ئاماری مانگانەی پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لە رۆژهەڵاتی کوردستان بڵاوکرایەوە

بەگوێرەی ئامارەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان لە مانگی ڕەزبەر، لانیکەم ٤٨ ھاوڵاتی و چالاکوان لە شارە جیاجیاکانی ڕۆژھەڵاتی کوردستان دەستبەسەر کراون و ٩ کەسیش لە سێدارەدراون و ١٨ کۆڵبەریش بوونە قوربانی.

تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان ئاماری پێشێلکارییەکانی مافەکانی مرۆڤ لە رۆژهەڵاتی کوردستان لە ماوەی مانگی رەزبەر (٢١ی ئەیلول تا ٢١ی تشرینی یەکەم) بڵاوکردەوە.

مانگی رابردوو ١٨ کۆڵبەر و کاسبکار بوونە قوربانی

بەپێی ئەو ئامارە لە مانگی رەزبەردا ٢ کۆڵبەر لە بانە و مەریوانی پارێزگای سنە بە تەقەی راستەوخۆی هێزەکانی دەوڵەتی ئێران کوژراون و لانیکەم ١٤ کۆڵبەریش بەتەقەی ئەو هێزانە برینداربوون.

 هاوکات مانگی رابردوو کاسبکارێکیش لە سەقز دوای ئەوەی هێزەکانی پۆلیس دوایکەوتبوو، لەکاتی هەڵاتندا ئۆتۆمبێلەکەی وەرگەڕا و گیانی لەدەستدا، لە ناوچە سنووریەکانی پیرانشاریش کۆڵبەرێک بە هۆی تەقینەوەی مینەوە برینداربوو.

٩ زیندانی لە سێدارەدراون

وەک لە بەشێکی دیکەی ئامارەکەدا هاتووە مانگی رابردوو لە زیندانەکانی خۆڕەمئاوا، هەمەدان، رەشت و کەرەج ٩ بەندکراوی کورد بە تۆمەتەکانی "کوشتنی بەئەنقەست" و "بازرگانی بە ماددەی هۆشبەر" لە سێدارەدراون.

کوشتنی ژنان

تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان بەشێکی دیکە لە راپۆرتەکەی تەرخان کردووە بۆ توندوتیژی بەرامبەر بە ژنان و ئاماژەی بەوەکردووە کە لە یەکەم مانگی پایزدا لانیکەم ٣ ژن لە سەردەشت و پیرانشار لەلایەن ئەندامانی بنەماڵەکانیانەوە کوژراون.

تەقینەوەی مین

هاووڵاتیەکی خەڵکی شاری بانەی رۆژهەڵاتی کوردستان بە هۆی تەقینەوەی مین لە سلێمانی، لە باشووری کوردستان گیانی لەدەستدا.

دەستبەسەرکردنی ٤٨ هاووڵاتی و چالاکوان

هەڵمەتی رەشبگیری و دەستگیرکردنی چالاکوانان و هاووڵاتیان لە رۆژهەڵاتی کوردستان بەردەوامە و وەک ئەو رێکخراوەیە ئاماژەی بۆ کردووە لە مانگی رەزبەردا لانیکەم ٤٨ هاووڵاتی و چالاکوان بە تۆمەتی چالاکی سیاسی و مەدەنی لە شارەکانی پاڕێزگاکانی ورمێ، سنە، ئیلام و تاران لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەرکراون.

هەرچەندە بەشێک لە دەستبەسەرکراوان بە شێوەی کاتی و بە دانانی بارمتەی دارایی ئازادکراون، بەڵام زۆرینەیان تائێستا دەستبەسەرن و هیچ زانیارییەک لەبارەی چارەنووسیانەوە بەردەست نییە.

دوو چالاکوان سزای لەسێدارەدانیان بۆ دەرچوو

لەمانگی رابردوودا لەلایەن دادگاکانی شۆڕشەوە لە شارەکانی وەک سنە، سەقز، مهاباد، ئیلام، ورمێ، مەشهەد و کرماشان سزای زیندان، قامچی و لەسێدارەدان بۆ ١١ دەستبەسەرکراو دەرچووە.

رەزا رەسایی هاووڵاتی کوردی یارسان کە خەڵکی شاری سەحنەی کرماشانە بە تۆمەتی بەشداریکردن لە کوشتنی بەرپرسێکی ئەمنی ئەو شارە لە میانی خۆپیشاندانەکانی ساڵی رابردوو سزای لە سێدارەدانی بەسەردا سەپێندراوە.

هاوکات نایب عەسکەری زیندانی سیاسی کورد کە پێشتر بە تۆمەتی "یاخیبوون و چەک هەڵگرتن" لە رێگەی ئەندامبوون لە پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پەژاک) بە بێ ئامادەبوونی خۆی لەلایەن لقی سێی دادگای شۆڕشی ورمێوە سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێندرابوو، داواکاریەکەی بۆ تێهەڵچوونە و پاش بەڕێوەچوونی چەند دانیشتنی دادگا بە ئامادەبوونی خۆی رەتکرایەوە و سەرلەنوێ لە لایەن هەمان دادگاوە سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێندرایەوە.

مانگرتنی زیندانیان

نایب عەسکەری و عەبدولعەزیز گوڵ محەمەدی دوو زیندانی سیاسی کورد لە زیندانی ورمێ مانیان لە خواردن گرت.

نایب عەسکەری لە شەشی رەزبەردا لە دژی فشاری ناوەندە ئەمنییەکان لە سەر دادگا بۆ ئەوەی سەرلەنوێ سزای لەسێدارەدانی بەسەردا بسەپێندرێتەوە، دەستی بە مانگرتن گرت و دوای سێ رۆژ لە مانگرتنەکەی بە فەرمانی بەرپرسانی زیندان گواسترایەوە بۆ ژووری تاکەکەسی.

عەبدولعەزیز گوڵمحەمەدی لە ٢٢ ی رەزبەردا لە دژی ئاستەنگەکانی هەواڵگری سوپای پاسداران لە بەردەم سودمەندبوونی لە وەرگرتنی مۆڵەت دەستی بە مانگرتن کرد و تائێستاش بەردەوامە.

دۆخی تەندروستی و جەستەیی زیندانیان

ئەرسەلان خودکام زیندانی سیاسی کورد لە زیندانی ورمێ کە سزای زیندانی هەتاهەتایی بە سەردا سەپێندراوە بەهۆی بێ بەشبوونی لە خزمەتگوزاری تەندروستی مەترسی لەدەستدانی توانای بینینی یەکێک لە چاوەکانی لەسەرە.

ئەو زیندانییە سیاسیە کە ماوەی زیاتر لە پێنج ساڵە لە زینداندایە بەهۆی دۆخی دژواری کاتی دەستبەسەری، ئەشکەنجە و بێبەشکردنی لە خزمەتگوزاری توندروستی تووشی چەندین نەخۆشی جەستەیی و دەرەونی بووەتەوە.

ئەو زیندانیە سیاسیە لە ناوەڕاستی مانگی رەزبەردا بەهۆی دابەزینی پەستانی خوێنەوە گواسترایەوە بۆ بنکەی تەندروستی ناو زیندان، بەڵام لەوێ بەهەڵە دەرزیەکی لێدرابوو وبەو هۆیەشەوە باری تەندروستی خراپتر بووە و ئاستی توانای بینینی چاوێکی دابەزیوە و مەترسی لەدەستدانی ئەو چاوەی هەیە.