تولای حاتەم ئۆغوللاری: ڕەنگە بانگەوازەکەی عەبدوڵا ئۆجالان بکەوێتە دوای ١٥ی شوباتەوە

هاوسەرۆکی گشتی دەم پارتی تولای حاتەم ئۆغوللاری ڕایگەیاند ڕەنگە بانگەوازە چاوەڕوانکراوەکەی ڕێبەر ئاپۆ لە ١٥ی شوباتدا نەدرێت و بگات بە دوای ئەوە.

هاوسەرۆکی گشتی پارتی دیموکراسی و یەکسانی گەلان (دەم پارتی) دوای کۆبوونەوەی هەفتانەی پارتەکەی وەڵامی پرسیاری رۆژنامەوانانی دایەوە. تولای دەربارەی پرسی ئەو بانگەوازەی کە دەگوترێت ڕێبەر ئاپۆ دەیدات گوتی، 'ڕەنگە بانگەوازەکە لە ١٥ی شوباتدا نەگات و بکەوێتە دوای ئەوەوە.'

تولای حاتەم ئۆغوللاری سەرنجی خستەسەر سەردانی شاندی ئیمراڵیی دەم پارتی بۆ باشووری کوردستان و گوتی: "شاندەکەمان لەگەڵ ئیدارەی هەرێمی کوردستاندا هەندێک سەردان و کۆبوونەوە دەکات. ئەنجامی کۆبوونەوەکانیش دەگەیەنرێت بە بەڕێز ئۆجالان. بە گوێرەی گریمانەکانمان، لە نێو ئەم قۆناغەدا بانگەوازییەکی مێژووی لەم شێوەیە دەکرێت. لە ئێستادا لە تورکیا هەموو کەسێک لە هەموو چاوپێکەوتنەکاندا پەیام بۆ بونیادنانی ئاشتی لەم وڵاتەدا دەدەن. کۆمەڵگە ئامادەیە، سیاسەت ئامادەیە، ئۆپۆزسیۆن ئامادەیە. ڕەنگە ئەوەی ئامادە نەبێت دەسەڵاتداری بێت. دەبێت پەیوەست بە پرۆسەی ئاشتی، دیالۆگ و چارەسەری نەخشەڕێی خۆیان ئاشکرا بکەن. دەبێت گۆشەگیری لەسەر بەڕێز ئۆجالان لاببرێت. ئۆپەراسیۆنەکانی ئەمڕۆی دژ بە شارەوانییەکانی ئەستەنبوڵ، بڕینەوەی سزا بۆ هاوسەرۆکی شارەوانی وانمان، گورز و کاریگەری نەرێنی لەم پرۆسەیەیی دیالۆگی چارەسەری دەدات. بۆیە لێرەوە جارێکی دیکە بانگەوازی لە دەسەڵاتداری و عەقڵی دەوڵەت دەکەین. پێش بە ڕووی دیالۆگ و ئاشتیدا بکەنەوە."