بە دیمەن

مەزڵوم عەبدی: وەک گەلی ڕۆژئاوا پشتگیری لە بانگەوازەکەی ڕێبەر ئاپۆ دەکەین

فەرماندەی گشتی قەسەدە مەزڵوم عەبدی لە وتاری دەسپێکی کۆنفرانسی "یەکڕیزیی و یەکهەڵوێستی کوردیی لە ڕۆژئاوای کوردستان"، گوتی: "وەک گەلی ڕۆژئاوای کوردستان پشتگیریی بانگەوازیی ئاشتیی و کۆمەڵگەی دیموکراتیکی ڕێبەر ئاپۆ دەکەین و چی لەدەستمان بێت دەیکەین".

کۆنفرانسی "یەکڕیزی و یەکهەڵوێستی کورد لە ڕۆژئاوای کوردستان" بە بەشداری زیاتر لە ٤٠٠ نوێنەری پارت و ڕێکخراوە کوردی و کوردستانییەکان لە پارکی ئازادی شاری قامیشلۆ دەستی پێ کرد.

پاش خولەکێک ڕێزگرتن بۆ یادی شەهیدان، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سوریای دیموکراتیک (قەسەدە) مەزڵوم عەبدی وتاری دەسپێکی کۆنفرانسەکەی خوێندەوە و بەخێرهاتنی میوانەکانی کورد و تیشکی خستەسەر تێکۆشانی گەلی ڕۆژئاوای کوردستان، گوتی: "لەو ماوەیە زیاتر لە ١٣ هەزار شەهیدمان هەیە، بۆیە ئەم کۆنفرانسە پێشکەشی شەهیدان دەکەین."

هەروەها لە درێژەدا ڕایگەیاند یەکێتیی و بەهێزی کوردان دەبێتە مایەی یەکێتی و بەهێزی سوریا، گوتی: "دەبێت دەستووری سووریا نامەرکەزیی بێت و هەموو پێکهاتەکان لە خۆبگرێت و سووریایەکی دیموکراتیک بونیاد بنێین". دووپاتی کردەوە، دەبێت لە دەستووری سووریای نوێدا مافی گەلی کورد بپارێزرێت.

مەزڵووم عەبدی سەبارەت بە بانگەوازیی "ئاشتیی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک"ـی ڕێبەر گوتی: "وەک گەلی ڕۆژئاوای کوردستان پشتگیریی بانگەوازیی ئاشتیی و کۆمەڵگەی دیموکراتیکی ڕێبەر ئاپۆ دەکەین و چی لەدەستمان بێت دەیکەین".

لە کۆتاییشدا مەزڵووم عەبدی هیوای خواست کۆنفرانسەکە ببێتە هۆکارێک بۆ بەستنی کۆنفرانسێکی گشتیی نەتەوەیی کوردستان لە ماوەیەکی نزیکدا.

کۆنفرانسەکە بەردەوامە.