"کۆمەڵگا ڕێگر بووە لە پێشکەوتنەکانی کچانی هونەرمەند"

کچانی وێنەکێش و شێوەکارانی کەرکوک ددەڵێن: "کۆمەڵگا ڕێگر بووە لەوەی کچان بتوانن تواناکانیان نیشان بدەن و پێشبکەون."

بەگشتی لە کۆمەڵگای کوردی لە باشوری کوردستان بەحوکمی ئەوەی کۆمەڵگای باشور عەقلیەتی پیاوسالاری تیادا زاڵە، بەردەوام ڕێگری هەبووە لەبەردەم ژنانی خاوەن بەهرە و توانای هونەری. کۆمەڵگا و بنەماڵە هەمیشە بەناوی پابەندبوون بە نەرێتی کۆمەڵایەتییەوە ڕێگربوون لە دەرکەوتنی ژنانی خاوەن توانا و بەهرەی هونەری و پشتگیری تواناکانیان نەکراوە.

کچانی بەتوانا و خاوەن بەهرە لەبواری وێنەکێشی و شێوەکاری لەشاری کەرکوک، سەبارەت بە ئاستەنگی و پالپشتی و داواکارییەکانیان بۆ پێشخستنی تواناکانی ژنان بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) دوان.

"کاریگەری نەرێنی هەیە لەسەر پێشکەوتنی تواناکانی ژنانی خاوەن بەهرە"

لیسا موەفەق، کچێکی شێوەکاری شاری کەرکوکە، سەبارەت بەو ئاستەنگییانەی ڕووبەڕوویان دەبێتەوە و دەبێتە ڕێگر لە پێشەکەوتنەکانی توانا و بەهرەکانیان وتی: " قسەی خەڵکی کۆمەڵگاکەمان کاریگەری زۆر نەرێنی هەیە لەسەر پێشکەوتنی تواناکانی ژنانی خاوەن بەهرە، چونکە ژنانێکی زۆرهەن کە تواناکانیان بە شارەوایی ماوەتەوە. بەهۆی ئەوەی لە قسە و کاردانەوەی کۆمەڵگا دەترسن ناتوانن پەرە بە بەهرە و تواناکانیان بدەن لەو بوارانەی کە کاری تێدا دەکەن."

"بوێرانە ڕووبەڕووی کۆمەڵگا دەبینەوە"

ئەو کچە شێوەکارە وتیشی: "ئێمەی کچان پێویستە بوێرانە بێینە پێشەوە و تواناکانی خۆمان نیشان بدەین و ڕێگە نەدەین قسەی کۆمەڵگا کاریگەریی خراپ و نەرێنی لەسەرمان هەبێت، چونکە هونەرەکەمان هۆکارێکە بۆ ئەوەی مێکشی خەڵکی نێو کۆمەڵگا فراوان و هۆشیار بێت و کۆمەڵگایەکی تەندروستمان هەبێت."

"پێویستە ڕۆڵی زیاتر ببین لە پاڵپشتی کردنی هونەرمەند"

سەبارەت بە ئەرکی لایەنە پەیوەندیدارەکان لە پاڵپشتی و هاوکاریکردنی کچان و گەنجانی هونەرمەند، لیسا موەفەق ئەوەشی ووت: "پێویستە لەسەر لایەنە پەیوەندیدارەکان بە ئەرکی خۆیان هەستن و ڕۆڵی زیاتر ببین لە پاڵپشتی کردنی گەنجانی هونەرمەند لە ڕێگەی هاوکاری و کردنەوەی پێشەنگا بۆ تەواوی گەنجانی خاوەن بەهرەی هونەری بەبێ جیاوازی ڕەگەزی."

"پشتیوانی خێزان رۆڵێکی کاریگەر و گەورەی لەسەر پێشەکەوتنەکانی کچان دەبێت"

شارا نەوزاد کچە هونەرمەندێکی شیوەکاری دیکەیە لە شاری کەرکوک. شارا نەوزاد سەبارەت بە پاڵپشتی کردنی کچانی هونەرمەند و شێوەکاری خاوەن بەهرە ووتی: " بۆ زیاتر پێشکەوتنی تواناکانی کچانی خاوەن بەهرە بە پلە یەک پێویستە لەلایەن خێزانەکانیانەوە پاڵپشتی بکرێن، لە کاریگەری لەسەر پێشەکەوتنەکانی کچان رؤلێکی گەورە دەگێڕێت، بۆیە پێویستە کۆمەڵگا لەکاتی نمایش کردنی کارە هونەرییەکانی کچان کاردانەوەیەکی ئەرێنی بنوێنێت بۆ ئەوەی ببنە پاڵپشت بۆ زیاتر پەرەپێدانی تواناکانی کچانی خاوەن بەهرە."

"هونەرمەندان دەڕوخێنن"

هەروەها شارا نەوزاد ووتیشی: " بەداخەوە زۆر جار تاکەکانی کۆمەڵگا لەکاتی نمایشی کاری هونەریەکاندا هونەرمەندان دەروخێنن لە ڕێگەی کەم کردنەوەی ئاستی کارە هونەرییەکانیان و وێنەکانیان، بۆیە گرنگە کۆمەڵگا پاڵپشتی کچان بکات تەنانەت بە ووشەیەکی جوانیش بێت تا باوەڕ بەخۆبوونی کچان زیاد بکات، پاڵپشتیی خێزان هۆکاریی سەرەکییە بۆ ڕوبەڕوبوونەوەی ڕێگری و قسەی کۆمەڵگا ."

بە گەشبینەوە دەڕوانمە داهاتوو

لە کۆتایدا ئەو کچە شێوەکارە ووتی: " بە گەشبینیەوە لە داهاتوو دەڕوانم و هیوادارم لەداهاتوودا خەڵکی چاوکراوەتر بن لە بەشداری کردن لە پێشەنگای هونەری تایبەت بە کچان و  کاردانەوەیان ئەرێنیتر دەبێت لەگەڵ پێشکەوتنەکانی کچان لەبواری هونەری."

"لەسەرەتاوە ڕێگە نادەن بە کچان"

لەیلان ئەحمەد کچێکی شیوەکاری بەتوانایە لە شاری کەرکوک لەهەمان کاتدا قوتابی پەیمانگای هونەرە جوانەکانی کەرکوکە، سەبارەت بە ئاستەنگی بەردەم پەرەدان بە تواناکانی کچانی شیوەکار وتی: "بەداخەوە خێزانی نێو کۆمەڵگای کوردی لەسەرەتاوە ڕێگە نادەن کچەکانیان بەشداری کاری هونەری ببێت، وێنەکێشان خۆی لەخۆیدا بوارێکە بۆ نیشاندانی ڕاستینەی ژیانە وەکو شانۆکاری و گۆرانبێژی و تەواوی هونەرەکانی دیکە کە ڕاستیەک نیشان دەدەن."

"لە کەرکوک کەمترین گرنگی بە هونەر دەدرێت"

لەکۆتایدا لەیلان ئەحمەد ووتیشی: "بەداخەوە لە شاری کەرکوک گرنگی بە هونەر نادرێت، بە بەراورد لەگەڵ هەر کارێکی دیکە لە شاری کەرکوک کەمترین گرنگی بە هونەر دەدرێت، ئەمە گرنگی نەدانە بەهونەر لە شارەکە و ئەوەش گرێدراوە بە ئاستی رۆشنبیری خەڵکی شارەکەوە. داواکاریی ئێمەی کچانی شێوەکار زیاتر پاڵپشتی کردنە لەلایەنی مادی و مەعنەوییە."

ژ.ت