بەدرێژایی هاتنە سەر دەسەڵاتی رژێمی ئێران، هەمیشە ئیسرائیل هەوڵی رووخانی دەدات و بەماوەی ئەو چل و پێنج ساڵەش رژێمی داگیركەری ئێران هەوڵی سڕینەوەی ئیسرائیل دەدات. بەڵام نە ئیسرائیل سڕایەوە و نە رژێمی ئێرانیش رووخاوە، تەنیا لەژێر بانگەشەی ئایدۆلۆژیایەكی رووت هەوڵی مانەوەیان لەسەر دەسەڵاتی خۆیان داوە و یەكتریان لەسەر سۆز و هەستی گەلانی ئێران و ئیسرائیل بەخێو كردوە و تەمەنی دەسەڵاتداریەتی خۆیان پێ پتەو و درێژ كردۆتەوە. ئێستاش كە بانگەشەی شەڕ و هەڵگرتنی ئاڵای شەڕەنگێزیان بەرز كردۆتەوە بەهۆی ئەو ناكۆكیە ئابوری، سیاسی، چاندی، مێژووییانەی هەیانە دەیانەوێت بەخشكەیی هەوڵی رێككەوتنی ژێربەژێر لەگەڵ یەكتردا بدەن، ئەوەش لەبەر ئەوەی سەرۆكوەزیرانی ئیسرائیل بنیامین نەتەنیاهو كە لایەنە ئازادیخوازەكانی ناو ئیسرائیل بەزۆرینە لەدژی سیاسەت و هەڵوێستەكانی وەستاونەتەوە و بەدرێژایی تەمەنی دەسەڵاتداریەتیەتی خۆی لەپاش ئاریڵ شارۆن نەیتوانیووە ئاسایشی گەلی یەهود گەرەنتی بكات و رووبەڕووی مەترسی و كۆمەڵكوژی گەورەتر لەهۆلۆكاستیان نەكاتەوە.
نەتانیاهۆ لەدوایین هەڵبژاردنی پەرلەمانی ئیسرائیل نەیتوانی بەتەنیا حكومەت پێكبهێنێت و بەهۆی هەندێ دەستكاری لەیاساكانی داد دا لایەنە ئازادیخوازەكانی یەهودی لەبەرامبەری وەستانەوە و داوای دەست لەكاركێشانەوەی نەتەنیاهۆیان بەرز كردەوە. نەتانیاهۆ كاتێك بینی دەسەڵاتەكەی لەمەترسیدایە بەپەلە لەگەڵ دەوڵەتی داگیركەری تورك و حكومەتی ئاكەپە ـ مەهەپە و ئەردۆغان ـ باخچەلی كەوتە پەیوەندی گرتن و بەهاندانی حەماس هێرشێكیان كردە سەر هەندێ لەناوچەسنوریەكانی نێوان كەرتی غەزە و ئیسرائیل و كۆمەڵێك لەیەهودیانیان كۆمەڵكوژ كرد و ژمارەیەكیشیان بەدیل گرت، ئەوەش لەبەر ئەوەی نەتەنیاهۆ لەدەسەڵاتدا بمێنێتەوە.
دەوڵەتی داگیركەری تورك و حكومەتی ئاكەپە ـ مەهەپە بەهۆی ئەو رێككەوتنە سەربازی، ئەمنی، بازرگانی و ئیستخباراتیانەی لەگەڵ دەوڵەتی ئیسرائیل و بەتایبەت لەگەڵ حكومەتەكەی نەتەنیاهۆ هەیانە بەهاوبەشی حەماسیان هان دا بۆ ئەوەی ئەو پەلامارە دڕندانەیە پێكبهێنێت، و هەر ئەوەشیان كردە بیانویەك بۆ سازدانی رێككەوتن و پێكهێنانی كابینەیەكی شەڕ و یەهودیانیان لەوە ترساند كە مەترسی هێرش كردنیان لەسەرە، لەبەر ئەو هۆكارانە بەپەلە حكومەتیان پێكهێنا و لەئەنجامی ئەو هەرایەی نێوان حەماس و ئیسرائیل گەلی فەلەستینیان رووبەڕووی كۆمەڵكوژ كردەوە و تا ئێستا سی و چوار هەزار فەلەستینی بەژن و منداڵ و پیر و جوانەوە كۆژراون و نزیكەی سەد هەزار كەسیش بریندار بوونە، وێرای ئەوەش كابینەی شەڕەكەی بنیامین نەتەنیاهۆ واز لەكۆمەڵكوژی گەلی فەلەستین ناهێنێت و دەیەوێت لەژێر بیانوی شەڕی حەماس گەلی فەلەستین بەتەواوەتی لەكەرتی غەزە تەسلیم وەرگرێت.
رێككەوتنی نێوان دەوڵەتی داگیركەری تورك و حكومەتی ئاكەپە ـ مەهەپە و ئەردۆغان ـ باخچەلی و وڵاتانی ئەوروپا و ئەمریكا بۆ داگیركردنی غەزە و بێكاریگەركردنی حەماس كە رۆژانێك بەخۆیان لەبەرامبەر بەبزوتنەوەی فەتح هەرجۆرە هاوكاری و پشتیوانیەكی ماددی و مەعنەویان دەكرد، ئەمڕۆكەش دەیانەوێت لەژێر ناوی هێرشی سەر ئیسرائیل، تۆڵەی خۆیان لەگەلی فەلەستین بكەنەوە.
وڵاتانی مۆدێرنیتەی سەرمایەداری دیارە بەحەماسەوە ناوەستن، دەبێت حیزبوڵڵای لوبنان و حوسیەكانی یەمەن و هەندێ هێزی تر كە مەترسین لەسەر ئەو رێڕەوە بازرگانیەی دەیانەوێت لەهندستانەوە بۆ دەریای سور و ئیمارات و ئیسرائیل و یۆنان و ئەوروپا درێژ دەبێتەوە بێ رۆڵ و تەسلیم وەرگرن. یەكێك لەو هێزانەش رژێمی ئێرانە، هەرچەندە رژێمی ئێران بەخۆی لەرێگەی گەرووی هۆرمۆزەوە لەو رێڕەوە بازرگانیە قازانج دەكات، بەڵام دیارە لەهەندێ بابەتی تر لەگەڵ سیستەمی مۆدێرنیتەی سەرمایەداری جیهانی ناكۆكن، بۆیە دەوڵەتی تورك و دەسەڵاتی نەتەنیاهۆ دەیانەوێت رژێمی ئێرانیش راكێشی نێو ئەو ململانێیە هەرێمایەتیە بكەن. بۆیەش سێ حەفتە پێش ئیسرائیل لەدیمەشق باڵوێزخانەی رژێمی ئێرانی كردە ئامانج و حەوت ئەندامی پلە باڵای سوپای پاسداران بەگشتی چواردە كەسیان لەوێدا كوشت. رژێمی ئێران لەبەرامبەر بەو هێرشەی ئیسرائیل بۆ سەر كۆنسولخانەكەی زۆر بەحەزەر و بەتەمكینەوە مامەڵەی لەگەڵ ئەو هێرشەی ئیسرائیل كرد، هەر لەبەر ئەوەش رژێمی ئێران دوابەدوای هێنان و بردنێكی زۆر بەشێوەیەكی نمایشی بەرێگەی سەدان پەهپاد (درۆن) و موشەكی دوورهاوێژ وەڵامی هێرشەكەی ئیسرائیلی دایەوە. لەووتەكانی هەردوو لا دیار بوو كە نایانەوێت ئاڵۆزیەكان لەناوچەكە زۆر تەشەنە بستێنێت و تەنیا بەرێگەی راگەیاندن و بەووتەی هەڕەشەئامێز وەڵامی یەكتریاندایەوە. بەڵام جارێكی تر و لە رۆژی هەینی 31ی 1/1403ی هەتاوی ئیسرائیل هێرشی كردەوە سەر چەند ناوەندێكی سەربازی رژێمی ئێران، ئەمجارە هەردوولا خوێندنەوەی جیاواز بۆ هێرشەكانیان دەكەن و بەدیاری كراویش، دیار نییە كە ئاخۆ لەهێرشەكەی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل كەس كوژراوە یا نا و لەهێرشەكەی ئیسرائیلیش بۆ سەر رژێمی ئێرانیش بەهەمانشێوە. واتا تا ئێستا كەس بەبەڵگە و دۆكۆمێنتەوە ژمارەی زەرەر و زیانی ماددی و گیانیان رانەگەیاندوە.
ئەوەی پێویستە لەم بگرە و بەردەیەدا ئاماژەی پێ بكەین، لایەنە شاراوەكانی پشت شەڕەكەیە كە ئاخۆ كێ لەو شەڕانەدا قازانج دەكات؟ شەڕێكی هەژمونگەرایی هەم لەسەر ئاستی جیهان و هەم لەسەر ئاستی وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوین لەلایەن سیستەمی مۆدێرنیتەی سەرمایەداریەوە بەڕێوە دەچێت. هەم حكومەتەكەی نەتەنیاهۆ و هەم رژێمی ئێران خاوەن یەك ماهییەتن"ناوەڕۆكن" و شەڕی هەردوویان لەپێناو مانەوە لەدەسەڵاتدایە وەگەرنا؛ رژێمی ئێران بەو یەكدەستكردنەی سیستەمی دەسەڵاتداری خۆی لەناوخۆ و توانەوە و دوورخستنەوەی هێزەكانی تر شەڕی مانەوەی دەسەڵات دەكات. رژێمی ئێران ئەو سەدان پەهپاد و موشەكە دوورهاوێژەی بەكام پارە و ئیمكان بەدەستهێناوە، لەحاڵێكدا گەلانی ئیران رۆژبەرۆژ باری گوزەران و ژیانیان گرانتر دەبێت. مووچەی خانەنشینان و كارمەندان نادەن، گەنجان و ژنان هەموو بێكارن و روو لەهەندەران دەكەن، بۆ سەركوتكردنی شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی هەموو دام و دەزگا سەركوتكاریەكانی خستە جووڵەوە بۆ سەركوتكردن و گرتنی چالاكوانان بەتایبەتی دوابەدوای هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر باڵوێزخانەی ئێران لە دیمەشق لەوتارێكی ئاگریندا جارێكی تر پۆلیسی بەناو ئەخلاقی رژاندەوە سەرشەقامەكان بۆ گرتن و ئازار و ئەشكەنجە و زیندانی كردن و دەستدرێژی كردنە سەر ژنان و چالاكوانان. واتا رژێمی ئێران وەك ئەوەی لەسەرەتای شۆڕش بەرێككەوتن لەگەڵ وڵاتانی ئەوروپایی و ئەمریكی لەژێر ناوی ئاڵوگۆڕی زیندانیان و ئازادكردنی پارە بلۆك كراوەكانی رژێمی ئێران، ئێستاكەش ئەو دەرفەتەی قۆزتەوە بۆ دامركاندنی شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی و كوشت و بڕی زیاتری گەل و چالاكوانان. هەرچۆن كابینەی شەڕی بنیامین نەتەنیاهۆ گەلی فەلەستینیان كۆمەڵكوژ كرد بەو هەڵوێستە ساختەكارانەی رژێمی ئێران و دەوڵەتی داگیركەری تورك لەبەرامبەر بەحەماس و گەلی فەلەستین. بۆیە دەبێت لایەنە دیموكراتیخوازەكانی ناو ئیسرائیل و گەلانی ئێران و رووناكبیران لەوە تێبگەن كە هەر سێ دەسەڵات "رژێمی ئێران و ئیسرائیل و دەوڵەتی تورك" هەموو هەوڵێكیان بۆ سەپاندنی زیاتری هەژمونی خۆیان و درێژكردنەوەی تەمەنی دەسەڵاتداریەتیانە. بۆیە دەبێت بەهەموو هێزیانەوە داكۆكی لەسەر دەست لەكاركشانەوەی هەر دوو حكومەتەكانی نەتەنیاهۆ و رژێمی داگیركەری ئێران و دەوڵەتی توركی داگیركەر بكرێت.
هـ . ب