لە زیندانی ژمارە ٢ی ڕحا، پشکنینی جەستەیی بەسەر بنەماڵەکاندا دەسەپێندرێت

سەرحەد بولوت، که له زیندانی ژمارە ٢ی ڕحایە، له نامەیەکدا ڕایگەیاند که کردەوەی بەدوور لە کەرامەتی مرۆیی دژی ئەو بنەماڵانە دەکرێت که سەردانی کەسوکاریان دەکەن.

هەروها بەپێی ئەو نامەیەی کە بە ئاژانسی هەواڵی میزۆپۆتامیا گەیشتووە، بولوت ڕایگەیاندووە کە لە دوو هەفتەی ڕابردوودا پشکنینی جەستەیی و ڕووتکردنەوە بەسەر ئەو بنەماڵانەدا دەسەپێنن کە دەیانەوێت سەردانی کەسوکاریان بکەن.

بولوت ئاماژەی بەوەشکردووە، سەرەڕای دیدار لەگەڵ بەڕێوەبەری زیندان، دیسان ئەم کردەوەیە بەردەوامە و داوای لە ڕای گشتی کردووە گرنگی بەو پرسە بدەن.

هەروەها بولوت سەبارەت بە لێدوانەکەی وەزیری دادی کە گوتبووی: "هیچ پشکنینێکی جەستەیی و ڕووتکردنەوە ناکرێت" ناڕەزایی نیشاندا و وتی: "لە زیندانی ژمارە ٢ی ڕحا پشکنین و جل دەرهێنان بەسەر بنەماڵە و زیندانییەکاندا دەسەپێندرێت. هەرکەسێک کاردانەوە نیشان بدات ئەشکەنجە دەدرێت و مافی سەردانکردنی لێ قەدەغە دەکرێت. بۆیە دەبێت دەستبەجێ ئەم کردەوە دژە مرۆییە ڕابگیرێت."