گەڕانەوەی بنەماڵە ئێزدییەکان لە کەمپەکانی باشووری کوردستان سەرەڕای هەموو ئاستەنگی و هەڕەشەکانی پەدەکە بەردەوامە. هەفتەی ڕابردوو نزیکەی ١٠٠ بنەماڵە گەڕانەونەتەوە شنگاڵ. لە نێو بنەماڵە گەڕاوەکاندا کەسانی ناسراو عەشیرەیی هەن کە لە دوای گەیشتنیان بەشداری ڕێکخراوە و ئیدارەکانی خۆسەری شنگاڵ دەبن و بارگرانی ئاوەدان کردنەوە و گەشەکردنی شنگاڵ لە ئەستۆ دەگرن.
یەکێک لەو کەسانە، سەرۆک عەشیرەیەێک بەناوی خەلەف عەلییە، کە مانگێک پێش ئێستا لە کەمپەکانی باشووری کوردستان گەڕاوەتەوە دەڤەری تلەزێری شنگاڵ. خەلەف عەلی لە کاتی هاتنیدا پەیوەندی بە کۆمیتەی گەلی خۆسەری شنگاڵەوە کردووە. خەلەف عەلی ڕایگەیاند، ئاسایش و سەقامگیری شنگاڵ لە هەرێمی کوردستان کەمتر نییە و داوای گەڕانەوەی سەرجەم ئێزدییەکانی ناو کەمپەکان دەکات.
"گەڕاینەوە بۆ ئاوەدان کردنەوەی شارەکەمان"
خەلەف عەلی ڕایگەیاند، دوای ٩ ساڵ مانەوە لە نێو کەمپەکانی باشووری کوردستان لەگەڵ بنەماڵەکەمان گەڕاینەوە شنگاڵ و دەڵێت:"دۆخی ژیان لە کەمپەکان زەحمەتە، ئێستا شنگاڵ ئارام و ئاوەدانە، گەلەکەمان دەتوانێت بگەڕێتەوە ئێمە بۆ دروست کردنی شارەکەمان گەڕاینەوە شنگاڵ. داوا لە هەموو گەلە کۆچبەرەکەمان دەکەم بگەڕێنەوە، با شنگالمان وەکوو پێشتر لێ بکەینەوە."
ئەگەر شنگاڵ بە چۆڵی بهێڵینەوە، ئەوە ئامانجی داعش بەدی دێت'
خەلەف عەلی زانیاری دا و وتی:"ئێستا نزیکەی ٧٠-٨٠ هەزار ئێزدی لە کەمپەکانی باشووری کوردستان و دەوروبەر بوونیان هەیە و ئێستا هەنگاوی گەڕانەوە بۆ شنگاڵ دەستی پێکردووە، گەل دەگەڕێتەوە و خانووەکانی ئاوەدان دەکاتەوە." دۆخی شنگاڵ باش و ئارامە، هیچ کێشەیەک نییە. بۆ کۆمەڵگەی ئێزدی چوون بۆ ئەوروپا چارەسەر نییە. ئەگەر شنگاڵمان بە چۆڵی بهێڵینەوە، ئامانجی داعش بەدی دێت!''
شەمۆ خوەدێدا ئەندامی دەستەی عەشایری شنگاڵ، باسی گەڕانەوەی ئەو بنەماڵانانەی کرد و وتی:"رۆژی ٣ی ئابی ٢٠١٤، لە ڕۆژێکی تاریکدا، خیانەتێکی گەورە بەسەر کۆمەڵگەی ئێزدیدا هات، چونکە کۆمەڵکوژیی بەسەر شنگاڵ و کۆمەڵگەی ئێزدیدا ئەنجامدرا. خیانەت و خەنجەرێکی ژەهراوی خرایە دەستی سەرۆک عەشیرەکانی شنگاڵ. ئێمە خۆشحاڵین بە گەڕانەوەی کەسانی وەک خەلەف عەلی بۆ شنگاڵ و بەشداری لە تێکۆشانی کۆمەڵایەتی. لەوبڕوایەداین کە ئەرکی گەلەکەی هەڵبگرێت و باری شنگاڵ سووکتر بکات."