سەربازانی دەوڵەتی تورک ٢٩ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٠ لە گوندی ئاویان لە شارۆچکەى باژێرگانی ناوچەى گەڤەر لە پارێزگای جۆلەمێرگ هاووڵاتییەکی کوردی تەمەن ٦١ ساڵیان بە ناوی شەرالی دەرەلی لە ٥٠ مەتریی گەوڕی مەڕ و ماڵاتەکەیدا کوشت.
ئەو دیمەنانەى لە سەروبەندی کوشتنەکەدا تۆمار کرابوون بڵاوکرانەوە. بەپێی دیمەنەکان تەرمی شەرالی دەرەلی لەسەر زەوییە و بە پانچۆیەکی سەربازیی سوپای تورک داپۆشراوە و سەربازانی تورک لە دەورووبەری تەرمەکەدان و بە چەکی لولەدرێژەوە پاسەوانی دەدەەن.
کەسێک لە دیمەنەکەدا قسە دەکات و وادیارە برازای دەرەلییە و دەڵێت، "ئەو کەسەى ئێستا لەسەر زەویی کەوتووە مامەمە. مامەم لە نزیکەى ٢٠ بۆ ٣٠ مەتر لەسەروو گوندەکەمان (رووناکایی گوندەکە بە کامێراکەى نیشان دەدا) یەک لەسەر یەک درایە بەردەستڕێژی گولـلە. سبەی یان دووسبەی دەڵێن، تەقەمەنیی سی فۆری (C-4) پێ بووە، بەڵام مامە تەمەن ٦٠ ساڵەکەم هیچ تاوانێکی نییە".
لە بەردەوامیی دیمەنەکەدا کاتێک کەسوکاری شەرالی دەرەلی دەڕۆن تەرمەکە وەربگرنەوە، لەلایەن سەربازانی تورکەوە گولـلەیان بەسەردا دەتەقێندرێت و بۆمبی گازییان بۆ هەڵدەدرێت و هەر ئەو کەسەى لە ڤیدیۆکەدا قسە دەکات دەڵێت، "ئەوەیە، دەوڵەتێک کە پێی دەڵێن تورکیا، ئەوەیە" و جارێکیتر تەرمی مامەی، کە لەسەر زەوی کەوتوە نیشان دەدات. لە دیمەنەکەدا چەندین سەربازی تورک دەبیندرێن هەروەها دەنگی هاواری کەسوکار و خزمانی دەرەلیش دەبیسترێت.
ژ.ت