لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا هاوکاری مرۆیی بۆ شارە کەناراوەکان بەردەوامە

هاوکاری مرۆیی لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریاوە بۆ شارە کەناراوەکانی سوریا بەردەوامە.

لە مانگی ئاداری ئەمساڵدا، گەلی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا، بە بەشداری مانگی سوری کورد و ئیدارەی خۆبەڕیوەبەریی دیموکراتیک، بەشی یەکەمی کاروانی هاوکارییە مرۆییەکان نێردرا بۆ هەرێمە کەناراوەکان. کاروانەکە لە ٦ هەزار کارتۆنی خواردن، ٢ هەزار و ٥٠٠ پاکەتی مادەی پاککەرەوە و ٣٥٠ تۆن ئارد پێکدەهات و بەسەر لێقەوماوانی کۆمەڵکوژی کەناراوەکاندا دابەشکرا.

دانیشتووانی هەرێمی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا، ئەمڕۆش ئامادەکاری دەکەن بۆ ڕەوانەکردنی بەشی دووەمی هاوکارییە مرۆییەکان. کاروانی هاوکارییەکە لە ١٣ هەزار و ٥٠٠ پاکەتی خواردن، ١١ هەزار پاکەتی ماددەی پاککەرەوە، ٢ هەزار و ٥٠٠ پاکەت پێویستی تەندرووستی پێکدێت، بە چاودێری ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری و مانگی سوری کورد ڕەوانەی کەناراوەکان دەکرێت.

بەگوێرەی لایەنە پەیوەندیدارەکان، کاروانی هاوکارییەکە سبەی (١١ ی نیسان) لە دەروازەی تەبقەوە لەنێوان هەرێمی خۆبەڕێوەبەری و هەرێمەکانی دەسەڵاتی دیمەشق کۆبکرێتەوە و ڕۆژی دواتر بەڕێ بکەون بۆ هەرێمە کەناراوەکان.

لەنێوان ٧-١٠ ی ئادار، کۆمەڵکوژی لە هەرێمی کەناراوەکان ئەنجامدرا. بەگوێرەی ڕوانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤی سوریا (سۆهر) لە ئەنجامدا، هەزار و ٦٧٦ کەس کوژراون. سۆهر ڕایگەیاند، دوێنێ لە بانیاس، ١٧ کەس کوژراون کە ٤ ژنیان تێدایە.