سەرۆکی گرووپە فاشیستەکانی تورکیا ئەردۆغان، شەڕی دژی کوردان چڕتر دەکاتەوە. ئەو زمانەی دژی کورد بەکاری دەهێنێت ناوەڕۆکێکی وێرانکاری و توندوتیژی هەیە. لە کاتی قسەکردن لەسەر پرسی فەلەستینیشدا بەم جۆرەیە. لەپێناو فەلەستین ئیسرائیل دەکاتە ئامانج، دەڵێت نەتانیاهۆ تاوانی جەنگ و تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی ئەنجام دەدات و دەبێت لێپێچینەوەی لەگەڵدا بکرێت. دەشڵێت پێویستە لە فەلەستین ئاگربەست هەبێت، کوشتنی مرۆڤی مەدەنی بوەستێت. بۆ ئەمەش داوای ڕای گشتی جیهان دەکات، و هەموو نوێنەرایەتییە دیپلۆماسییەکانی چالاک دەکات. بەڵام کاتێک باس لە کورد دەکرێت، دەنگی بەرز دەبێتەوە و دەڵێت دەستکەوت و بەدواداچوونی مافەکانیان پەسەند ناکەم.
ئەردۆغان دەڵێت، پێویستە لە هەرێمەکە و لە جیهاندا ئاشتی بەدی بێت. بەڵام خۆی هەرگیز باسی ئاشتی لەگەڵ کورد ناکات. تاکە ڕێگەچارە بۆ کورد "چۆک دانانە" و پاکتاوکاری گشتییە. بەڵام کێشەی کورد لە کێشەی فەلەستین کۆنترە. کۆمەڵکوژیی دێرسیم کە لەلایەن ئەردۆغانەوە قبوڵکراوە، لە ساڵانی ١٩٣٧ و ١٩٣٨ ڕوویدا. لەو سەردەمەدا فڕۆکەی شەڕ و چەکی کیمیایی دژ بە کورد بەکارهێنرا. لە ساڵی ١٩٢٥ شێخ سەعید و هەڤاڵەکانی لە سێدارە دران، ئەشکەنجەدان یەکێک بوو لە کردەوە کلاسیکەکانی کۆمار دژی کورد. ئەردۆغان دەڵێ، پەکەکە، کەجەکە، یەپەگە، پەیەدە و هتد، ڕێکخستنە کوردییەکان تیرۆریستن، لەناوبردن و پاکتاوکاری دەسەپێنێ. دەیەوێت بە وشەی تیرۆریست پاساو بۆ سیاسەتەکانی پاکتاوکاری و کۆمەڵکوژییەکانی بهێنێتەوە. لە ساڵی ١٩٢٥ و ١٩٣٧ پەکەکە نەبووە. ئەگەر کێشەکە پەکەکەیە، بۆچی لەو کاتەدا نکۆڵی لە کورد دەکرا، کۆمەڵکوژ کرا؟ دیارە کێشەکە پەکەکە نییە. کێشەکە بوونی کوردە. بەڕێوبەرانی ئەو سەردەمە، وەک ئەردۆغان، لەبری وشەی تیرۆریست، دەیانگوت "جوداخواز، یاخی، رێگر" واتە بەردەوام زمانی نکۆڵی و وێرانکاری و توندوتیژی دژ بە کورد بەکار دێت. ئەردۆغان ئەمڕۆ هیچ شتێکی نوێ نەکردووە، ئەوەی "باپیرانی" کردوویانە، بەردەوامی پێدەدات. بە قسەکانی هیچ کێشەیەکی لەگەڵ کورددا نییە، بەڵام نایەوەێت لە گۆڕەپانی نێونەتەوەییدا پشتیوانی لە کورد بکرێت، کورد لە خەو ڕانەپەڕێت و دەست بەتێکۆشان نەکات. لە هەمان کاتدا هێزەکانی وەک پەدەکە بۆ شکاندنی بەرخۆدانی کورد بەکار دەهێنێت. دەیەوێت ڕای گشتی جیهانی لە پشتیوانی کردنی لە قاعیدە، نوسرە و داعش کە وەک تیرۆریست ناسراون بە پێچەوانەو بکاتەوە. تورکیا سنوورەکانی بەڕووی ئەو هێزە تێروریستیانە و دەیان هەزار چەتەیان کردەوە و بۆ سوریا و عێراقی ڕەوانەیان کردن. بەو هۆیەوە سوریا ڕووخا و ملیۆنان کەس لە خاکی خۆیان ئاوارە بوون و سەدان هەزار کەس گیانیان لەدەستدا.
ئەردۆغان ئەمەی بە بەس نەزانی. سوپاکەیشی ناردە ناو خاکی سوریا و هەرێمەکانی وەک عەفرین، عەزاز، باب و گرێسپی و سەرێکانی داگیرکرد. کورد لەو هەرێمانە دەرکران. بە شێوەیەکی ئاشکرا کۆمەڵکوژی ئەنجامدا، ئێستاش بنەماڵەی چەتە بیانییەکان دەهێنێتە ئەو هەرێمانە و نیشتەجێیان دەکات. بە داگیرکردنی سوریا ڕازی نییە، یاری بە دانیشتوان و پێکهاتەکەی دەکات. دەیان هەزار لەو چەتانەی وەک سوپای نیشتیمانی سوریا دامەزراند و دەسەڵاتێکی کورت خایەنی سوریای پێ دروستکرد.
ئەردۆغان ئەم چەتانەی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست وەک ئامرازێکی هەڕەشە لە دژی هەموو دەوڵەتانی عەرەبی بەکار هێنا و بەکاری دەهێنێت. بە هەزار سەربازی ڕاکێشی ناو خاکی عێراق کردووە و دەیان بنکەی سەربازی دروست کردووە. ڕۆژانە فڕۆکەکانی هێرش دەکەنە سەر عێراق. بە چەکی کیمیاوی لە ناوەوە و دەرەوەی تورکیا هێرش دەکەنە سەر کوردان. ئەمڕۆ ڕەخنە لە ئیسرائیل دەگرێت، خۆی زیاتر و زیاتری بەسەر کورد هێناوە.
ئەردۆغان لە پەیوەندییە ناوخۆیی و دەرەکییەکانیدا بە ئاشکرا ستایش و بەرگری لەو کۆمەڵکوژی و تاوانەکانی دژی گەلی کورد دەکات، بە ئاشکرا دەڵێت بەردەوام دەبێت لە هێرشەکانی. ئەگەر ناتانیاهۆ بە تاوانی داگیرکاری و لەناوبردنی ژیانی مرۆڤەکان و کۆمەڵکوژی دادگایی بکرێت، ئەردۆغان چی بەسەر دێت؟ پێویستە لێپرسینەوە لەو هێزانەی بەرامبەر تاوانەکانی دژی کورد بێدەنگن بکرێت. تا ئێستا کەس خاوەنداری لە کورد نەکردووە و لێپرسینەوەی لە سەرۆکە تاوانکارەکانی تورکیای نەکردووە. بۆیە ئەردۆغان کوردی ڕووبەڕووی کۆمەڵکوژی و دەربەدەری کردووە.
سەرچاوە: ڕۆژنامەی ڕووناهی