دایکانی شەممە هەموو هەفتەیەک لە گۆڕەپانی گەلەتەسەرای کۆدەبنەوە و ئەم هەفتەیەش چالاکی ١٠٤٨یان ئەنجام دا.
دایکانی شەممە بە هەڵگرتنی وێنەی کەسوکاریان کە لەژێر چاودێرییدا بێسەروشوێنکران لە گۆڕەپانی گەلەتەسەرای کۆبوونەوە و لە چارەنووسی قادر کەرەمئۆغلۆیا پرسی کە لە ١٤ی نیسانی ١٩٩٥ەوە بێسەروشوێنە.
هاوسەرۆکی کۆمەڵەی مافەکانی مرۆڤ (ئیهەدە) ئەرەن کەسکین، نوسینگەی یاسایی ئەستەنبوڵ، سەرۆکی ئیهەدەی ئەستەنبوڵ و چەندین چالاکوانی مافەکانی مرۆڤ بەشداری چالاکییەکە بوون. ڕاگەیاندراوی کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکە لە لایەن خزمی بێسەروشوێنکراون، ژیان تۆسونەوە خوێندرایەوە.
ژیان تۆسون ئاماژەی بەوەدا دوای ئەوەی بنەماڵەی کەرەمئۆغلۆ بووە ئامانجی چەتەکانی ژیتەم، قادر کەرەمئۆغلۆ لە ١٤ی نیسانی ١٩٩٥دا ڕفێندرا و لەوکاتەوە هیچ هەواڵێکی لەسەر نییە و گوتی با گۆڕی قادر ئاشکرا بکرێت.
دواتر لە چالاکییەکەدا سەرۆکی نوسینگەی یاسایی ئەستەنبوڵ ئیبراهیم ئۆزدەن قسەیکرد و گوتی: "وەک بەڕێوەبەری نوسینگەی یاسایی ئەستەنبوڵ لەگەڵ دایکانی شەممەداین. ئەو نایاساییەی ئەنجام دەدرێت قبوڵی ناکەین. هیوامان بۆ بە دەستهێنانی دادپەروەری لە دەست نادەین".
پاشان کەسوکاری بێسەروشوێنکراوان، ئیقبال ئەرەن قسەی کرد و ناڕەزایەتی لە بەرانبەر قەدەغەکردنی گۆڕەپانی گەلەتەسەرای نیشاندا و ئاماژەی بەوەدا لە لێگەڕینی دادپەروەرییدان.
چالاکییەکە بە دانانی تاجەگوڵینە لە گۆڕەپانە گەمارۆدراوەکەدا کۆتای هات.