سمکۆ سابیر: باشووری کوردستان لە بەردەم دۆخێکی مەترسیدارە

هێرش و بۆردومانەکانی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر بۆ سەر باشووری کوردستان بەردەوامی هەیە، نوسەر و چالاکوانی بواری ئەنفال، سمکۆ سابیر وتی: " جارێکی تر هەست بەوە دەکەین لە بەردەم جینۆساید و کۆمەڵکوژییداین."

دەوڵەتی تورکی قڕکەر و فاشیست لە  هێرش و داگیرکاری بۆسەر باشووری کوردستان بەردەوامە و دەسەڵاتدارانی باشووری کوردستان لە بەرامبەر هێرشەکانی دەوڵەتی تورکی داگیرکەردا تاوەکو ئێستا بێدەنگ و بێ هەڵوێستن. لەم بارەیەوە نوسەر و چالاکوانی بواری ئەنفال سمکۆ سابیر بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) قسەی کرد.

'لە باشوور هاوکاری دەوڵەتی تورکی داگیرکەر دەکرێت'

نوسەر سمکۆ سابیر باسی لەوە کرد ئەوەی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر لە ئێستادا ئەنجامی دەدات ئامادەکاری زۆری بۆ کردووە، لە ناوخۆی باشووریشدا هاوکاری کراوە و وتی: " لە ڕابردوودا بەهۆی جینۆساید و کۆمەڵکوژی عوسمانی و دەوڵەتی تورکیا، کۆمەڵێک نەتەوە جینۆساید کران و تەنانەت زمانەکەشیان نەما. دۆسێی جینۆساید لەسەر خەلافەتی عوسمانی و دەوڵەتی تورکیا ساغبوویەوە. دەوڵەتی تورک هەمیشە چاوەڕوانی ئەوەی لێ دەکرێت کۆمەڵکوژی ئەنجام بدات، سەرەڕایی کۆمەڵکوژی و تاوانە گەورەکانی دەوڵەتی تورک بەشێکی زۆری وەک جینۆساید نەناسێنراون، ئەگەر دادگایەک هەبێت ئازادانە کاری لەسەر بکات هەموو تاوانەکانی دەوڵەتی تورک، کە کردوویەتی وەک سڕینەوەی شوناس و چەوساندنەوەی گەلان، هێرشکردنە سەر چوارپارچەی کوردستان هەموو ئەمانە دەبێتە جینۆساید و تاوانی جەنگ."

'باشووری کوردستان لە بەردەم مەترسییەکی گەورەیە'

سمکۆ سابیر ئەوەشی ڕاگەیاند بێدەنگبوون لە بەرامبەر هێرش و داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر مەترسییەکی گەورەیە و گوتی: "ئەگەر کۆمەڵگای ئێمە بێدەنگ بێت بە تایبەت باشوور ئەوا پێشبینی ڕەوشێکی خراپ دەکەم. باکوور خۆی بە ڕێکخستن دەکات و بەرخۆدان دژی دەوڵەتی تورک دەکات بە هەمان شێوە ڕۆژئاوا لە خەباتێکی شەرەفمەندانەدایە. لە باشووری کوردستاندا نەک بەرخۆدان ناکرێت بەڵکو هاوکاری دەکرێت، ڕێگەی بۆ دەکرێتەوە. گەر ئەم هێرش و داگیرکارییانەی دەوڵەتی تورک بەراوردی بکەین بە ئەنفال، ئەگەر جاش و خۆفرۆشان نەبوونایە ئەوا ئەو هەموو شاخ و شوێنانە گەل خۆیان حەشاردابوو تێیدا جاش و خۆفرۆشان ئاشکرایان نەکردایە ئەوا قوربانییەکان بەم شێوەیە نەدەبوو. لە ئێستاشدا هاوشێوەیە خیانەتکار و خۆفرۆشان شوێنی گەریلا و باشوور بە داگیرکەر پیشان دەدەن. ڕێبەرئاپۆ پێیان دەڵێت؛ کوردی بێناموس، بەڕاستی کوردی بێنامووس ئەمرۆ ڕۆڵی ترسناک و قێزەوەنی هەیە لە ڕادەست کردنی خاکی پیرۆزی کوردستان بە دووژمنەکانمان."

'دەوڵەتی تورک ژینگە و شوێنەوارەکان دەشێوێنێت'

سمکۆ سابیر لە درێژەی قسەکانیدا باسی لەوە کرد سەدام حوسێن لە باشووری کوردستان نزیکەی ٤٠٠ هەزار جاشی هەبوو، بەسەرپەرشتی نزیکەی ٣٠٠ موستەشار پێشڕەوی دەوڵەتی عێراقیان کرد بۆ سەر گەلی کورد، بە هەشت قۆناغی جیاواز ئەنفال لە هەر چوار پارێزەگاکە ئەنجام درا و وتی: " بەداخەوە ئەم حکومەتەی ئێستا هەڵوێستی نیە و بێدەنگە، هیچ جیاوازییەکی نیە لەوەی کە ئەنفالێکی تر بەسەر گەلەکەی خۆتدا زیندووکەیتەوە. دەوڵەتی تورک بەهەموو جۆرێک کاولکاری دەکات و ڕەز و باخەکان کە داری تێدایە سەدان ساڵ تەمەنی دەبێت دەیبڕێت یاخود دەیسوتێنێت. تەمەنی گوندەکانی باشووری کوردستان لە مێژووی دەوڵەتی تورک کۆنترە، دەیڕوخێنێت، شوێنەوارە مێژووییەکان دەشوێنێت. ئەگەر دادگایەک هەبێت ئەمە بە تاوان و جینۆساید دەناسێنێت. جارێکی تر هەست بەوە دەکەین لە بەردەم جینۆساید و کۆمەڵکوژییداین، لە بەردەم لە ناوچونی ژینگەی هەرێمی کوردستانداین. لە دوای شاڵاوی ئەنفال ژینگە و گوندەکانی باشووری کوردستان ئاوەدانکراییەوە. بەڵام جارێکی تر ژینگە و گوندەکانی کوردستان لە ناودەچێت، چونکە دەبێتە ناوچەی جەنگ و کاولکاری تێدا ئەنجام دەدرێت بۆیە لێکچوونێکی زۆر هەیە لە نێوان ئەنفال و داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورک، بەداخەوە هاوشێوەی ئەنفال کە جاش و خۆفرۆشان هاوکاری عێراقییان کرد، ئێستاش هاوکاری دەوڵەتی تورک دەکرێت."

'حکومەتی هەرێم کێشە بۆ ژیان و ئازادی دروست دەکات'

سمکۆ سابیر ئاماژەی بەوەشکرد لایەنە سیاسیەکان خۆیان ئاگاداران کە دۆخەکە چەن مەترسیدارە و بێدەنگن، بەڵام لە ئاستی کۆمەڵگە و تاکدا کە ئاگادارن بوونی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر مەترسیدارە، پێویستە دژی بوەستنەوە و هەڵویستیان هەبێت و گوتی: " باشووری کوردستان لە بەردەم دۆخێکی مەترسیدارە بە کۆمەڵێک کێشە و گرفتی قورس تێدەپەڕێت ئەم حکومەتە تا دێت کێشە بۆ ژیان و هاوڵاتیبوون، بۆ ئازادی دروست دەکات. دەبێت وشاربین ئەوانەی دەستیان بۆ ئەم بارودۆخە بردووە ئەیانەوێت خۆمان ڕادەست بکەین، لە ژیانی ئێمەدا خەڵکانێکی وشیارهەن ئەبێت هەڵوێستیان هەبێت، دژی بوەستنەوە و کاردانەوەیان هەبێت. لە باشووری کوردستاندا خەڵکانێک هەیە دژی داگیرکاریین چونکە دەزانن دەوڵەتی تورک ڕۆشتۆتە هەر شوێنێک دەرناچێت، مێژوو گەواهی دەری ئەم قسەیە."

لە کۆتایی قسەکانیدا سمکۆ سابیر وتی: " هیچ دڵخۆش نیم بە هەڵوێستی گروپە نیشتیمانی و سیاسیەکان ئەوانەی کە خۆیان بە نەتەوەیی دەزانن لە ئێستادا هاوکاری داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورک دەکەن و بێدەنگن. ئێمە دەبێت بگەڕێینەوە ناو کۆمەڵگا ئەو تاکانەی باوەرییان بە ژیانێکی ئازاد و شکۆمەندانە هەیە، پێویستە وشیارترییان بکەینەوە کە ژیانی ئێمە لە مەترسیدایە، بۆ ئەوەی هەڵویستیان هەبێت."

 هـ. ب