لە گردی باشووری گوندی بیرهورکێ لە پارێزگای سێرت لە باکووری کوردستان، لە نزیک ڕووبارەکانی باشوور و ڕووباری بۆتان شوێنێکی شوێنەواریی سەردەمە دێرینەکان دۆزرایەوە. ئەو ناوچەیە پێش ٥ هەزار ساڵ وەک گۆڕستان بەکارهاتووە و تیایدا کۆنترین دایکی یاریی شەتڕەنج دۆزرایەوە. ئەگەری ئەوە هەیە، یاریکە وەک ئەوەی بەشێک لە ماڵ و موڵکی کەسەکە بێت و لەو دونیادا بە کەڵکی بێت، لە گەڵیدا بەخاک سپێردراوە.
بەردەکانی ٣٩ بەردن و لە کنە و پشکنینە شوێنەوارییەکان لە ساڵی ٢٠١٣ لەسەر گردی باشووری گوندی بێرهورکێ دۆزرایەوە. دوایین بەردی یارییەکە لە ساڵی ٢٠١٩دا دۆزرایەوە. گردەکە دەکەوێتە ٢٠ کیلۆمەتریی باکووری ڕۆژهەڵاتی ناوەندی شاری سێرت. بەردەکانی یارییەکە لە شێوەی ئاژەڵن و بە شێوەی ئەندازەیی و لە شێوەی سەگ، بەراز و هەڕەمی سێگۆشەیی دروستکراون.
بەپێی خەمڵاندنی زانایان، ئەمانە بەردی یاریی دوو کەسن و یارییەکە، یاریی ڕاوکردن و هەڵاتنە، یان لە مانایەکی تردا یارییەکی ستراتیژییە، بەڵام نازانرێت یاریەکە چۆن دەکرێت.
ژ.ت