بە دیمەن

تەرمی ٦ شەهید لە تل حەمیس، حەسەکە و شەداد بەخاک سپێردران

تەرمی ٦شەڕڤان لە تل حەمیس، حەسەکە و شەداد کە لە شەڕی چەتەکاندا شەهید بوون بە مەراسیمێکی جەماوەری بە خاک سپێردران.

تەرمی شەڕڤانانی قەسەدە شەهید عومەر قامیشلۆ (هانی متلەق ئەل خەلیل)، شەهید جوان حەسەکە (قوسیە ئەحمەد ئەل مەعروف)، شەهید باران حەسەکە (محەممەد مەحموود فرێح) و شەهید زولفەقار (عمار هەشو حسێن) کە لە حەڵەب، دێرەزۆر و ئالیا شەهید بوون، بە مەراسیمێکی جەماوەری لە گۆڕستانی شەهید دژوار لە گوندی داودیەی شاری حەسەکە بە خاک سپێردران. لە مەراسیمەکەدا بە سەدان کەس لە گەلانی هەرێمەکە کە لە لایەن مەجلیسی بنەماڵەی شەهیدانی حەسەکەوە ئامادەکاری بۆکرا بوو، بەشدارییان کرد.

ڕێوڕەسمەکە بە خولەکێک ڕێزگرتن بۆ یادی شەهیدانی تێکۆشانی ئازادی دەستی پێکرد. پاشان ئەندامی ئەنجومەنی بنەماڵەی شەهیدان ڕەوان شێخۆ وتارێکی پێشکەش کرد و سەرەخۆشی خۆی ئاراستەی کەسوکاری شەهیدان کرد.

ڕەوان شێخۆ بەڵێنی درێژەدان بە هێڵی شەهیدانی دووبارە کردەوە و داوای لە گەلانی ناوچەکە کرد خاوەنداری لە هێزەکانی پاراستنی خۆیان بکەن.

هەروەها بە ناوی مەجلیسی سەربازی شاری حەسەکەوە ئاگری حەسەکە قسەی کرد و لە کەسایەتی شەهیداندا هەموو شەهیدانی تێکۆشانی ئازادی  بەبیر هێنایەوە و وتی: "ئەم شەهیدانە بانگەوازی وڵاتەکەیان بەجێ هێنا و لەو پێناوەدا گیانی خۆیان بەخشی."

ئاگری حەسەکە لە کۆتایی قسەکانیدا داوای لە هەموو پێکهاتەکانی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا کرد، لە دەوری هێزەکانی قەسەدە کۆببنەوە، بەڵێن بە گەلەکەمان دەدەین کە خەون و ڕێبازی شەهیدانمان هەتا سەرکەوتن دەپارێزین."

هەروەها ئەکرەم مەحشوش، گەورەی عەشیرەتی ئەلجبور، سەرەخۆشی خۆی ئاراستەی کەسوکاری شەهیدان کرد و وتی: "بە پڕۆسەیەکی سەختدا تێدەپەڕین، کێشەکان تەنانەت بە ڕووخانی ڕژێمی ئەسەد کۆتایی نەهاتووە، لە پێناو پاراستنی ناوچەکە، پێویستە هێزی پاراستنمان بەهێز بکەین.

مەحشوش سەرنجی بۆ هەوڵەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک و چەتەکانی لە ئاژاوە نانەوە نێوان هەرێمەکە ڕاکێشا و وتی: "دەوڵەتی داگیرکەری تورک و چەتەکانی هێرشێکی دوژمنانە لە دژی ئێمە ئەنجام دەدەن، هەندێک لە دەزگاکانی ڕاگەیاندن بە مەبەستی بڵاو کردنەوەی ئاژاوەگێڕی وێنەی درۆ بڵاو دەکەنەوە و دەوڵەتی داگیرکەری تورک بە شێوەیەکی دڕندانە هێرشی کردە گەلەکەمان و بە دەیان کەسیان کۆمەڵکوژ کرد."

لە کۆتایی مەراسیمەکەدا ناسنامەی شەهیدان خوێندرایەوە و ڕادەستی بنەماڵەکانیان کرا. تەرمی شەهیدان بە هەلهەلەی دایکان و دروشمی "شەهید نامرن" بە خاک سپێردران.

تل حەمیس

بە مەراسیمێکی جەماوەری دانیشتوانی شاری تل حەمیس، تەرمی شەڕڤانی قەسەدە، عەلا حەسەن ئەلسومییان بە خاکسپارد.

شەڕڤانی هێزەکانی سوریایی دیموکراتیک عەلا حەسەن ئەلسومی، کە لە ٧ی کانوونی دووەم لە بەرخۆدانەکانی حەلەبدا شەهید بوو، ئەمڕۆ بە مەراسیمێکی جەماوەریی لە گۆڕستانی شەهیدانی تل حەمیس بە خاکسپێردرا.

لە مەراسیمەکەدا ئەندام و نوێنەرانی ڕێکخراوە مەدەنی، ژنان، ئاینی و پارتە سیاسییەکان بەشداربوون.

مەراسیمەکە بە خولەکێک ڕێزلێنان لە گیانی شەهیدانی ڕێگەی ئازادی دەستپێکرد. دواتر هاوسەرۆکی بنەماڵەی شەهیدانی تل حەمیس، خالد ئەلنایف قسەیکرد و ئاماژەی بەوەدا شەڕڤانانی قەسەدە لە پێناو پاراستنی ئاسایشی هەرێمەکەدا گیانیان بەختەکەن.

دواتر ناسنامەی شەهید خوێندرایەوە و ڕادەستی بنەماڵەکەی کرا و بە درووشمی "شەهید نامرێ" تەرمی شەهید بە خاک سپێردرا.

شەداد

لە مەراسیمێکدا بە شکۆدا تەرمی شەهید عەبود خەلەف ئەل عەلی کە لە هەرێمی تل حارف شەهید بوو، لە گۆڕستانی شەهیدانی شەداد بە خاک سپێردرا. لە مەراسیمەکەدا، تەها عەلی ئەل حسێن شەڕڤانی هێزەکانی کۆماندۆ، کە لە بەرخۆدانی حەڵەبدا شەهید بوو، یادی کرایەوە.

لە مەراسیمەکەدا کە لەلایەن ئەنجومەنی بنەماڵەی شەهیدانەوە ڕێکخرابوو، نوێنەری ڕێکخراوەکان، کەسوکاری شەهیدان و بەشێکی زۆر لە دانیشتوانی هەرێمەکە بەشداریان لە مەراسیمەکەدا کرد.

ئەندامی کۆمیتەی ژنان، خەدیجە ئەل خدێر، بە ناوی مەجلیسی بنەماڵەی شەهیدانەوە قسەی کرد و پرسەو سەرەخۆشی خۆی ئاراستەی کەسوکار و بنەماڵەی شەهیدان کرد.

هەروەها ئەمیرا ئەل سید بەڕێوەبەری ئەنجوومەنی کۆنگرەی ستاری شەداد، لە مەراسیمەکەدا ڕایگەیاند؛ بەرەنگاری هێرشە داگیرکارییەکان دەبینەوە و درێژە بە تێکۆشانی شەهیدانمان دەدەین.

لە کۆتایدا بەڕێوەبەری مەجلیسی بنەماڵەی شەهیدان ناسنامەی شەهید عەبود خەلەف و شەهید تەها عەلی ئەل حسێنی خۆێندەوە ڕادەستی بنەماڵەکەی کرا و بە وتنەوەی دروشمی شەهید نامرێ تەرمی شەهیدان بە خاک سپێردران.