ژمارەیەک کەسایەتی باشور: تکایە ئەو جەنگەی بەڕێوەیە، ڕابگرن

ژمارەیەک کەسایەتی باشوری کوردستان دژبەری خۆیان بۆ جەنگی کورد بە کورد نیشانداوە و جەنگەکەیان وەک درێژەی جەنگی ئەردۆگان و تورکیا دژ بە کورد بەناو کردوە و لە دروستبوونی زۆنێکی تورکی لە باشوری کوردستان هۆشداریان داوە.

ژمارەیەک کەسایەتی باشوری کوردستان بە دروشمی ”نا بۆ گەڕێكی دیكەی شەڕی ناوخۆ، ئاشتی بۆ كوردستان“ بانگەوازێکیان ئاڕاستەی ڕای گشتیی و پەدەکە و پەکەکە و سەرجەم پارت و لایەنە سیاسییەکانی کوردستان کردوە.
لە بانگەوازەکەدا ڕاگەیەندراوە: ئەوەی ئێستا لە نێوان پەدەکە و پەکەکە ڕوو دەدات، درێژەدانە بە جەنگی ئەردۆگان و تورکیا دژ بە کوردانی باکوری کوردستان و ئەگەر هەیە زۆنێکی تورکی لە باشوری کوردستان دروست ببێت.
ئاماژەشان بەوەداوە، کە قسە و لێدوانەکانی بەرپرسانی پەدەکە ئاماژەن بۆ دەستپێکردنی شەڕ و لەو چوارچێوەیەدا، ھەزاران چەکدار بەرەو شوێنی مەبەست جوڵەیان پێکراوە، سەنگەرە کۆنەکان نۆژەن کراونەتەوە و سەنگەری تازە دروستدەکرێن. تەپۆڵکەکان پڕکراونەتەوە لە چەکدار، شوێنی نیشتنەوە بۆ ھەلیکۆپتەرەکان سازدەکرێت، مین لەسەر رێگاکان کۆدەکرێنەوە و چەکدارەکان لە یەکتر نزیک دەبنەوە.
ئەو کەسایەتیانە جەخت لە چارەسەری کێشەکانی نێوان پەدەکە و پەکەکە بە دیالۆگ دەکەنەوە و هۆشداری لە دەرەنجام و لێکەوتە مەترسیدارەکانی ئەو جەنگە دەدەن و داواش دەکەن گەل و پارت و لایەنەکان هەڵوێستیان هەبێت و ڕێگە نەدەن جەنگ ڕوو بدات. خوازیاریشن  ھێزی پێشمەرگە کە نێردراون بۆ بەرەکانی شەڕ، ئەو شەڕ نەکەن و بگەڕێنەوە ناو ماڵ و منداڵی خۆیان.

دەقی تەوای بانگەوازییەکە:

ھەموو ئاماژەکان باس لەوەدەکەن جەنگێکی خوێناوی گەورە بەڕێوویە، ئەمجارەیان لەنێوان ھێزەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان و گەریلاکانی پەکەکەدا. چەندان ھەواڵ و راپۆرتی جیاواز باس لە دۆخی خۆئامادەکردن بۆ جەنگ دەکەن. ھەزاران چەکدار بەرەو شوێنی مەبەست جوڵەیان پێکراوە، سەنگەرە کۆنەکان نۆژەن کراونەتەوە و سەنگەری تازە دروستدەکرێن. تەپۆڵکەکان پڕکراونەتەوە لە چەکدار، شوێنی نیشتنەوە بۆ ھەلیکۆپتەرەکان سازدەکرێت، مین لەسەر رێگاکان کۆدەکرێنەوە و چەکدارەکان لە یەکتر نزیکدەبنەوە.
ھەموو ئەم شتانە وەک پێشینەیەک بۆ پەلاماردان و رووبەڕووبوونەوە ئامادەکراون. ئەوەشی لەم دە رۆژەی دواییدا سەرنجی لە میدیا و قسەی بەرپرسە سەرەکییەکانی پارتی دابێت، دەزانێت لە پشتی گوتارەکانیانەوە پلان و ئەگەری شەڕێکی گەورە ئامادەیە. شەڕێک لە سەردەمی کارەساتی کۆرۆنا و ھەژاریی و نەدارییەکی سەرتاسەریی خەڵکدا.
بێگومان شەڕی کورد و کورد مێژوویەکی خوێناویی و ناشیرینی ھەیە. ھەمیشە سەرکردە و منداڵ و ھاوڕێکانیان لە ماڵەکانی خۆیان دادەنیشن و لە دوورەوە سەیری رشتنی خوێنەکان دەکەن، بەڵام لەناو سەنگەر و تەپۆڵکەکاندا ھەوادار و ھێزە سەربازییەکانیان دەکوژن و لێیاندەکوژرێت. ئەم ھێزیان پارە و چەک لەم ھێزی ئیقلیمی و ئەویتریان لەو ھێزی ئیقلیمی تر وەردەگرێت. شەڕی ئەم ھێزانە ھەمیشە بەشێک بووە لە پیلانێکی ناشیرین بۆ کۆکردنەوەی دەسەڵاتی زیاتر و بۆ کەڵەکەکردنی زیاتری سەرمایەی و دەسکەوت.
ئەم ھەڵقەیە لە شەڕی کورد و کورد، وەک زۆر ھەڵقەی تری، تەنھا شەڕێکی ناوەکیی نەبووە و نییە، تەنھا ھەندێک ناکۆکیی ناوەکیی نێوان ھێزە کوردییەکان دروستیناکات، بەڵکو بەردەوام بەرنامە و خواستێکی ئیقلیمیی نەگریسیشی لەپشتەوەبووە و لەپشتەوەیە. پێکدادانی ئەم جارەی پارتی و پەکەکە، درێژکردنەوە و راکێشانی سیاسەتی تورکیا و ئەردۆگانە بۆ ناو ھەرێمی کوردستان و لەزۆر رووشەوە ئەم جەنگە جەنگێکی لەبرییە. سوپای تورکیا لە ساڵی ١٩٨٤ەوە لەگەڵ پەکەکەدا لە جەنگدایە. لەم چەند ساڵەی دواییشدا ئەم سوپایە و حکومەتەکەی ئەردۆگان بە مەبەستی لەناوبردنی یەکجارەکی پەکەکە، لە پەلاماردانێکی بەردەومدابوون بۆ سەر ناوچەکانی قەندیل. لەناو تورکیا خۆشیدا رژێمی تورکیا لە جەنگێکی ناوەکیدایە لەگەڵ ئەو پارتە سیاسییە کوردیانەی کە رێگای خەباتی پەرلەمانی و مەدەنیان گرتۆتەبەر. ئەوەی ئێستا لە نێوان پارتی و پەکەکەدا رووئەدات، لەزۆر ئاستیدا، درێژەدانە بەم جەنگەی ئەردۆگان و تورکیا دژ بە کوردانی باکور، بەڵام بە ھاریکاری و بەشداریی ھێزێکی کوردی کە خاوەنی چەک و جبەخانە و پارەیەکی زۆر و گەورەیە.
ئەوەی دەبێت رێی پێبگیرێت ڕوودانی ئەم جەنگەیە. ئەم جەنگە جگە لە خوێنڕشتن و کارەسات و جگە لە بەھێزبوون و چەسپاندنی زیاتری چەپۆکی تورکیا لە ھەرێمدا، ھیچ ئەنجامێکی تری نابێت. لە دۆخی روودانیدا وێرانکردنی تەواوەتی ھەرێمەکە و گیرۆدەکردنی دەبێت بە کۆمەڵێک کێشەی وەھاوە کە چارەسەرکردنیان لەژێر دەسەڵاتی خەڵکی کوردستاندا نابێت. ئەگەری دروستبوونی زۆنێکی تورکیی لە ھەرێمدا دەبێتە واقیعێکی سیاسیی و سەربازیی و زیاد لە نەوەیەک بە دەست دەرەنجام و سیاستەکانییەوە گیر دەخۆن. بۆیە ئەم جەنگە لە دۆخی ڕوودانیدا، تەنھا ھەڵەیەکی سیاسیی نابێت، بەڵکو ھەڵەیەکی ستراتیژیی ترسناک دەبێت کە کێشەی گەورە و چاوەڕواننەکراو بۆ خەڵکی کوردستان دروستدەکات.
ئەم دۆخە ئەرک و بەرپرسیاریەتێکی گەورە و ھەمەلایەن دەخاتە سەرشانی ھەموو ئەو تاکەکەس و ھێز و پارتە سیاسیی و ئۆرگانە مەدەنیانەی، کە دەرک بە مەترسی دۆخەکە دەکەن. ھەوڵی رێگرتن لە روودانی ئەم جەنگە تاقە کردەیەکی سیاسی و ئینسانیی راستەقینەیە. ئەم جەنگە، گەر رووبدات، دەبێتە یەکێک لە کارەساتە ھەرە گەورە و ناقۆڵاکانی دونیای ئێمە. بۆیە رێگرتن لەڕوودانی تاقە کارێکی سیاسیی و ئەخلاقیی و ئینسانیی ڕاستەقینەیە.
ئێمە كە لەخوارەوە ئێمزامان كردووە داوا دەكەین نەك رێگە بەم شەڕە بگیرێت، بەڵكو هەموو ئەو ئامادەكاریانەش هەڵوەشێنەوە كە بۆ بەرپاكردنی شەڕ ئامادەكراون و هێزەكان بگەڕێنەوە بنكەكانی خۆیان. ئەو کێشانەشی کە ھەن بەڕێگای ئاشتیانە و لە رێگەی دیالۆگەوە چارەسەر بكرێن. خۆ ئەگەر ھیچ یەکێک لەم شتانە ناکرێت، داوای ئێمە لە ھێزی پێشمەرگەیە، لەو کەسانەیە کە نێردراون بۆ بەرەکان، ئەو شەڕە نەکەن و بگەڕێنەوە ناو ماڵ و منداڵی خۆیان.

رەووف بێگەرد، نووسەر
مەریوان وریا قانع، نووسەر
نیاز عەبدوڵڵا، رۆژنامەنووس
ئەحمەدی مەلا، نووسەر
دانا رەوف، شانۆکار 
چۆمان هەردی، نووسەر
سەلام عومەر، رۆژنامەنووس
زاهیر عەبە ڕەش ، شانۆکار
ئەژین عەبدولخالق، نووسەر
میران ئەبراهام، رۆماننووس
ئازاد بەرزنجی،، نووسەر
مەریوان هەڵەبجەیی، وەرگێڕ
ئەنوەر رەشید عەوڵا، شاعیر
لازۆ ئازاد، شاعیر
هیوا قادر، شاعیرو نووسەر
سەلام موحەمەد، شاعیر 
ئالان پەڕی، شاعیر
گۆران مەریوانی، نووسەر
د. کامەران قەرەداخی، دکتۆر
ئاراس فەتاح، نووسەر
هۆشەنگ وەزیری، نووسەر
ئارام عەلی، شێوەکار
ئارام سەعید، نووسەرو میدیاکار
کاوە محەممەد، ئەندامی پەرلەمانی عێراق
خالید سلێمان، نووسەرو رۆژنامەنووس
رێبین هەردی، نووسەر
هیوا فایەق، شانۆکار
سەردار محەممەد، نووسەرو رۆژنامەنووس
ئاسۆس هەردی، نووسەر

 

هـ.هـ