ڕۆژنامەنووس جاندەمیر کەوتەبەر لێپرسینەوە

دوای ئەوەی ھێزەکانی پۆلیس لە وان ھەڵیانکوتانە سەر ماڵێک، ڕۆژنامەنووس ئۆکتای جاندەمیر ڕەخنەی لە بڵاوکردنەوەی دیمەنی ھەڵکوتانەکە گرت و وتی: 'بنەماکانی بێتاوانی پێشێل دەکەن'، بەو ھۆیەشەوە ڕووبەڕووی لێپرسینەوە کرایەوە.

حکومەتی ئاکەپە-مەهەپە، کە ساڵی ٢٠٢٢ یاسای سانسۆری ئامادە کرد، بە پشتبەستن بەو یاسایە لێپرسینەوە و دۆسیەی نوێ لە دژی ڕۆژنامەنووسان دەستپێدەکات.

لە ڕۆژانی ڕابردوودا وەزارەتی ناوخۆی دەوڵەتی تورک، گرتە ڤیدیۆیەکی بڵاوکربووەوە، کە بە پێی گرتەکە ھێزەکانی پۆلیس لە شاری وان هەڵیانکوتابووە سەر ماڵێک و درگای ماڵەکەیان شکاندبوو. ئۆکتای جاندەمیر کە لە وان کاری ڕۆژنامەنووسی دەکات، بە وتنی: 'بنەماکانی بێتاوانی پێشێل دەکەن'، ڕەخنەی لە بڵاوکردنەوەی ئەو دیمەنە گرتبوو.

دوای ڕەخنەکەی جاندەمیر، داواکاری گشتی کۆماری وان لەبارەی ئەو ڕۆژنامەنووسە دەستی بە لێپرسینەوە کرد.

لە چوارچێوەی ئەو لێپرسینەوانەدا، جاندەمیر لەگەڵ پارێزەرەکەی قادر کوتەڤی، سەردانی بنکەی پۆلیسی کرد و وتەی لێوەرگیرا. جاندەمیر ئاماژەی بەوەکردووە، وەک ڕۆژنامەنووس و کەسێک بە بینینی ئەو دیمەنانە دڵتەنگ بووە و وتی: دروست نییە ئەو دیمەنە لەلایەن وەزارەتی ناوخۆوە بڵاوبکرێتەوە.

دوای وەرگرتنی وتە لە جاندەمیر، ئازاد کرا.