بنەماڵەی بارزانی و پەدەکە، ئەو دەستکەوتانەی کە لە ئەنجامی شۆڕش و تێکۆشانی دەیان ساڵەی گەلی باشووری کوردستان بەدەست هاتوون، سەرەنجام لە پێناو دەسەڵات و بەرژەوەندییەکانیاندا پێشکەشی هێرش و داگیرکارییەکانی سوپای داگیرکەری تورک دەکەن و بوونەتە هۆی ئەوەی سوپای تورک و چەتەکانی لە بادینان جێگیر بکرێن، لەلایەکی ترەوە بارزانی و پەدەکە دەست بەسەر مافەکانی کۆمەڵگا و گەلی هەولێردا گرتووە و دەرفەت و دەسکەوتەکانی تایبەت بۆ بنەماڵەکەیان بەکاردێنن.
هێشتا حکومەتی هەرێمی کوردستان مووچەی مانگەکانی تەمموز و ئابی نەداوە. هەروەها ڕوون نییە کە ئایا مووچەی مانگی ئەیلولیش دەدرێت یان نا.
لەبواری ئاو و کارەبا لە هەرێمی دەسەلاتداری حکومەتدا کێشەیەکی جددیی هەیە. کارەبای نیشتمانی لە ٨ بۆ ١٢کاتژمێر لە ڕۆژێکدا دابین دەکرێت، ئاویش لە زۆربەی گەڕەکەکان دەست ناکەوێت، لە هەندێک گەڕەک بەچەند رۆژ جار و بۆ دوو کاتژمێر بەردەستە. حکومەتەکەی مەسرور بارزانی بە هۆی سیاسەتەکانیەوە لەلایەن حکومەتی بەغداوە بە حکومەتێکی ناکارامە دەناسرێت.
لە هەلومەرجێکی وەهادا، کە گەلی باشووری کوردستان ڕووبەڕووی کێشەی ئابووری و کۆمەڵایەتیی جددی بوونەتەوە، ئەندامانی بنەماڵەی بارزانی بە پڕۆژە ملیۆنان دۆلارییەکانیانەوە بوونەتە ڕۆژەڤی گەلی باشوور.
زانکۆی ئینگلیزی نێودەوڵەتی
مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ڕۆژی شەممە لە قەرەباڵغیەکی زۆردا زانکۆی نێودەوڵەتی ئینگلیزی لە شاری هەولێر کردەوە. زانکۆکە ١٠٠ملیۆن دۆلار تێچووی هەبووە. زانکۆی کوڕەکەی مەسرور بارزانی، ئارین بارزانییە. ئارین بارزانی هێشتا تەمەنی ٢٠ساڵە. ئارین بارزانی مانگی ڕابردوو لە ئەکادیمیای سەربازی ڕۆیاڵ لە بەریتانیا بەناو دەرچوو، هەروەها مووچەیەکی خەیاڵی لە حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ بڕاوەتەوە.
زانکۆی کوردستان -هەولێر
زانکۆی کوردستان لە هەولێر بە سەرۆکایەتی کوڕی نێچیرڤان بارزانی، میر ئیدریس نێچیرڤان بارزانی بەڕێوە دەچێت. بەگوێرەی یاسا دەبێت کەسێک لانیکەم ١٠ساڵ لە ئاکادیمیایەک کاری کردبێت هەتا بتوانێت ببێتە سەرۆکی زانکۆیەک، بەڵام ئیدریس بارزانی بەبێ ئەوەی هیچ شارەزایی و ئەزموونێکی هەبێت کە هێشتا تەمەنی ٢٠ساڵە، بووە سەرۆکی زانکۆ. هەروەها ئیدریس بارزانی زانکۆیەکی بە ئارەزووی خۆی لە عێراق بەڕێوەدەبات کە سەدان خوێندکار و دەیان ئاکادیمی تێدایە.
ئیدریس بارزانی کە وەک بەرپرسی ئەو زانکۆیە لە لایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە پشتیوانی و هاوکاری دەکرێ و پارەی بۆ دابین دەکرێت، هاوکات وەک فەرمانبەرێکی حکومەتیش لە لایەن بەغداوە مووچە وەردەگرێت.