تەرمی ٣ گەریلا بە خاکسپێردران کە لە باگۆکی مێردین شەهید بوو بوون

چەند رۆژ لەوە پێش ٣ گەریلا لە چیای باگۆکی مێردین شەهید بوو بوون، تەرمی ٢ گەریلایان لە قۆسەر و تەرمی گەریلایەکی تریان لە نسێبین بەخاکسپێردرا.

سوپای تورکی داگیرکەر لە ٨ی ئایار لە ناوچەى شاخاوییەکانی گوندی بادب لە ناوچەى نێسبینی مێردین لە چیای باگۆک دەستی بە ئۆپراسیۆن کردبوو. لەو ئۆپراسیۆنەدا شەڕ لە نێوان گەریلاکانی هەپەگە و سوپا داگیرکەری تورکدا روویدا و ژمارەیەک گەریلای ئازادیی کوردستان شەهید بوون، تەرمی ٣ لە گەریلا شەهیدەکان لەلایەن بنەماڵەکانیانەوە ناسرانەوە و وەرگیرانەوە.

روون بوویەوە، تەرمی ئەو ٣ گەریلا شەهیدە هی رەمەزان ئاسلان (باگەڕ) خەڵکی نسێبین و بایرام کوزو (باگەڕ قۆسەر) و مەزڵوم کزلی خەڵکی قۆسەرن. بنەماڵەى شەهیدەکان رۆیشتن بۆ نەخۆشخانەى حکومیی مێردین بۆ ئەوەی تەرمی رۆڵە شەهیدەکانیان وەربگرنەوە، دەستیان بە هەوڵ و جموجوڵ کرد.

لە ئێوارەی دوێنێدا بنەماڵەکان توانییان تەرمەکان وەربگرنەوە و لەبەر ئەوەى ئۆتۆمبێلی گواستنەوەى تەرمیان بە بنەماڵەکان نەدا، بنەماڵەکان ناچار بوون ئامبولانسی تایبەت دابین بکەن. تەرمی رەمەزان ئاسلان لە گۆڕستانی مۆهرس لە نسێبین بە خاکسپێردرا. لە کاتی بەخاکسپاردنی تەرمەکەدا پۆلیس گۆڕستانەکەیان گەمارۆدابوو و رێگایان نەدا جگە لە ئەندامانی بنەماڵەکەى هیچ کەسێکی تر بەشداری لە مەراسیمی بە خاکسپاردنەکەدا بکات.

بنەماڵەکەى دەیانخواست تەرمەکە لە گۆڕستانی حەجاج بە خاکبسپێرن، بەڵام پۆلیس رێگای پێنەدان و لەبەر ئەوەش بنەماڵەکەى ناچار بوون تەرمەکە لە گۆڕستانی مۆهرس بە خاکبسپێرن.

هەروەها پۆلیس رێگایان بە بنەماڵەکەى نەدا تەرمەکە بشۆرن و نوێژ لەسەر تەرمەکە بکەن. تەنها بە ئامادەبوونی ٤ کەس لە بنەماڵەکەى مەراسیمی بە خاکسپاردنەکە بەڕێوەچوو و تەرمەکە بە خاکسپێردرا.

تەرمی بایرام کوزو لەلایەن بنەماڵەکەیەوە برایەوە بۆ قۆسەر و بنەماڵەکەى خواستیان لە گۆڕستانی بنەماڵەیی کوزولا کومی ئەڤلەری تەرمەکە بە خاک بسپێرن. پۆلیس بە پاساوی بێ بنەما دەستیکرد رێگریکردن و بە پاساوی "رەچاوکردنی خۆپارێزیی پەتای کۆرۆنا" رێگای نەدا لە مزگەوت نوێژ لەسەر تەرمەکە بکرێت.

جگە لەوانەش پۆلیس رێگای نەدا تەرمەکە بشۆرێت و بنەماڵەکەى ناچار بوون لەو دۆخەدا تەرمی رۆڵە شەهیدەکەیان بەخاک بسپێرن.

تەرمی مەزڵوم کزل لەلایەن بنەماڵەکەیەوە برایەوە بۆ گوندی گرێبیر /  دوبیرکا و لەوێش لەلایەن پۆلیسەوە هەمان ئەو رێگرییانە لە بنەماڵەکەى کرا و بنەماڵەکەى ناچار بوون تەرمەکە لەو دۆخەدا لە گۆڕستانی گوندەکەیاندا بە خاکبسپێرن.

ژ.ت