچەند زۆر بە ئاسانی دەتوانرا بکەری ئەو رەشە كوژیە بدۆزرێتەوە ، بەڵام هیچ هەنگاوێكی ئەرێنی لەو بارەیەوە نەنراو خوێنی قوربانیەكانیش بە هەدەر چوو .

تیرۆری " یاسین بولوت " شوكری سەرحەد لە ناو شاری سلێمانی و بە بەر چاوی دەیان كامێراوه ، دواتریش دەرباز بوونی بكوژەكان بە ئێمه دەڵێت ، ئەمەیان كاری بكوژی نادیار نیە و كاری بكوژی دیاره ، بكوژی دیار بریتیە لەو کەسەی بۆ دەزگایەكی هەواڵگری و بە برێك پاره ئەو كاره دەكات ، ئەم جۆره لە بكوژ جگه لە خیانەتە پیسەکەی بكوژی بەكرێگیراویشه ، بكوژێك کە كاری ملدان و جێبەجێكردنی فرمانە و هیچی تر ، لەم كوشتنەدا كوشتنەکەی دكتۆر عەبدولستار تاهیر شەریفمان بیر دەکەوێتەوە ، ئەو پیاوەی بە رۆژی روناك لە ناو کەركوك تیرۆر كرد ، لە كاتێكا ئەو خۆی وتەنی پێنج و دوو رۆژێكی لە ژیاندا مابوو .

شوكری سەرحەد لە دایكبووی 1957 قەرس تەمەنی 64 ساڵ بوو ، پیاوێك بوو تاڵی و ئازاری زیندانی فاشیزمی توركی چەشتبوو ، پتر لە چوار دەیەبوو بە گژ ستەمدا چووبوەوە ، مرۆڤێك بوو جگه لە ژیانی ئازادانە هیچی تری نەدەویست ، ئەو هێمن گوتەنی "هەڵوهدای ئازادی بوو " .

شوكری بەو تەمەنەوەو بە جەستەیەكی ماندو  شەکەتەوە لە خزمەتی کەس و كاری ئەو شەهیدانەدا بوو کە ستەمكاری تورك و دەوڵەتی  ستەمگەرای تورك شەهیدی كردبوون ، مرۆڤ کە دەبینێ پیاوێك بەو تەمەنەوه هەزار كیلۆمەتر دوو لە زێدی خۆی بزه دەخاته سەر لێوی کەس و كاری شەهید و بە گژ ستەمكاریدا دەچێتەوە ، لەخۆی دەپرسێت ئەمه چ ئاكارێکە لە بری ئەو لە وڵاتەکەی خۆیدا خزمەت بكرێت ، کەچی فاشیزم لە دەرەوەی وڵاتی خۆیشی نایەوێت بژێت ، هەر وڵاتێك گەردیلەیەك دیموكراسی تیابێت ، هەر وڵاتێك بەڕێوه بەرانی گەردیلەیەك کەرامەت و ئاكاریان هەبێت دەرهەق بە كوشتنی ئەو پیاوه دەبێت تەریقبنەوەو شەرم بیانگرێت .

لە كوشتنی مام شوكریەوە پێویسته دەوڵەتی فاشیزمی توركیا بخرێته ژێر پرسیارەوە ، ئەو لە دور ترین پنتی دنیا هاونیشتمانیەكی خۆی دەكوژێت ، کە تەمەنی هاوتای تەمەنی کەنارگیری و پشودانە ، ئاخۆ میدیای تورك ، رۆشنبیران ، رۆژنامەوان و نوسەران و ئازادیخوازانی تورك دەرهەق بەو جۆره لە كوشتن هیچ كاردانەوەیەكیان نابێت ، هەڵبەت لە كوشتنی ئەو کەسەوە دەبێت لەو راستیە تێبگەین دەوڵەتی فاشیزمی تورك چەند لە كورد و لە ئازادی كورد زەندەقی چووه ، كوشتنی مام شوكری زەندەق چوونی توركیایە لە ئازادی و جیاوازی .

 بکەری دیار مام شوكری تیرۆر كرد ، ئەگەر میتێكی تورك یان كوردێكی بە كرێگیراو بێت هیچ لەوه ناگۆڕێت بەم شێوازه ناشرینە كورد كۆتای نایەت و خەباتیش پەكی ناکەوێت ، ئایندە بۆ ئازادیخوازن و نیشتمانپەروەر خاوەن ئاكاره بەرزەكانی مرۆیی بوونە ، نەك بۆ بكوژو جەلادەكان .

ژ.ت