گەریلا هێزی گەلە، گەریلا قەت نابەزێت

"لەحەقیقەت دا گەریلا هێزی فیدایی گەلە. هێزێكە گەل پشت و پەنایەتی. بەخێوی دەكات. سەرچاوە ماددی و مەعنەویەكەی گەلە. بۆیە گەل بەهەموو شێوەیەك خاوەنداری لێدەكات. هێزێكە لە هەناوی گەلەوە سەریهەڵداوە و خۆنەویستە".

گەریلا واژەیەكی ئیسپانیاییە و لەواژەناسی فارسیدا بەواتای چریك بەكارهاتووە. هێزێكە بەگوێرەی ئەدەبیاتی سیاسی، سەربازی"عەسكەری"سیستەمی دەوڵەت ـ نەتەوەكان شەڕی سەنگەر بەسەنگەری هەڵنەبژاردووە و لەیەك بەرەدا شەڕ ناكات. كات و شوێنی ڕووبەڕووبوونەوەكانی دیار نییە. گەریلا هێزێكە لەناكاو هەڵدەكوتێتە سەر هێزی دوژمن و لەچاوتروكانێكدا دەستی لێدەكاتەوە و زەبری كەمەرشكێنی لێ دەوەشێنێت و بەبێ ئەوەی شوێن پێی خۆی بەجێ بهێڵێت لەهەرێمی شەڕەكە دێتە دەرەوە. بەگشتی گەریلا؛ بە یەكینەی بچووك و پرۆفیشیۆناڵ"شارەزا" بەشێوەی بەورئاسا و فیدایانە هەڵدەكوتێتە سەر هێزی بەرامبەر. بەرێگەی سابۆتاژ، بێ ناوبەر، هەوڵدەدات و بە كەمترین زیان، گۆڕەپانی شەڕەكە بەجێ دێڵێت و لەمانۆڕ و مناوەرەی سەربازیدا، لەشوێن و كاتێكی تردا دوژمن دەخاتە نێو كەمینەوە و تۆڵەی لێدەستێنێتەوە.

لەبنەمادا گەریلا هێزی تۆڵەسێنە، شوێن و جێگای دیاری كراوی نییە. هەموو شوێن جێگا و ماڵی ئەوە. هێزی مانۆڕ و خۆگونجاندنی لەگەڵ بارۆدوخەكاندا هەیە و پشت بەهێزی گەوهەری خۆی دەبەستێت. پشت بەهیچ هێز و تاخم و گروپ و دەوڵەتێك نابەستێت. گەریلا هێزی گەلە و سەرچاوەی لەلایەن خودی گەلەوە دابین دەكرێت. لەبەرامبەر بەو هێرشانەی دەكرێتە سەر گەلەكەی بەرپرسیارە و حیساب دەداتە گەلەكەی خۆی و حیساب بۆ هیچ هێز و لایەنێك ناكات بەدەر لەگەلەكەی خۆی نەبێت.

لەحەقیقەت دا گەریلا هێزی فیدایی گەلە. هێزێكە گەل پشت و پەنایەتی. بەخێوی دەكات. سەرچاوە ماددی و مەعنەویەكەی گەلە. بۆیە گەل بەهەموو شێوەیەك خاوەنداری لێدەكات. هێزێكە لە هەناوی گەلەوە سەریهەڵداوە و خۆنەویستە. تاكە ئامانجی رزگاری گەلەكەی لەژێر چەپۆكی زوڵم و ستەم و داگیركەری و قڕكردن و لەناوبردنە. هێزێكە بۆ كەس شەڕ ناكات، بەدەر لە گەل و وڵاتەكەی و نرخە پیرۆزەكانی و ئامانجەكانی شەهیدان.

لەكوردستاندا و لەگەرمەی هەردوو شەڕی جیهانی یەكەم و دووەم، واژەی پێشمەرگە دێتە نێو وێژەنامەی سیاسی كوردانەوە و وای دادەن كە پێشمەرگە وەك لەواژەناسیدا باسی لێوە دەكرێت بەواتا مردنی خۆی لەپێش مردنی گەلەكەی داناوە. بەڵام گەریلا، باس لەمردن ناكات، باس لەژیان دەكات و خۆشەویستی لەلای ژیانی مرۆڤەكانە. بەدەركەوتنی پەكەكە جاری یەكەم گەریلا دێتە نێو گۆڕەپانی ئەدەب و وێژەی سیاسی، سەربازی، ڕێكخستنی كوردانەوە. هەوڵدەدات لەمردن ژیان بخولقێنێت. لە بنەڕەتدا هێزێكە لەدژی مردن، كۆیلایەتی و ژێردەستەبوون سەریهەڵداوە. ئەمەش بەخۆی فەلسەفەی ژیان و مردن و تێكۆشان و بەرخۆدان و خۆڕاگری لەكوردستان ئاوەژۆ دەكاتەوە. ئەوانەی تا دوێنێ و ئەمڕۆیش لەگەڵدا هەڵوەدای مەرگ بوون، بەبوونی گەریلا گیانێكی نوێ بەبەریاندا دێتەوە. گەریلا چەمكی مردن بۆ ژیان دەگۆڕێت و لەوەش واوەتر، ژیانی ئازاد بەبنەما دەگرێت.

دامەزرێنەری بزوتنەوەی گەریلایی لەكوردستاندا بەگشتی؛ ڕێبەر ئاپۆیە"عەبدوڵڵا ئۆجەلان"ە و ئۆجەلانیش بەخۆی واتا تۆڵەسێنە. تۆڵەسێن چەمكێكی گەریلایەتیە. خاوەن باگراوەندێكی فەلسەفی، هزری و سیاسی و سەربازی قووڵە. چەمكێكە بەگوێرەی ڕاستینەی مێژوویی و جوگرافی كورد و كوردستان.

 لەمێژووی گەلەكەماندا بزوتنەوەی زۆری گەریلایەتی سەریانهەڵداوە، بەڵام هێزە نەیارەكانی دەوروپشت ویستیوویانە ئەو هێزانەی گەل، وەك لادەر و تەسلیم نەبوو بەدەسەڵات بەناو بكەن. ویستوویانە بەشێوەیەك لەشێوەكان تیرۆریزە و هێزی زیاتریان لەدژ كۆبكەنەوە.

هۆریەكان، ئۆرارتۆیەكان، ئەیوبیەكان، سەباحیەكان، خەوارجیەكان و قرمەتیەكان، مانەویەكان و مەزدەكیەكان هەموویان لەسەردەمی خۆیاندا خاوەن هێزی گەریلایی بوونە. بەڵام ئەو هێزانە لەپێكهێنانی دامەزراوەی رێبەرایەتیدا كەم ماون. لەبەرامبەر بەهێرشە نێوخۆ و دەرەكیەكان نەیانتوانیوە بەپێی پێویست بەپلانی درێژخایەن، سیستەمی بەڕێوەبردن و پاراستنی دامەزرێنن. خاوەن هێزی شەڕكەری فیدایی و قارەمان و بەجەرگ بوونە، بەڵام دیارە ئەوە تەنیا تێری ئەوەی نەكردوە لەكوردستاندا لەبەرامبەر بە نەیاران بۆ ماوەیەكی درێژ ئیرادەبوونی هێز و گەل لەبەرامبەر بەهێرشەكان بپارێزێت. پاڵەوان و سوارچاك و قارەمانی ئەفسانەیی لە ژن و پیاوەوە لەو بزوتنەوانەدا ڕۆڵیان گێڕاوە، لەبەرەكانی شەڕدا قارەمانانە تا دوایین هەناسەیان بەرخۆدانیان بەبنەما وەرگرتووە، گیانیشیان لەنێودا سەروماڵیان لەپێناو پاراستنی ئامانجەكانیان دادەنێن و شەهید دەبن. ئەوانەی لەمێژووی گەلی كورد و كوردستاندا، گیانیان بەختكردوە، هەر هەموویان منداڵانی ئەم ئاو و خاكەن. ئەم ئاو و خاكە بەخوێنی ملیۆنان مرۆڤی تێكۆشەر، خۆڕاگر و بەرخۆدانڤان ئاو دراوە. پارێزراوە و ئەمڕۆكە ئێمە بەسەریەوە دەژین.

كاتێك رێبەر ئاپۆ دەڵێت؛ شەهیدان خاوەنی ڕاستەقینەی ئەم وڵاتەن، مرۆڤ هەست بەگەورەییەكی زۆر دەكات. دیارە بۆ پاراستنی ئەم خاك و گەلە بەدرێژایی مێژوو قوربانیمان داوە. كاتێك ڕێبەر ئاپۆ بۆ گەریلاكان قسە دەكات، پێیان دەڵێت؛ ئێوە زۆر فیداكارن، قارەمانن و بەجەسارەتن، شەڕكەرن. هێزێكن لەشەڕدا بەچاوكوێرانە دەچنە سەر دوژمن. ئەمە جەسارەتێكی گەورە و نەبەزانەیە، مەبەستی ئەو لایەنە مێژینە و كۆمەڵایەتیەی گەلەكەمانە و بەتێركەری نابینێت.

هەر سەردەمێك، مرۆڤی تایبەت بەخۆی خولقاندوە. لەسەردەمی تێكۆشان و بزوتنەوە سۆسیالیستیەكاندا، گەریلا وەك ئەفسانەییەكی نەبیستراو سەیركراوە. بەڵام گەریلایەتیەك كە لەكوردستاندا ڕێبەر ئاپۆ دایمەزراندوە؛ زۆر جیاوازتر لەو مۆدێلانەی لەوڵاتانی ئەمریكای لاتین و ئیسپانیا و ئانگۆلا و چین و ڤیتنام دامەزرابوون.

ڕێبەر ئاپۆ گەریلایەتی لەدایكیەوە فێر دەبێت. ژنە ـ خۆداوەند، دایكە ئۆوەیش بەنزیكبوونەوەی لە ڕێبەر ئاپۆ و هەڵوێستە بەرخۆدانڤانیەكەی لەبەرامبەر ژیان، شێوەیەك لەبەرخۆدان و تۆڵە و چالاكی پێ فێر دەكات. دەبێت ئەوەندە بە زەبربی كە دەرفەتی بیركردنەوە بەبەرامبەرەكەت نەدەی. سیستەمی فكراندن و هۆش و بیری تێكبدەی. وەها بیشڵەژێنی كە خۆ كۆكردنەوەی ئاسان نەبێت. بەرامبەرەكەت لەچالاكی و جوڵە بخەی و توانای پێشكەوتنی لێ وەربگری و دەستپێشخەری بخەیتە دەست خۆتەوە. ئەو شێوە گەریلایەتیە ڕێبەر ئاپۆ لەبەرامبەر بە محۆ و جمۆ دەكات. ئەو دوو برایەی بەچەتوونی دەیانەوێت لە ڕێبەر ئاپۆ بدەن. بەڵام دایكە ئۆوەیش زۆر توڕە دەبێت و دەڵێت تا ئەو كاتەی تۆڵەی خۆت نەستێنیتەوە، ناگەڕێیتەوە ماڵ. ئەم هەڵوێستەی دایكە ئۆوەیش وا دەكات. یەكەم چالاكی گەریلایی لەكەسایەتی ڕێبەر ئاپۆدا شێوە و فۆرمێكی ژیانی بەخۆیەوە بگرێت.

رێبەرایەتی وانە و واتا بۆ بابەتە ژیانیەكانی خۆی لەگوند بار دەكات. چالاكی دووهەمینی لەبەرامبەر بە نزیكبوونەوەیەتی لە حەسەن بینداڵ. بنەماڵەی حەسەن بینداڵ سەر بەعەشیرەتێكی ترن و دوژمنایەتی خوێنی بەخوێنی لەنێوان عەشیرەتی ڕێبەر ئاپۆ و حەسەن بینداڵ دا دەبێت. ڕێبەر ئاپۆ لەوكاتەدا لەگەڵ حەسەن بینداڵ دەبنە دوو هەڤاڵ و هاورێی گیانی بەگیانی. ئەمەش بەلای دایكە ئۆوەیشەوە مایەی قبوڵ كردن نییە. بەڵام جارێكی تر، رێبەر ئاپۆ تا كاتی شەهید بوونی شەهید حەسەن بینداڵ دەبنە دوو هەڤاڵی هەری نزیك لەیەكترەوە. ئەمە ئەوە دەگەیەنێت كە پێوان و پرەنسیەكانی ڕێبەرایەتی لەپێكهێنانی یەكەیەكی هەڤاڵانە لەسەرەتاكانی منداڵیەوە چەكەرەی سەندووە.

گەریلایەتی بەلای ڕێبەر ئاپۆوە، بەواتای بونیادنانی هەڤاڵێتی ڕاست و دروستە. نە لەسەر سەلیقەو معیاری تاكەكەسی و بنەماڵەیی و عەشیرەتی. گەریلا خاوەن ئامانجی مەزن و بونیادنانی كۆمەڵگەیەكی ئەخلاقیە كە پشت بەنرخە هاوبەشەكانی مرۆڤەكان دەبەستێت. مرۆڤ بوون بەرزترین و ڕازاوەترین هەستەكانی ژیانی ئازادە. ئەمەش بەواتای ئەوەیە كە گەریلا، هێزی گەلە و لەپێناو گەل و مرۆڤایەتیدا تێدەكۆشێ. تێكۆشەری ڕاستەقینەی گەلە و بۆ گەل دەژی و بۆ گەل دەژی.

گەریلا ڕاستیەكە لەكوردستاندا كە بەكەس ڕام و دەستەمۆ ناكرێت. گەریلا ئیدی بووەتە هێزێك لە پۆڵا، لەئیرادە و وزە و ورە و مەعنا. سەیر كەن، ئەگەر ئێستا هەموو هێزە نەیارەكانی سیستەمی مۆدیرنیتەی سەرمایەداری دەوڵەت ـ نەتەوەكان لەبەرامبەر بەگەریلای ڕاستەقینەی كوردستان، ڕێبەر ئاپۆ دەبنە یەك بۆ ئەوەی بەپیلانگێڕیەكی نێونەتەوەیی بیڕفێنن لەو ڕاستیەوە سەرچاوە دەگرێت. ئێستاكە كە رێگە نادەن بۆ ماوەی سێ ساڵە تاكە وشەیەكی لێ ببیسترێت بەهۆی ئەو هێزەیە لەكەسایەتی خۆیدا بونیادی ناوە، واتا هێزی گەریلایی. گەریلایی لەلای ڕێبەر ئاپۆ، واتا هزراندنی بیری ئازاد كە بەهیچ كەسێك بەند ناكرێت.

گەریلاكانی ئازادی كوردستان كە هێزی خۆیان لە ڕێبەر ئاپۆوە وەردەگرن، تاكە هێز و هیوای گەلی كوردستان و مرۆڤایەتین لەبەرامبەر بەدڕندەترین سوپای تورك و جەندەرمە و گروپە چەتەكانی داعش نرخە هاوبەشەكانی مرۆڤایەتی دەپارێزن.

هـ . ب