تەڤگەری ئازادی: "ئامادەکارییەکان بۆ نەورۆزی کەرکوک تەواو بووە".

کۆمیتەی ئامادەکاری ئاهەنگی نەورۆز لە ئەنجومەنی هەرێمی کەرکوکی تەڤگەری ئازادی، تەواوبوونی ئامادەکارییەکانی بۆ ئاهەنگی نەورۆزی کەرکوک ڕاگەیاند.

سۆران سەردار ئەندامی دەستەی ئامادەکاری ئاهەنگی نەورۆز لە ئەنجومەنی هەرێمی کەرکوکی تەڤگەری ئازادی کۆمەڵگای کوردستان ، بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) قسەی کرد، سەبارەت بە ڕاگەیاندنی هەواڵی کۆتایی هاتنی تەواوی ئامادەکارییەکان بۆ ئاهەنگی نەورۆزی کەرکوک و هەروەها ناوبراو کات و شوێنی ئەنجامدانی ئاهەنگەی ڕاگەیاند.

سۆران سەردار ئەندامی دەستەی ئامادەکاری ئاهەنگی نەورۆز لە ئەنجومەنی هەرێمی کەرکوکی تەڤگەری ئازادی کۆمەڵگای کوردستان، وتی: "ئێمە وەکو کۆمیتەی ئامادەکاری نەورۆز لە کەرکوک، رۆژی هەینی داهاتوو کە دەکاتە ٢٥ی ئادار، بە کردنەوەی ئاگری نەورۆز ئاهەنگی نەورۆز و سەری ساڵی نوێ کوردی پیرۆز دەکەین، وەکو لای هەمووان ئاشکرایە کە هەموو ساڵێك ئێمە وەکو ئەنجومەنی هەڕێمی کەرکوکی تەڤگەری ئازادی کۆمەڵگای کوردستان، ئاهەنگی جەماوەری لەناوچەی شێوەسوری سەر بەناحیەی تەقتەق ساز دەکەین" .

هەروەها سەبارەت بەکاتی ئەنجامدانی ئاهەنگەکە ئەو ئەندامەی کۆمیتەی ئامادەکاری ئاهەنگەکە وتیشی: " لەژێر دروشمی( با نەورۆزی ئەمساڵ بکەینە نەورۆزی ڕاپەرین و دژی گەندەڵی و نادادی کۆمەڵایەتی) ئاهەنگی نەورۆزی کەرکوک لە ناوچەی شێوەسوری سەر بەناحیەی تەقتەق لە کاتژمێری ١ی پاش نیوەرۆی رۆژی ٢٥ی ئادار پیرۆز دەکرێت ".

هەروەها ناوبراو سەبارەت بەو هونەرمەندانەی کە بەشداری ئاهەنگی نەورزی کەرکوک دەبن ڕایگەیاند: "ئەو هونەرمەندانەی کە بەشداری ئاهەنگەکە دەبن بریتین لە هەریەک لە هونەرمەندان(لوقمان سەلیم، نیان عەبدوڵا، ژیندا سەقزی، بەرهەم شەمامی و پێشەوا ڕەمەزان)".

لە کۆتاییدا سۆران سەردار بەناوی دەستەی ئامادەکاری ئاهەنگی نەورۆزەوە پەیامێکی ئاڕاستەی هاوڵاتیانی کەرکوک کرد و وتی: "داواکارم لە سەرچەم کەسایەتی و ڕێکخراوەکان و لایەنەکان و سەرجەم چین و توێژەکانی شاری کەرکوک و تەواوی باشوری کوردستان کە لە رۆژی هەینی کە دەکاتە ٢٥ی ئادار، بەشداری ئاهەنگی نەورۆزی کەرکوک بن تا بتوانین پێکەوە ئاهەنگی سەری ساڵی کوردی پیرۆز بکەین"

ف.ق