سوپای تورکی داگیرکەر تۆپی تایبەت بۆ ئاگرتێبەردانی دارستانەکانی زاپ بەکار دەهێنێت

لە ناوچەکانی زاپ سوتانی دارستانەکان بە هۆی هێرشەکانی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر روی لە زیادبوونە و هەموو رۆژێک ئاگر لە ناوچەکە بەردەدەن و زۆربەی دارستانەکانیان سوتاندووە.

٢٣ی نیسانی ئەمسال دەوڵەتی داگیرکەری تورک بە ئامانجی داگیرکردنی خاکی باشووری کوردستان لە ناوچەکانی ئاڤاشین، زاپ و مەتینا دەستی بە ئۆپەراسیۆن کرد. ئەرتەشی تورکیا هەوڵی‌دا کە لە ماوەیەکی کورت‌دا بەشێکی زۆر لە ناوچەکە داگیر بکات و بە نیازی ئەوە بوو هەر زو خۆی لە قوڵاییەکانی خاکی باشوری کوردستان دا جێگیر بکات. بۆ بەدیهێنانی ئەمە سەرەتا لە رێگەی ئاسمانیەوە بە چری ئەم ناوچانەی بۆردومان کرد و دواتر بە کۆپتەری جەنگی ویستی سەربازانی خۆی جێگیر بکات. هەر لە شەوی سەرتای ئەم ئۆپەراسیۆنەوە هەوڵەکانی دەوڵەتی تورک لەلایەن گەریلاکانەوە پوچەڵ کرانەوە. ئەرتەشی تورکیا روبەروی خۆڕاگری گەریلا هات. هێزی هەوایی و عەرزی ئەرتەشی تورکیا نەیتوانی چۆک بە خۆڕاگریی گەریلا هەم لە ناو تونێلەکانی شەڕدا و هەم لە دەرەوەی تونێلەکانی شەڕدا دانێت. ئەمجارەیان دەوڵەتی تورکیا دەستی بە بەکارهێنانی چەکی کیمیایی و قەدەغەکراو کرد لە سەر گەریلاکان و بەم شێوەیە ویستی لە داگیرکردنی خاکی باشوری کوردستان‌دا بگا بە ئارمانج.

گەریلا پارێزوانی شاخە و شاخ گەریلای پاراستووە

دەوڵەتی تورک وەکو دەیەویست نەیتوانی لە ماوەیەکی زۆر کەم دا ئەو شوێنانەی کە بە هیوای گرتنی بوو، بیگرێ. ئەمجارە دەستی بە لە ناوبردن و سوتاندنی دارستانەکانی باشووری کوردستان کرد. شاخ و دارستانەکانی کوردستان بە ساڵانە شوێنی گەریلایە و گەریلا هەم پارێزوانی ئەم شاخانە بووە و هەمیش شاخ گەریلای پاراستووە. یەکێکیش لە ئامانجەکانی دەوڵەتی تورک لە سوتاندنی شاخ و دارستانەکان، ئاستەنگی دروست کردن بۆ گەریلاکانە. بەڵام ئێمە بووینە شاهیدی ئەوە و بینیمان کە ئەم رێبازانەی شەڕی تورکیا لە بەرامبەر گەریلادا سوودی نابێت و گەریلا لە هەر هەل و مەرجێک‌دا لە بەرامبەر داگیرکەران خۆڕاگری و چالاکییەکانی بەردەوام دەکات.

ئەرتەشی تورکیا بۆ سوتاندنی ئەم ناوچانە تۆپی تایبەت بەکار دێنێت

لە سەرەتای ئەم ئۆپەراسیۆنەوە هەتا ئێستا ئەرتەشی تورکیا زەرەر و زیانێکی گەورەی لە دارستانەکانی باشووری کوردستان داوە. سەرەتا بە بڕینی دارەکان لە ناوچەی مەرڤانۆس و دواتر لە وەرخەلی سەر بە ئاڤاشین و ناوچەکانی زاخۆ ئەم  هێرشە دڕندانەیەی بەردەوام کرد. هەروەها لە پاڵ ئەمەدا بە بۆردومان و تۆپباران بۆ سەر ناوچەکانی باشوری کوردستان ئاگری لە دارستانەکان بەردا. یەک لەو شوێنانەی کە هێشتاش دەسوتێ و ئاگر رۆژ بە رۆژ تەشەنە دەسەنێت، دارستانەکانی ناوچەی زاپن. لە ناوچەکانی کورۆژارۆ، وەرخەلی، شەهید شاهین و کۆنیشکا ئەم ئاگرە نەکوژاوەتەوە و سروشتی ناوچەکە زیاتر لەناو دەچێت. ئەرتەشی تورکیا بۆ سوتاندنی ئەم ناوچانە تۆپی تایبەت بەکار دێنێ و تایبەتە بۆ سوتاندنی دارستان و ئاگر خستنەوەیە. هەتا ئێستاش لە بەکارهێنانی ئەم چەکانە لە سەر ناوچەکە بەردەوامە.

ژ.ت