سەربازانی تورک لە سێرت ١٤ کۆچبەریان کوشت و بریندارکرد
سەربازانی تورک لە ناوچەى بەرواریی سێرت تەقەیان لە ئۆتۆمبێلێکی هەڵگری کۆچبەران کرد. لەو هێرش و دەستڕێژانەدا ٢ کۆچبەر کوژران و ١٢ کۆچبەری تر بریندار بوون.
سەربازانی تورک لە ناوچەى بەرواریی سێرت تەقەیان لە ئۆتۆمبێلێکی هەڵگری کۆچبەران کرد. لەو هێرش و دەستڕێژانەدا ٢ کۆچبەر کوژران و ١٢ کۆچبەری تر بریندار بوون.
سەربازانی دەوڵەتی تورک لە ناوچەى بەرواریی پارێزگای سێرت لە باکووری کوردستان و لە نزیک شارۆچکەى بەگنەدیکێ تەقەیان لە ئۆتۆمبێلێک کرد، کە ٤٨ کۆچبەری ئەفغانی و پاکستانیی تیادا بوو.
ئەو هێرشە لە کاتژمێر ٠١:٣٠ی نیوەشەوە روویدا و بەو هۆیەوە ٢ پەنابەر کوژران و ١٢ پەنابەری تر بریندار بوون.
کۆچبەرە بریندارەکان گواسترانەوە بۆ نەخۆشخانەى فێرکاریی سێرت و شۆفێری بارهەڵگرەکەش بە ناوی ر.ئە دەستگیرکرا. هەروەها دەوترێت، پەنابەرەکانی تر لە شوێنی رووداوەکە رایان کردووە.
پارێزگاری دەوڵەتی تورک لە سێرت بانگەشەی ئەوە دەکات، کە گوایە ئەو ئۆتۆمبێلە گوێی بە هۆشداری و ئاگادارکردنەوەى "راوەستە" نەداوە و لە ئۆتۆمبێلەکەوە تەقە لە سەبازان کراوە و سەربازانیش وەڵامی تەقەکەیان داوەتەوە.
لە زۆربەى رووداوەکاندا بەرپرسانی دەوڵەتی تورک بۆ شاردنەوەى تاوانی سەربازان و هێزە ئەمنییەکانیان لێدوانی لەوجۆرە دەدەن و دواتر لە لێکۆڵینەوەکاندا دەردەکەوێت، کە ئەو جۆرە لێدوانانە چەواشەکارانە بوون و لەبەر ئەوەش زۆربەى خەڵک بڕوا بەو جۆرە لێدوانانە ناکەن.
ژ.ت