تاش: پێویستە لە هەموو بوارەکانی ژیاندا زمانی کوردی بەکاربهێنین

ئیبراهیم خەلیل تاش لە کۆمەڵەی توێژینەوەی زمان و کولتووری میزۆپۆتامیا (MED-DER)، بە ئاماژەدان بە بەردەوامبوونی سیاسەتی ئاسمیلەکردن، ڕایگەیاند بۆ ڕێگریی کردن لەو سیاسەتانە، پێویستە زمانی کوردی لە هەموو بوارەکانی ژیاندا بەکار بهێرێت.

ئیبراهیم خەلیل تاش لە کۆمەڵەی توێژینەوەی زمان و کولتوری میزۆپۆتامیا (MED-DER) ڕایگەیاند کە پێویستە زمانی کوردی وەک زمانێکی فەرمی بناسرێت و بۆ ئەوەی بتوانرێت ڕێگری لە سیاسەتی ئاسمیلەکردن بکرێت وتی: "بەرپرسیارێتییەکی گەورە لە ئەستۆی بنەماڵەکاندایە؛ "پێویستە منداڵەکانیان فێری زمانی دایکی و بە کوردی قسەیان لەگەڵ بکەن."

لە ساڵی ١٩٩٩کۆمەڵەی گشتی ڕێکخراوی پەروەردەیی، زانستی و کولتووری نەتەوە یەکگرتووەکان (یونسکۆ) ٢١ی شوباتی وەک "ڕۆژی نێونەتەوەیی زمانی دایک" پەسەند کرد. لە ساڵی ٢٠٠٠ـەوە هەموو ساڵێک ٢١ی شوبات وەک ڕۆژی جیهانی زمانی دایک بەڕێوەدەچێت. یونسکۆ، کە ساڵی ٢٠٠٨ی وەک "ساڵی جیهانی زمانەکان" ناساندووە، بەگوێرەی "ئەتڵەسی ئەو زمانانەی لە ئەگەری لەناو چووندان" کە لە مانگی ئاداری ٢٠١٣دا بڵاوکراوەتەوە، ڕایگەیاند لە ٧ هەزار زمان لە جیهاندا لە سەد ٤٠٪ی ، واتە ٢٥٠٠ زمان، مەترسی لەناوچوونیان لەسەرە. ژمارەی ئەو زمانانەی کە لە ساڵانی ١٩٥٠ لە جیهاندا لەناوچوون دەکاتە ٢٣٠ زمان. هەروەها ١٨ زمان لە تورکیە مەترسی لەناوچوونیان لەسەرە. لە نێو ئەو زمانانەدا زاراوەی کرمانجیی کوردی بوونی هەیە. ئیبراهیم خەلیل تاش، بەڕێوەبەری کۆمەڵەی توێژینەوەی زمان و کولتووری میزۆپۆتامیا (MED-DER) لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) سەبارەت بە سیاسەتەکانی نکۆڵیکردن و ئاسمیلەکردن دژی زمانی کوردی، ڕایگەیاند کە سیاسەتەکانی ئاسمیلەکردن بە زنا بوونەوە بەکار دێن.

چیتر لەناوبردنی زمانی کوردی مەحەڵە

تاش بە ئاماژەدان بە سیاسەتەکانی حکومەتی تورکیا بەرامبەر بە زمان و کولتووری کوردی هەر لە سەرەتای دامەزراندنی کۆمارەوە تا ئەمڕۆ ڕایگەیاند: "بەداخەوە تا ئەمڕۆ ئەو سیاسەتانە بەردەوامن. کاتێک سەیری حکومەتە دیموکراتیکەکان دەکەین، دەبینین کە زمان و کولتوورە جیاوازەکان دەپارێزن و تەنانەت پشتگیریان لێدەکەن. بەڵام کاتێک سەیری تورکیە دەکەین دەبینین تا ئەمڕۆ هیچ دەرفەتێکی بۆ گەشەدانی زمان و کولتووری کوردی نەڕەخساوە و هەوڵی لەناوبردنی دراوە. کورد بە ئیمکاناتی خۆیەوە زمانەکەی پاراستووە و پەرەی پێداوە. پێش دامەزراندنی تورکیە لە ئەنادۆڵدا بەهەزاران زمان و گەل و کولتوور بوونیان هەبووە. هەموویان بەهۆی سیاسەتی ئاسمیلەکردنی حکومەتەوە لەناوچوون. بەڵام کورد بەرخۆدانی کردووە و زمانەکەی پاراستووە، چونکە زمانێکی دەوڵەمەند و ئەدەبیاتێکی زارەکی بەهێزی هەبووە لەناوچوونی زەحمەت بووە. بۆیە ئەمڕۆش هەرچییەک بکرێت، مەحاڵە بتوانرێت ئەم زمانە بتوێننەوە. ئەم زمانە ماوەتەوە و هیچ هێز و حکومەتێکی توانای لەناوبردنی نییە."

دەبێت زمانی کوردی بە فەرمی بناسێندرێت

تاش بە ئاماژەدان بەوەی کە پێویستە زمانی کوردی وەک زمانێکی فەرمی بناسرێت بۆ ئەوەی ڕێگری لە سیاسەتی ئاسمیلەکردن بکرێت، وتی: زمانی کوردی کاتێک گەشە دەکات و پەرە دەستێنێ کە لە پێگە و جێگەی خۆیدا بێت، تا ئێستا حکومەت لەو بارەوە هیچ هەنگاوێکی نەگرتووەتەبەر."

پێویستە گەل خاوەنداری لە زمانەکەیان بکەن

تاش جەختی لەوە کردەوە کە زمانی کوردی لە هەموو بوارەکانی ژیاندا بەکار بهێنرێت بۆ ئەوەی گەشە بکات، وتی: "ئەم زمانە زمانی پارتێکی سیاسی یان دامەزراوەیەک نییە، بەڵکوو زمانی گەلی کوردە. پێویستە گەل خاوەنداری لە زمانەکەیان بکەن و لە هەموو بوارەکانی ژیاندا بەکاری بهێنن. بە تایبەتی بەرپرسیارێتییەکی گەورە دەکەوێتە سەر شانی بنەماڵەکان لەو بارەوە. پێویستە منداڵەکانیان فێری زمانی خۆیان بکەن و قسەیان لەگەڵ بکەن. پێویستە لە هەموو بوارەکاندا بە زمانی خۆمان قسە بکەین. پێویستە هەموو سیاسەتمەدار و ئەکادیمییەکانمان بە بەرپرسیارێتیەوە هەڵسوکەوت بکەن و بە شێوەیەکی بەرفراوان زمانی کوردی لە بوارەکانی کارکردنیاندا بەکاربهێنن. زمانی ئێمە گرنگترین سەرمایەی ژیانی ئێمەیە. بۆیە پێویستە بەجدی بۆ پاراستنی زمانەکەمان تێکۆشان بکەین."