بە دیمەن

'شۆڕشی ڕۆژئاوا بۆ جیهان هەنگاوێکی مێژووییە'

١٣ـیەمین ساڵیادی شۆڕشی ١٩ـی تەممووز لە قامیشلۆ بە جۆشوخرۆشێکی زۆرەوە پیرۆزکرا. لەنێو ئامادەبوواندا خەرما عەلی، حەسەن شەرۆ و جەوهەر عوسمان وتیان، لە ژینگەیەکی پڕ لە قەیراندا، شۆڕشی ڕۆژئاوا بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهان خاوەن گرنگییەکی مێژووییە.

کۆبوونەوەی گەل لە قامیشلۆ بە مەبەستی پیرۆزبایکردن و سڵاوکردن، بەبۆنەی ساڵیادی شۆڕشی ١٩ـی تەممووزەوە بەڕێوەچوو. لە پیرۆزباییەکەدا ڕاگەیاندرا کە ئەو شۆڕشە نەک تەنها بۆ ڕۆژئاوا، بەڵکو بۆ هەموو گەلانی ڕۆژهەلاتی ناوەڕاست و جیهان مێژوویی بوو.

لە بەڕێوبەرانی بنەماڵە شەهیدەکانی تربە سپی خەرمان عەلی، بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات قسەی کرد و وتی: "ئەمڕۆ بۆ ئێمە ڕۆژێکی زۆر تایبەت و مانادارە. مەزنترین هیوامان ئەوەیە کە چوار پارچەی کوردستان ئازاد ببێت و هەموو ڕۆژێکی گەلەکەمان جەژن بێت."

هاوسەرۆکی ئەنجوومەنی بەڕێوەبەری ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریی دیموکراتیکی کانتۆنی جزیرە حەسەن شەرۆ ڕایگەیاند: شۆڕشی ١٩ـی تەممووز بۆ ئاواکردنی سوریایەکی دیموکراتیک هەنگاوێکی بنەڕەتییە. ١٩ـی تەممووز نەک تەنها بۆ گەلی ڕۆژئاوا بەڵکو بۆ هەموو گەلانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا بووەتە خاڵێکی مێژوویی. ئەمرۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بووەتە نموونەیەکی گرنگی مۆدێلی نەتەوەی دیموکراتیک. پێویستە سوریا بەیەکەوە سیستەمەکەی دابمەزرێنێت، بە ناسنامە، باوەڕی و دەنگی خۆی تێیدا جێگیربێت. ئەمڕۆ ئەو سیستەمەی لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا دامەزراوە، نموونەی ئەم ژیانە هاوبەشەیە. هەمووان ئەم ڕۆژە بە جۆشوخرۆشەوە پیرۆزدەکەن."

ئەندامی ئەنجوومەنی ژنانی ڕێکخراوی بنەماڵە شەهیدەکان جەوهەر عوسمان: "ئەم شۆڕشە بەپێشەنگایەتی ژنان و گەنجان بەڕێوەبرا، شۆڕشی ١٩ـی تەممووز بە پێشەنگایەتیی گەلی کورد دەستیپێکرد، بەڵام لە ماوەیەکی کەمدا گۆڕا بۆ شۆڕشێکی هاوبەشی گەلانی ناوچەکە. ژنان پێشەنگایەتی ئەم شۆڕشەیان کرد و گەنجانیش بەفراوانی بەشداری نێو ڕیزەکانی تێکۆشان بوون. ئەم ڕووداوانەی کە ئەمڕۆ ڕوودەدەن لە دژی هێزە تاریکبیرەکان، بەفیداکاری منداڵانی ئێمە بەردەوامیان هەیە. لەبەرئەوە شۆڕشی ١٩ـی تەممووز وەکو پڕۆژەیەکی مێژوویی دەبینین و بەم ڕوحەوە لە تێکۆشانەکەمان بەردەوام دەبین."