تەڤگەری ئازادی کەرکوک، دەستگیرکردنی سەلام عەبدوڵای شەرمەزار کرد

ئەنجوومەنی هەرێمی کەرکوکی تەڤگەری ئازادی کۆمەڵگای کوردستان دەستگیرکردنی هاوسەرۆکەکەیانیان شەرمەزار کرد رایانگەیاند، "دەستگیرکردنی سەلام عەبدوڵا سیاسی بوو".

سەلام عەبدوڵا هاوسەرۆکی تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگەی کوردستان، ڕۆژی ٢٧ی کانوونی دووەم لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە ڕانیەی سەر بە پارێزگای سلێمانی دەستگیرکرابوو. دەستگیرکردنی سەلام عەبدوڵا ناڕەزاییەکی زۆری لێکەوتەوە.

ئەمرۆش ئەنجوومەنی هەرێمی کەرکوکی تەڤگەری ئازادی کۆمەڵگای کوردستان، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا بە ئامادەبوونی ئەندامانی ئەنجوومەنی کەرکوک، دەستگیرکردنی هاوسەرۆکی گشتی تەفگەرەکەیان شەرمەزار کرد.

لە کۆنگرە رۆژنامەوانیەکەدا کۆمەڵ سەرمەد هاوسەرۆکی ئەنجوومەنی هەرێمی کەرکوکی تەڤگەری ئازادی ڕایگەیاند: "ئێمە ئەمرۆ وەکو ئەنجوومەنی هەرێمی کەرکوکی تەڤگەری ئازادی کۆمەڵگای کوردستان ئەم کۆنگرە رۆژنامەوانیە دەبەستین بۆ ڕاگەیاندنی هەڵوێستمان دژ بە دەستگیرکردنی هاوسەرۆکی گشتی تەڤگەری ئازادیمان، مامۆستا سەلام بەبێ هێچ پاساوێکی یاسایی لە ٢٧ی ئەم مانگە دەستگیرکرابوو لەلایەن بازگەی ڕانیەوە، دەستگیرکردنی کەسایەتیەکی کۆمەڵایەتی و سیاسی وەکو مامۆستا سەلام عەبدوڵا پەڵەیەکی ڕەشی دیکەیە بەناوچەوانی دەسەڵاتی هەریمی کوردستانەوە".

هەروەها کۆمەڵ سەرمەد وتیشی، لە کاتێکدا رۆژانە کەسانی خاکفرۆش و گەل فرۆش بەو بازگەیەدا تێدەپەڕن و دەستگیر ناکرێن، بەڵام بەداخەوە کەسایەتیەکی وڵاتپارێزی وەکو مامۆستا سەلام عەبدوڵا کە خەڵکی ئەو ناوچەیەیە و مامۆستایە لەو ناوچەیە و خەڵکی هەمووی دەیناسن، چۆن دەکرێت بەبێ پاساوێکی یاسایی دەستگیر بکرێت، ئەمەش ئەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە ئەو کەسانەی لەو بازگەیەن کەسانێکن کە هیچ بەهایەک ناناسن کە جیاوازی لەنێوان کەسایەتیەکی ولاتپارێزی وەکو مامۆستا سەلام ناکەن لەگەڵ کەسێکی دیکەدا".

لە کۆتایدا کۆمەڵ سەرمەد هاوسەرۆکی ئەنجوومەنی هەرێمی کەرکوکی تەڤگەری ئازادی کۆمەڵگای کوردستان وتی: "ئێمە وەکو تەڤگەری ئازادی هەموو هەوڵێکمان لەباشوری کوردستان لەپێناو پاراستن و یەکریزی حزبەکان بووە، تا بتوانین ئەو دەستکەوتانەی بە خوێنی هەزارن شەهید بەدەستهاتووە بپارێزرێن و دەستگیرکردنی هاوسەرۆکەکمان کاریگەری نەرینی دەبێت لەگەڵ پەیوەندییەکانمان لەگەڵ لایەنەکانی دیکەی باشوری کوردستان، داواکارین لەخەڵکی بەشەرەفی باشوری کوردستان چیتر ئەو سووکایەتی کردنە بە خەڵکی وڵاتپارێز قبووڵ نەکەن.

ف.ق