لەسەر شووراکانی ئامەد بە هەڵگرتنی مەشخەڵ نەورۆز پیرۆزکرا_نوێکرایەوە
تەژەئا لەسەر شووراکانی ئامەد بە ڕێپێوانی بەمەشخەڵ نەورۆزی پیرۆزکرد و درووشمی "بژی سەرۆک ئاپۆ" و "بێ سەرۆک ژیان نابێ"ی بەرزکردەوە.
تەژەئا لەسەر شووراکانی ئامەد بە ڕێپێوانی بەمەشخەڵ نەورۆزی پیرۆزکرد و درووشمی "بژی سەرۆک ئاپۆ" و "بێ سەرۆک ژیان نابێ"ی بەرزکردەوە.
تەڤگەری ژنانی ئازاد (تەژەئا) لە ئامەد نەورۆزی پیرۆزکرد. هاوسەرۆکانی شارەوانی ناوچەکان، پەرلەمانتارانی دەم پارتی، نوێنەرانی پارت و ڕێکخراوەکان و سەدان کەس بەشداربوون.
جەماوەر ماوەیەکی زۆر بەدەم دەهۆڵ و زوڕناوە هەڵپەڕکێیان کرد، پاشان مەشخەڵیان داگیرساند و گۆرانیان چڕی. پاشان بە هەڵگرتنی مەشخەڵ چوونە سەر شووراکان و درووشمی "نەورۆز پیرۆز بێ" و "بێ سەرۆک ژیان نابێ" و "پەکەکە گەلە، گەل لێرەیە" و "بژی سەرۆک ئاپۆ"یان بەرزکردەوە. ژنان لەسەر شووراکان هەلهەلە و درووشمی "ژن ژیان ئازادی"یان بەرزکردەوە. جەماوەر بۆ ماوەیەکی زۆر لەسەر شووراکان درووشمیان بەرزکردەوە و گۆرانیان چڕی.
جەماوەر بە هەمان جۆش لەسەر شووراکان دابەزین و بۆ ماوەیەکی زۆر هەڵپەڕکێیان کرد.
"ئێمە بۆ ئاشتی لێرەین"
بە ناوی تەژەئاوە هاجەر ئۆزدەمیر ڕایگەیاند نەورۆزی ئەمساڵ جیاوازە چونکە پەیامە مێژوویی و گرنگەکەی ڕێبەر ئاپۆ بۆ ژنان و گەلان و جیهان هەبوو، گوتی: "بەڕێز ئۆجالان دەڵێت، "دەبێت کۆمەڵکوژی ژنان و کۆمەڵگە بوەستێنرێت، کۆمەڵگەیەکی دیموکراتیک دابمەزرێت". دەڵێت "بۆ ئەمە چی پێویست بێت دەیکەم و من لێرەم و ئەم کارە دەکەم". پێویستە باش لەم پەیامە تێبگەین و خاوەنداری لێ بکەین. ئێمەش بۆ ژیانێکی شکۆمەند و ئاشتی لێرەین".
"ئەم نەورۆزە دەبێتە نەورۆزی ئازادیی ئۆجالان"
پەرلەمانتاری دەم پارتی نەورۆز ئویساڵ نەورۆزی پیرۆز کرد، گوتی: "ئەو مەشخەڵەی دامانگیرساند دەگاتە ڕۆژئاوا. دەگاتە پەخشان عەزیزی. نەورۆز لە ژنانی کورد و سەرجەم ژنان پیرۆز بێت. نەورۆز لە بەڕێز ئۆجالان پیرۆز بێت. نەورۆز سیمبولی بەرخۆدانە. پەیامی بەڕێز ئۆجالان ئەم نەورۆزە مانادارتر دەکات. ئەم نەورۆزە دەبێتە نەورۆزی ئازادکردنی بەڕێز ئۆجالان. بە لەئامێزگرتنی پەیامەکە، ئەم نەورۆزە دەکەینە نەورۆزی ئازادی".
ئاهەنگەکە بە هەڵپەڕکێ کۆتایی هات.