دەوڵەتی تورك دەیەوێت هەڵبژاردنە خۆجێیەكانی عێراق دێزەدرخۆنە بكات!!

" یەكسەر دوای كۆتایی هاتنی پرۆسەی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی خۆجیی لەعێراق و بەدوور لەچاوی كامێراكان و رای گشتی، وەزیری دەرەوەی عێراق"فواد حسێن" و وەفدێك لەرایەدارانی عێراق لەتوركیاوە سەریان دەرهێناوە".

دوای هەژدە ساڵ لەهەڵبژاردنی ئەنجوومەنی خۆجەیی كەركوك، رۆژی هەژدەی ئەم مانگە پێكهاتە رەسەنەكانی شارەكە و ناحیە و دەوروبەری شارەكە بەجۆش و خرۆشێكی نەتەوە، قەومی، ئاینی، مەزهەبی، ئەتنیكی و كەلتوری و دیموكراسیانە بەرۆحێكی ریازەوە چوونە سەر سندوقەكانی دەنگدان و بەپێی ئامارە بەرایەكان چە ئەوانەی لەراگەیاندنەكان و چە ئەوانەی لەچاودێری لایەنەكان و چاودێرانی سەر سندوقەكان و چە ئەوەی لەلایەن كۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانەوە راگەیەندرا، لەئاستی گشتی عێراقدا كەركوك بەرێژەیەكی هەرە بەرزتر لەهەموویان خەڵك بەشداریان لەهەڵبژاردنەكاندا كرد و سەرەڕای هەندێ كێشەی تەكنیكی، كێشەیەكی جددی لەبەرێوەچوونی پرۆسەكە نەهاتە كایەوە، ئەمەش بووە مایەی دڵخۆشی هەموو پێكهاتە رەسەنەكانی شارە و بەتایبەتی بۆ گەلی كورد، پرۆسەکە لەكەشێكی ئارام و لەباردا بەرێوە چوو. ئەم هەنگاوە بووە جێگەی رەزامەندی هەموو چین و توێژ و كۆمەڵانی خەڵكی شارەكە. لەلایەكی تر هەموو پێكهاتە رەسەنەكان بۆ ئەوەی ببنە خاوەن ئیدارەیەكی خۆجیی لەدانیشتوانە راستەقینەكانی شارەكە، لەكێبڕكێیەكی تەندروستدا پرۆسەكەیان بەسەركەوتوویی بەئەنجام گەیاند و ئەوەی ئێستا ماوەتەوە لەسەر كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانە كە ئەنجامەكان بە چە ئاراستەیەكدا رابگەیەنێت كە هەموو لایەنەكان و گەل رازی بن بەئەنجامی هەڵبژاردنەكان و ئەو رەنج و ماندووبوون و چاوەڕوانیەی كە هەری كەم لەم چل رۆژەی پڕوپاگەندەی هەڵبژاردنەكاندا بەدڵ و گیان هەوڵیان بۆ دا.

جا ئەوەی بوو بەهۆكار بۆ ئەوەی لەم پارێزگایە، پێكهاتەكان بەو حەماسەت و جۆش و خرۆشە نیشتیمانیەوە بچنە پیری پرۆسەكەوە و بەشداریەكی كارا لەپرۆسەكەدا بكەن، چەند هۆكارێكی تایبەت بەخۆی هەبوو، كە جێگەی راوەستە لەسەركردنە. یەكەم ئەوەی كە ماوەیەكی درێژە و نزیكەی هەژدە ساڵە ئەم پارێزگایە خاوەن ئەنجوومەنێكی هەڵبژێردراوی گەل نییە و هەڵبژاردن نەكرابوو. ئەوەشی كە پێشتر وەكو ئەنجوومەن لەشارەكە هەڵبژێردرابوون، بەرێككەوتنی ژێربەژێر و دابەشكاری كورسی بوو لەلایەك و لەلایەكی تر، ئەو ئەنجومەنەی پارێزگای كەركوك لەبەرامبەر بەهەندێ سەفەقە بۆ پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان مامەڵەیان پێوە كرا و چارەنووسی كەركوك و كەركوكیەكان كرانە قوربانی دەسەڵاتی رەهای هەرێمی كوردستان و لەلایەكی ترپێكهاتە رەسەنەكانی شارەكە و بەتایبەتیش كوردان بەهۆی ئەو دۆخە سەپێندراوەی لە شانزدەی ئۆكتۆبەری ٢٠١٧ەوە بەسەر شارەكەدا هات و ئیدارەیەكی بەوەكالەت دامەزرا و بەدرێژایی ئەم چەند ساڵە هیچ كام لەپێكهاتە رەسەنەكانی شارەكە بەدەست ئیدارە سەپێندراو و پارێزگا بەوەكالەتەكەی شارەكە رازی نەبوون. واتا پێكهاتەكانی پارێزگای كەركوك نە بەو دەسەڵاتە كوردیەی پێشوو و نەش بەو ئیدارە دیفاكتۆ و سەپێندراوە رازی نەبوون و ویستیان بەبەشداربوونی بەرچاویان لەهەڵبژاردنی ئەنجوومەنی خوجیی شارەكەیاندا هەر دوو دەسەڵاتە گەندەڵ و ستەمكارەكە سزا بدەن. بەنیسبەتی پێكهاتەی كوردەوە، و بەهۆی رێژەی زیاتری كوردان لەشارەكە لەڕووی نەتەوەیی و مێژوویی و كەلتورییەوە و بەهۆی سیاسەتی تەعریب و بەزۆرەملێ كۆچبەركردن و دەركردن لەشارەكە و هاوردەكردنی خەڵكی شارەكانی خوارەوەی عێراق بەتایبەتی عەرەبی هاوردە بۆ شارەكە، نەتەوەی كورد وەكو مەغدوری سەرەكی سەیر كراوە. بۆیەش ئەو هەڵبژاردنە بەنیسبەت گەلی كوردەوە، بابەتێكی نەتەوەیی، مێژوویی و ماف و ئازادی و خاك بوو و بەكردەوەش رۆژی هەژدەی مانگ بەكەلتور و هونەر و رۆشنبیری و لۆژیكانەوە چوونە سەر سەندوقەكانی دەنگدان و توانیان بەرێژەیەكی بەرچاو دەنگەكانی پارێزگاكە بۆ خۆیان مسۆگەر بكەن.

دایكان و باوكانی كورد كاتێك بۆ كەناڵەكانی راگەیاندن قسەیان دەكرد، بەچاوێكی پڕ لەفرمێسك و هەیەجان و جۆش و خرۆشێكی كوردان و بێگەردەوە، دەیانگووت؛ ئێمە لەدەستی پارتە كوردیەكان زۆرمان چێشت، بەڵام جارێكی تر لەم هەڵبژاردنەشدا پێمان لەجەرگی خۆمان نا و دەستمان لەسەر برینەكانمان دانا و چاوەمان لەئاستی توانەكانیان دەرحەق بەگەلی كورد لەشارەكە داخست و دەچینەوە سەر سندوقەكانی دەنگدان، تا جارێكی تر سۆز و هەستی كوردانە و نیشتیمانیانەی خۆمان بەجێ بهێنین.

یەكسەر دوای كۆتایی هاتنی پرۆسەی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی خۆجیی لەعێراق و بەدوور لەچاوی كامێراكان و رای گشتی، وەزیری دەرەوەی عێراق"فواد حسێن" و وەفدێك لەرایەدارانی عێراق لەتوركیاوە سەریان دەرهێناوە و بەگوێرەی راگەیاندنەكان، سەردانەكەیان بۆ لای وەزیری دەرەوەی دەوڵەتی داگیركەری تورك و بەرپرسی دەزگای ئیستخباراتی تورك میت"هاكان فیدان"، سەریان دەرهێنا. بەپێی عورفی دیبلۆماسی نەدەبوو تا راگەیاندنی ئەنجامی پرۆسەی هەڵبژاردنەكان لەلایەن كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانەوە بچن سەردانی وڵاتێكی تر بكەن، یاخود میوانداری بەرپرسانی وڵاتێكی تر بكەن؛ چونكە ئەمە بەواتای دەستێوەردانی راستەوخۆی ئەو وڵاتە دێ لەپرۆسەكەدا. لەم هەڵبژاردنەی ئەنجوومەنی خۆجیی پارێزگاكانی عێراق و بەهۆی بەشداری كوردان بەرێژەیەكی بەرچاو و دەستەبەركردنی كورسیەكانی پارێزگاكانی كەركوك و نەینەوا و دیالە، دەوڵەتی تورك دەیەوێت ئەو پەیامە بە رایەدارانی عێراقی بدات كە ئەوان وەك دەوڵەتی تورك دان بەو ئەنجامەی هەڵبژاردنە خۆجییەكانی پارێزگاكانی عێراق دا نانێن. بەهۆی ئەوەی هاوپەیمانەكانی دەوڵەتی تورك، سوننەكان و پەدەكە و بەرەی توركمان وەك پێویست دەنگیان نەهێناوە، ئەمەش بەشكست بۆ خۆیان دەبینن.

دەوڵەتی تورك دەیەوێت ئەم دەرفەتە بەهەلێك بقۆزێتەوە و بەو بانگهێشتە چاوەڕواننەكراوەی وەزیری دەرەوەی عێراق و وەفدەكەی یاوەری، دەیانەوێت بەچەند مەرجێك دان بە ئەنجامی هەڵبژاردنە خۆجییەكانی پارێزگاكانی عێراقدا بنێن. مەرجی سەرەكی دەوڵەتی تورك دیارە، دەیانەوێت لەبەرامبەر بە دژایەتی دەوڵەتی عێراق لەبەرامبەر بەبزوتنەوەی ئازادیخوازی گەلی كوردستان، هەم دان بەئەنجامی هەڵبژاردنەكانی پارێزگاكانی عێراق و چارەسەركردنی پرسی ئاو لەگەڵ دەوڵەتی عێراقدا بكەن و رەنگە بیانەوێت بەو شێوەیەش پێشنیارێكی هاوشێوەی دەوڵەتی داگیركەری ئێران لەبەرامبەر بەپارتە كوردیەكانی رۆژهەڵات بۆ بێ چەككردن و دوورخستنەوەی لەسنورەكانی توركیا بداتە كاربەدەستانی عێراق. بۆیەش دەبێت هەموو گەلی كورد و پێكهاتە رەسەن و سیاسەتمەداران و لایەنە سیاسیە عێراقی و نیشتیمانیەكان دەرك بەو هەوڵە مەترسیانەی دەوڵەتی داگیركەری تورك بكەن و خۆیان لەهەوڵە چەواشەكاریەكانی دەوڵەتی تورك و دژایەتی كردنیان لەگەڵ بزوتنەوەی ئازادیخوازی گەلی كوردستاندا بەدوور بگرن.

گەلەكەمان بەتایبەتی كوردان لەپارێزگای كەركوك و نەینەوا و دیالە دەبێت زیاتر لەهەموو كەس و هێز و لایەنە سیاسیە كوردیەكانیش بەیەكڕیزی و تەبایی و هاوپەیمانی و ستراتیژیەكی كوردانە رووبەڕووی هەوڵە داگیركەریەكانی دەوڵەتی تورك ببنەوە و وانە لەهەڵە و كەم و كوڕیە مێژوویەكانیان دەرخەن و رووبەڕووی هەوڵەداگیركەریەكانی داگیركەرانی سەر كوردستان ببنەوە و رەنجی بەساڵان و تێكۆشانی چەندین ساڵەی گەلەكەمان و كەیفخۆشی گەلەكەمان لەناوچە كێشە لەسەرەكانی عێراق دا وەك بڵقی سەرئاوی لێنەكەن، چونكە گەلەكەمان لەهەرێمی كوردستانیش پرۆسەی هەڵبژاردنیان لەبەردەم دایە و دەتوانن وانەیەكی خراپتریان پیشان بدەن.

هـ . ب