ڤیدیۆی ساتی تەقینەوەی بۆمبی ئەتۆمی تاکتیکی لەلایەن سوپای تورکەوە لە شاخی هەکاری

ساتی تەقاندنەوەی بۆمبی ئەتۆمی تاکتیکی سوپای تورکی داگیرکەر لە دژی سەنگەرەکانی شەڕی شەهید زەمانی لە مەیدانی بەرخۆدانی شاخی هەکاری بە کامێرا تۆمار کرا.

ئۆپەراسیۆنی داگیرکاری ئەمساڵ لە ١٧ی نیسانەوە بۆ سەر لە هەرێمەکانی پاراستنی مەدیا دەستی پێکرد، بە بەرخۆدانی گەورەی گەریلایی، کە تاوەکو دێت ئەو بەرخودانە گەورەتر دەبێت، بەرەنگاریی ئەو هێرشانە دەکرێت. دەوڵەتی تورکی داگیرکەر، کە لە رۆژانی سەرەتای هێرشەکانیدا ئەنجامی بە دەستنەهێنا، زۆر بە چڕی و دڕندانە دەستی بە بەکارهێنانی چەکی کیمیایی لە دژی سەنگەرەکانی شەڕی گەریلا کرد. تاوەکو دێت ئەو هێرشە کیمیایانە زیاتر و زیاتر دەبن و جۆری نوێ چەکی کیمیایی و چەکی تری جۆاروجۆری قەدەغەکراویش بەکاردەهێنن. دەوڵەتی تورک لە پاڵ بەکارهێنانی چەکی جۆراوجۆری کیمیایی و سوتاندنی تایە بۆ ئاڕاستەکردنی گازە کیمیاییەکان بۆ ناو تونێلەکانی شەڕ، بە شێوەیەکی زۆر چڕیش بۆمبی ئەتۆمی تاکتیکی بەکاردەهێنێت. لە ڕاستیدا زیادبوونی ئەو هێرشانە ئاماژەیە بە شکستی پلانەکەی دەوڵەتی تورک و لە لاوازی و چەقیویدا پەنای بردووەتە بەر بەکارهێنانی ئەو بۆمب و چەکە قەدەغەکراوانە.

لەم دواییەدا لە ڤیدیۆیەکدا ئەوە نیشاندرا، کە سوپای داگیرکەری تورک  خەریکی خۆ ئامادەکردنە بۆ بەکارهێنانی بۆمبی ئەتۆمی تاکتیکی و چەکی کیمیایی لە دژی تونێلەکانی شەڕ لە گۆڕەپانی شەڕی شەهید هەژار لە ناوچەی بەرخۆدانی شاخی هەکاری، ئەو خۆئامادەکردنە بە کامێرا تۆمار کراوە. ئەو ڤیدیۆیە لە ٢٠ی ئابی ٢٠٢٢ لە لایەن ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) بڵاو کرایەوە و تیایدا  دەبینرا، کە سەربازانی سوپای تورک بۆمبی ئەتۆمی تاکتیکی بە کێبڵەکانەوە دەبەستنەوە و بە هەستیارییەکی زۆرەوە دەیانبەن بۆ دەروازەی تونێلەکان و جێگیریان دەکەن.

ئێستاش ڤیدیۆی ساتی تەقینەوەی بۆمبی ئەتۆمی تاکتیکی سوپای داگیرکەری تورک لە دژی سەنگەرەکانی شاخی شەهید زەمانی تۆمار کراوە، کە ئەویش دەکەوێتە ناوچەی بەرخۆدانی شاخی هەکاری. هەرچەندە ڤیدیۆکە لە دووریی ٥ کیلۆمەترەوە تۆمارکاوە، بەڵام بەهۆی کاریگەری و بەهێزی تەقینەوەکەوە کامێرای تۆمارکردنەکە دەهەژێت.

 

ئەم دیمەن و ڤیدیۆیە بەڵگەیەکی نوێیە لەسەر هێرشەکانی دەوڵەتی تورک بە چەکی قەدەغەکراو بۆ سەر گەریلاکان. ئەم شوێنە سەنگەرەکانی شەڕی شەهید زەمانیی سەر بە ناوچەی بەرخۆدانی شاخی هەکارییە. لە ڕۆژانی ڕابردوودا، بەڵگەنامەی بەکارهێنانی ئەو چەکە لە گۆڕەپانی بەرخۆدانی هەکاری بڵاوکرایەوە. ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەوە، ئەو چەکانە بە چڕی بەکار دەهێنرێن و ئەوەش دەیسەلمێنێت، کە لە بەرامبەر بەرخۆدانی گەریلادا بێچارە و بێدەسەڵات بوون.

پێش تەقینەوەکە ناوچەکە لە سەربازە داگیرکەرەکان چۆڵکرا

سوپای تورک بۆ هێرش بە بۆمبی ئەتۆمی تاکتیکی سەرەتا ئەم بۆمبە لە ناوچەکە دادەنێن و لە دوای جێگیرکردنی بۆمبەکان دواتر ناوچەکە لە سەربازە داگیرکەرەکان چۆڵ دەکەن و لە دوورەوە بۆمبەکە دەتەقێننەوە. کاریگەریی ئەم بۆمبە لەسەر ژینگە کەمترە لەو کاریگەرییەی، کە لەسەر سەنگەرەکانی جەنگ دروستی دەکات، واتە بۆمبەکە بەشێوەیەک دادەنرێت، کە هەموو هێزی تەقینەوەکەى بچێتە ناو تونێلەکانی جەنگ و بەم شێوەیە هەوڵ دەدەن تونێلەکان تێکبشکێنن.

بۆمبە ئەتۆمییە تاکتیکییەکان چەندین جۆریان هەیە و توانای تەقینەوەیان لە ١ تۆنەوە بۆ ٤٠٠ تۆنە. واتە بەپێی جێگیربوونی هێزە داگیرکەرەکان و نزیکبوونیان لە تونێلەکان جۆری بۆمبەکان هەڵدەبژێردرێن. بەهۆی ئەوەی هێزە داگیرکەرەکان ناتوانن لەم ناوچەیەدا زۆر دوور بکەنەوە، چونکا دەکەونە چوارچێوەی پێکانی تیمە نیشانەشکێنی گەریلا، بۆیە ئەو بۆمبانە بەکاردەهێنن، کە هێزی تەقینەوەی کەمیان هەیە. بەپێی ئەو زانیارییانەی لە سەرچاوەکانی گەریلاوە دەستمان کەوتوون، بۆمبی گەورەتر لەم بۆمبە لە چەند ناوچەیەکی دیکەی جەنگ و بەرخوداندا بەکارهێنراون، چونکا داگیرکەران دەتوانن زیاتر لەوەی ئێستا لە ناوچەکە دوور بکەنەوە. ئەم هێرشە، کە لەلایەن هێزەکانی گەریلاوە بە دیکۆمێنت کراوە، بەڵگەیەکی روون و کۆنکرێتیە لە بەکارهێنانی بۆمبی ئەتۆمی تاکتیکی لەلایەن سوپای تورکی داگیرکەرەوە.

بۆمبی ئەتۆمی تاکتیکی بە شێوەی سەرەکی لەلایەن هێزە دەرەکیەکانەوە بەرهەم دەهێنرێت. دەوڵەتی تورک بە هاوکاریی ئەو دەوڵەتانە ئەو چەکانەی دەست دەکەوێت و لە دژی هێزەکانی گەریلا بەکاری دەهێنێت. ئەم بۆمبانە کاریگەریی دروستکردنی هێزێکی گەورەی تەقینەوەیان هەیە و دەتوانێت تاشەبەردەکان تێپەڕێنێت. واتە چاوەڕێ ناکرێت هێزی تەقینەوەکە بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ لە گۆڕەپانەکانی جەنگ دا بەر مرۆڤەکان بکەوێت، بەڵام کاریگەرییەکی زۆر دروست دەکات، بەوەش دڕندەیییەکی گەورە لە دژی هێزەکانی گەریلا بەکاردەهێنرێت. دەوڵەتی تورک بەم هێرشانە بێچارەیی و لاوازیی خۆی بەشێوەیەکی گەورە نیشان دەدات و ئەمەش لە گۆڕەپانەکانی شەڕدا بە باشی دەبینرێت، کە چەند لاواز و بێچارە و بێ ورە و بێ موراڵن.

لە ١٧ی نیسانی ٢٠٢٢ەوە زیاتر لە ١٦٠٠ (هەزار و شەشسەد) جار چەکی کیمیایی قەدەغەکراو لەدژی هێزەکانی گەریلا بەکارهێنراوە. بەڕاستی ئەو ژمارە زۆرە لە هێرشی کیمیایی و ئەو چەکانە لە چ شوێنێکی دیکەدا بەکارهێنراوە؟ ئەگەر ئەم جۆرە چەک و بۆمبانە بەو رێژە زۆرە لە وڵاتێکدا بەکاربهێنرێت، لەو وڵاتەدا ژیان نامێنێت و هەموو شتێک کۆمەڵکوژ و پاکتاو دەکرێت، بەڵام ناوچەکانی وەرخەل، ئەشکەوتی برینداران، چیا ڕەش، کوڕەژارۆ، چەمچۆ، ساجا، شاخی جودی، شاخی ئێف ئێم، شاخی هەکاری و شاخی ئامێدی هەموو ڕۆژێک لە ژێر بۆردومانی چڕی کیمیایی و ئەتۆمیی دان.

بۆمبی ئەتۆمی تاکتیکی کاری ناتۆیە

"چەکی ئەتۆمیی ستراتیژی" بە گشتی بەو چەکە ئەتۆمی و ناوەکییانە دەوترێت، کە لە مەودایەکی بەرز و دووردا لە نێوان کیشوەرەکاندا بەکار دەهێنرێت، بەڵام ئەو چەک و بۆمبە ئەتۆمیانەی بۆ بەکارهێنان لە مەودایەکی کورتتردا دیزاین کراون پێیان دەڵێن، 'چەکی ئەتۆمی تاکتیکی'، یان 'بۆمبی ئەتۆمی تاکتیکی'. ئەو چەکانە کاریگەرییان لەنێوان ١ بۆ ٣ کیلۆمەتردایە. ئەو چەک و بۆمبانە لە ناو ناتۆدا بۆ ئەو یەکە سەربازییانە دروست دەکرێن، کە لە لیوا بچوکتر نەبن. ئەگەر تەنانەت کاریگەرییان لە ئاستی بۆمبی ئەتۆمی بچووکیشدا بێت وەک تاکتیک بەکاربهێنرێن، بەڵام زۆرجار بۆ مەبەستی ستراتیژی بەکار دەهێنرێن.

لە لیستی وڵاتانی ئەندامی ناتۆدا بە تایبەتی لە لیستی ئەمەریکادا ژمارەیەکی زۆر "چەکی ئەتۆمی تاکتیکی" هەیە، کە لە شێوەی مووشەکی کورت مەودا، تۆپ و مین بەرهەم دەهێنرێن. بەهۆی ئەوەی بچووکترین "بۆمبی ئەتۆمی تاکتیکی" کاریگەریی لە دەیان تۆن تی ئێن تی زیاترە، سوپای تورک بۆ لەناوبردنی تونێل و ئەشکەوت و خاڵەکانی پەڕینەوە لە ناوچەکانی گەریلاکانی ئازادیی کوردستان دا بەکاریان دەهێنێت.

فڕۆکەوانی خانەنشینی سوپای تورکیا لیوا (ژەنەڕاڵی باڵا) ئەردۆغان کاراکوش لە مانگی ئازاردا بەشداریی لە بەرنامەیەکی  تەلەفیزیۆنی دا کرد و لە ناو قسەکانیدا دانی بەوەدا نا، کە دەوڵەتی تورک چەکی ئەتۆمی تاکتیکی بەکاردەهێنێت و وتی، "چەکی ئەتۆمی تاکتیکی بە ژمارەی ئەمانە زیاد ناکات (مەبەستی ئەوەیە، کە ژمارەی بۆمبی ئەتۆمی تاکتیکی بە ژمارەی بۆمبە ئەتۆمییە ستراتیژییەکان زیاد ناکرێت)، بەڵام هێزی زەمینی ئێمە چەکی ئەتۆمی تاکتیکیی هەیە. لەلایەن یەکەی تۆپخانەکانەوە دەهاوێژرێن. تۆ ئاستی بەهێزی تەقینەوەکەى و وێرانکارییەکەی دیاری دەکەیت، کە وێرانکارییەکەی زۆر بێت یان کەم بێت. ئاستی وێرانکاریی ئەو بۆمبە ئەتۆمییە لە ژاپۆن هەڵدرا ٢٠ کیلۆتۆن بوو، بەڵام ئەمانەى ئێمە نیو کیلۆتۆنن".

ژ.ت