لەندەن؛ لە دژی رفاندن و بێسەروشوێنکردنی وریشە مورادی چالاکیەک سازکرا

لەسەر بانگەوازی کژار و لەپێناو ئاشکراکردنی چارەنووسی وریشە مورادی لەبەردەم باڵیۆزخانەی دەوڵەتی ئێران لە لەندەنی پایتەختی بەریتانیا، گردبوونەوەیەک سازکرا.

ئێوارەی رۆژی شەممە لەسەر بانگەوازی کۆمەڵگەی ژنانی ئازادی رۆژهەڵاتی کوردستان (کژار) دەیان کەس لەبەردەم باڵیۆزخانەی دەوڵەتی ئێران لە لەندەن گردبوونەوە و دژی رفاندن و بێسەروشوێنکردنی وریشە مورادی (جوانا سنە) ئەندامی کژار و هەروەها لەپێناو ئازادکردنی سەرجەم زیندانیانی سیاسی دروشمیان وتەوە.

لە گردبوونەوەکەدا کە کاتژمێر ١٥:٠٠ دەستیپێکرد جگە لە کورد ژمارەیەک لە چالاکوانانی بەلوچ و پێکهاتەکانی دیکەی ئێران و هەروەها کەسایەتی سیاسی ئینترناسیۆناڵ بەشداربوون.

چالاکوانان داوای ئاشکراکردنی چارەنووسی وریشە مورادی و هەروەها ئازادکردنی زەینەب جەلالیان و سەرجەم زیندانیانی سیاسییان دەکرد.

دوای دوو کاتژمێر بە دروشمەکانی "ژن، ژیان، ئازادی"، "بژی بەرخودانی زیندانیان"، "ئێمە هەموومان وریشەین"، بڕوخێ کۆماری ئیسلامی ئێران"، "ئازادی بۆ سەرجەم گەلانی ئێران"، "بژی رێبەر ئاپۆ" چالاکیەکە کۆتایی هات.

هـ . ب