تەرمی رۆژنامەوان سالاز بە مەراسیمێک بەرەو وان بەڕێکرا

تەرمی رۆژنامەوان، نوسەر و خەباتکاری راگەیاندنی ئازاد نەجمەدین سالاز لە سلێمانییەوە بە مەراسیمێک بەرەو باکووری کوردستان بەڕێکرا.

مەراسیمەکە لە هۆڵی سینەما سالم لە شاری سلێمانی بەڕێوەچوو. ژمارەیەکی زۆر لە رۆژنامەوانان، نوسەران، هونەرمەندان، بنەماڵە و دۆستانی رۆژنامەوان نەجمەدین سالاز ئامادەی مەراسیمەکە بوون.

لە سەرەتادا، بە درووشمی نەجمەدین نامرێت، شەهید نامرێت، تەرمی شەهید نەجمەدین هێنرایە هۆڵی بەڕێوەچوونی مەراسیمەكە، پاشان بۆ ڕێزلێنان لە ڕۆحی شەهید ئامادەبووان خولەكێك لەسەر پێ وەستان و كورتە ڤیدیۆیەك لەسەر ژیاننامە شەهید پێشكەش كرا.

دواتر، وتەی كۆمپانیای چەتر بۆ كاری میدیایی لەلایەن ئاراس ئیبراهیم پێشكەشكرا و تێیدا هاتبوو: "شەهید نەجمەدین لەسەر ڕێگای ڕاستی و حەقیقەت تەمەنێك پڕ لە خەبات و تێكۆشانی بەڕێكرد، لەپێناو گەیاندنی ناڵە و ئازاری گەلەكەیدا، لەلایەن دەسەڵاتی فاشیستەوە زیندانی كرا و ناچار بە كۆچكردن بەرەو باشوور كرا، بۆیە بەڵێن دووپاتدەكەینەوە لەسەر ڕێ و ڕێبازی شەهید نەجمەدین بەردەوامبین".

پاشان، وتەی دەزگای میدیای كوردسات لەلایەن ڕاسان موختار خوێندرایەوە و وتی: "هەڵوێستی جوامێرانەی شەهید و سازش نەكردن لە مافەكانی گەلەكەی چەندین جار ڕاپێچی زیندانی كرد، دوای ماوەیەكی كەم لە هاتنی بۆ باشووری كوردستان، بوو بە كەسێكی خۆشەویست لەلای زۆر كەس، چونكە زۆرباش لە خەمی هەرچوار پارچەی كوردستان تێدەكەشت و ڕووداوە  سیاسییەكانی شی دەكردەوە".

دوا بە دوای ئەوە، محەمەد ئەمین پێنجوێنی، هاوڕێی شەهید وتەیەكی پێشكەش كرد و وتی: "ئەستێرەیەك بوو لە باكوورەوە خۆی گەیاند بە باشووری كوردستان، یەكەمجار كە بینیم لەلای مام جەلال باسم كرد، ئەویش پەیامێكی بۆ هەموو دەزگاكانی خۆیان نارد كە هاوكاری بكەن و هەماهەنگ بن، زۆر زیڕەك و بە توانا بوو، كەسایەتییەكی بەرز و وڵاتپارێزی هەبوو".

هەر لە درێژەی مەڕاسیمەكەدا، دڵزار عارف، هاوڕێیەكی دیكەی شەهید وتەیەكی پێشكەش كرد و وتی: "كەم كەس هەیە بتوانێت وەكو مامۆستا نەجمەدین سالاز دوو كایەی شۆڕشگێریی و ژیاندۆستی پێكەوە گرێ بدات، یەكێك بوو لەو كەسایەتییانەی كە دەبێت وانەی لێ وەربگریین، لە نیگاكانیدا ئومێد و مرۆڤدۆستیی و ژیاندۆستی بەدی دەكرا، یەكێكە لەو یادەوارەییانەی كە هەرگیز لەیاد ناكرێت".

لە مەڕاسیمەكەدا، برووسكەی ماتەمینی هەریەك لە كەجەكە، بافڵ تاڵەبانی، شاناز ابراهیم و كەنەكە پێشكەشكرا و پرسە و سەرخۆشی خۆیان ئاراستەی بنەماڵە و هاوڕێكانی كرد.

لە كۆتاییدا، وتەی بنەماڵەی شەهید نەجمەدین، لەلایەن جەمیل دەمیر پێشكەشكرا و وتی: "مامۆستا  نەجمەدین دڵسۆزی گەل و نیشتیمان بوو، بە هیچ شێوەیەك نەیدەویست ڕادەستی دەوڵەتی داگیركەریی تورك ببێت، بۆیە ناچار ڕووی لە باشووری كوردستان كرد، كاتێك كە نەخۆش كەوت وتمان دەتبەینەوە وڵاتانی دەرەوە بۆ چارەسەر، پێی وتین هەر لە باشوور دەمێنمەوە، چونكە باشووری كوردستانی زۆر خۆش دەویست".

دواتر تەرمی شەهید بەڕێز و شكۆوە ڕەوانەی زێدی خۆی کرا بەرەو باكووری كوردستان و لەوێ بە خاکی دەسپێرن.