سی پی تی: لەماوەی مانگێکدا ٩ گوند چۆڵکراون و ١٨٤ خێزان کۆچبەرکراون

تیمەکانی بنیاتنانی ئاشتی کۆمەڵایەتی ئاماری مانگێکی هێرشەکانی دەوڵەتی تورکی ئاشکرا کرد و ڕایگەیاند " لەماوەی مانگێکدا ٩ گوند چۆڵکراون و ١٨٤ خێزان کۆچبەرکراون".

تیمەکانی بنیاتنانی ئاشتی کۆمەڵایەتی (Christian Peacemaker Teams-CPT),، ئاماری مانگێکی هێرشەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورکی بۆ سەر باشووری کوردستان ئاشکرا کرد. لە ڕاپۆرتەکەیدا ئاشکرای دەکات پاش هێرشە داگیرکارییەکان کە لە ١٥ ی حوزەیران دەستی پێ کردووە، ٩ گوند بە تەواوەتی چۆڵکراون و لانی کەم ١٨٤ خێزان کۆچبەر کراون.

سەرچاوە گرنگەکانی تر ئاشکرای دەکەن نزیکەی ٦٠ هەزار دۆنم زەوی کشتوکاڵی سوتاون و کارگەیەکی ئارد و ئۆتۆمبیلێک و ٢ پرۆژەی ئاو و ١٩ ماڵی مەدەنی زیانیان پێگەیشتووە یان وێران بوون.

بەگوێرەی ڕاپۆرتەکە لە ئەنجامی کردنە ئامانجی تۆڕەکانی کارەبا و بورجەکانی کارەبا زیانی مەزن گەیشتۆتە ژێرخانی گوندەکانی بەر گارە و میسکا. هەروەها هێڵی پەیوەندیکردنی تەلەفۆنی لە زیاتر لە ١١٠ گوند پچڕاون.

ڕاپۆرتەکەی سی پی تی بەم جۆرەیە:

"هێرشە ئاسمانی و زەمینییەکانی دەوڵەتی تورک و بۆردوومانە دژوارەکان سەرچاوەی ئابووری دانیشتووان وێرانکراوە. بەتایبەت گوندەکانی دەڤەری ئامێدی و باتیفا زیانی کشتوکاڵی و ژینگەییان توشبووە. خێزانەکان ئاوارەبوون بۆ دێرەلوک و دهۆک و ڕووبەڕووی بێکاری بوونەتەوە، هەندێکیشیان هەوڵ دەدەن بە کرێکاری بژێویی خۆیان پەیدا بکەن.

لە ئەنجامی هێرشە داگیرکارییەکان لانیکەم ٦٨ هەزار هێکتار لە دارستان و زەوییە کشتوکاڵییەکان سووتاون. جووتیارانی ناوخۆیی ئەم کێڵگانە بۆ چاندنی سەوزە و میوە و گوێز بەکاردەهێنن. لە ئەنجامی هێرشەکانی سەربازگەیەکی تازە دروستکراوی نزیک چیای بەهار، گوندی گوهەرز کە ١٠ کیلۆمەتر لە باشووری ڕۆژهەڵاتی قەزای ئامێدی دوورە، لانیکەم ٤٥ جار بۆردومان کراوە و ٦ خانوو و ئۆتۆمبێلێک و پڕۆژەیەکی ئاوی کشتوکاڵی زیانیان بەرکەوتووە.

بەهۆی هێرشە نوێیەکی تورکیا، تەنیا یەک هاووڵاتی مەدەنی بۆتە قوربانی. لە ڕۆژی ١٢ی تەمووزی ٢٠٢٤دا، هاووڵاتییەکی مەدەنی شارۆچکەی سیدەکان بە ناوی (نێچیروان حەکیم)، لە کاتی شوانیدا بووە ئامانجی تۆپخانەکانی سوپای تورکیا و برینداربوو. تۆپبارانەکە، لەلایەن بارەگا سەربازییە نوێیەکەی تورکیا لەسەر چیای شەکیف لە شارۆچکەی سیدەکانەوە ئەنجامدرا. لە ئەنجامی هێرشەکاندا بێجگە لە پچڕانی هێڵی تەلەفۆنی گوندەکان، ڕووبەڕووی پەیامی "بەخێرهاتن بۆ تورکیا" بوونەوە.

دەوڵەتی تورکیا ژمارەی بنکە سەربازییەکانی لە هەرێمی کوردستان زیادکردووە کە بە گشتی ٧٤ بنکە و ١٠ بنکەی دیکەشی زیاد کردووە. لەنێو بنکە نوێیەکاندا ٣ بنکە لە دەڤەری نهێلی ئامێدیە و ٧ بنکە لە ناوچەی باتیفای زاخۆ و یەک بنکە لە دەڤەری سیدەکانی سۆران هەیە. جگە لەوەش سوپای تورک ئێواران خاڵێکی پشکنینی داناوە و شەوانەش لانیکەم ٣ خاڵی پشکنینی کاتی دامەزراندووە و ناسنامە و ئۆتۆمبیلی هاوڵاتیان دەپشکنن.