لەو شوێنەی گوڵستان تارا و هێرۆ بەهادین شەهیدبوون، هیچ لێکۆڵینەوەیەک نەکراوە!

ئاشکرابوو کە لە شوێنی شەهیدبوونی خەباتکارانی راگەیاندنی ئازاد گوڵستان تارا و هێرۆ بەهادین هیچ لێکۆڵینەوەیەک نەکراوە. رۆژنامەوانان و گەلی کورد چاوەڕێن بکوژان دادگایی بکرێن، بەڵام کاربەدەستانی خۆجێیی ئەرکی خۆیان بەجێناگەیەنن.

لە ٢٣ی ئابدا دەوڵەتی تورک لە ناوچەی سەیدسادقی سەر بە پارێزگای لە رێگەی درۆنی هێرشبەرەوە ڕۆژنامەنووسان گوڵستان تارا و هێرۆ بەهادینی تیرۆرکرد. هەروەها شۆفێری ئۆتۆمبێلەکە بەناوی ڕێبین بەکر بریندار بووە. ئەو ڕۆژنامەنووسانەی بە ئۆتۆمبێلی کۆمپانیای چەتر پرۆدوکشێن بەمەبەستی وێنەگرتنی بەرنامەیەک لە سەرلەبەیانیدا بەرەو ناوچەی هەورامان دەچوون، لە نزیک گوندی تەپەڕەش بە دووری ٥٢ کیلۆمەتر لە سەنتەری شاری سلێمانی لە نێوان کاتژمێر ١٠:٣٠-١١:٠٠ بە کاتی هەرێمەکە، کرانە ئامانجی بۆردومانێکی فڕۆکەی بێفرۆکەوانی ی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر. لە ساتی رووداوەکەدا ئۆتۆمبێلەکەی گوڵستان، هێرۆ و رێبین لە دواوەبوو، لە پێشیانەوە ئۆتۆمبێلەکی دیکەی کۆمپانیای چەتر بوو کە شۆفێرەکەی کەسەر بوڵدان خەباتکاری کۆمپانیاکەبوو.  ئۆتۆمبێلی گوڵستان تارا و هیرۆ بەهادین ئامانجی سەرەکی فڕۆکە بێفرۆکەوانە هێرشبەرەکە بوو. ئۆتۆمبێلەکەی پێشەوە کە لەلایەن کەسەر بوڵدانەوە لێدەخوڕا، بووە ئامانجی دووەمی درۆنە هێرشبەرەکە. مەودای نێوان هەردوو بۆردومانەکە نزیکەی ٥٠٠-٦٠٠ مەتر بووە.

دوای ئەوەی ئۆتۆمبێلەکەی رێبین بەکر کرایە ئامانج، کەسەر بوڵدان لە ئاوێنەوە بۆردومانەکەی بینی و بۆ ئەوەی هاوکارییان بکە سوڕایەوە، بەم جۆرە بەشێوەیەکی رێککەوت لە بۆردومانی دووم رزگاری بوو. ئەو ئۆتۆمبێلەی رێبین بەکر لێیدەخوڕی بەهۆی بۆردومانەکەوە لە رێگە لادەدات و بە گڕەوە ٢٥٠ بۆ ٣٠٠ مەتر تا رێگەی گوندی تەپەڕەش دەچێت. رێبین بەکر کە بە برینداری لە هێرشەکە رزگاری بووە بەم جۆرە باسی رووداوەکە دەکات: "تەقینەوەیەک روویدا و ئۆتۆمبێلێکە دەستی بە سووتان کرد. من تاسابووم نەمدەزانی چی روودەدات. ئۆتۆمبێلەکەمان سووڕا و وەرگەڕا و من بە دەستی راست نەمتوانی پشتێنی سەلامەتی بکەمەوە، بەڵام بە دەستی چەپ کردەوە و ئەو کەسانەی لە دەوروبەری ئۆتۆمبێلەکەبوون یارمەتییان دام و لە ئۆتۆمبێلەکە دەریانهێنام".

٤٥ رۆژ دوای هێرشەکە لە سەر بانگهێشتی دەستپێشخەری رۆژنامەوانانی کوردستان و رۆژن بەمەبەستی لێکۆڵینەوە و بەدواداچوون شاندێک لە ئەوروپاوە سەردانی سلێمانی کرد، ئێمەش چووینە شوێنی رووداوەکە. سەرەتا گەیشتینە ئەو شوێنەی ئۆتۆمبێلەکە دوای بۆردومانەکە لەوێ بە گڕگرتوویی وەستابووە. شوێنەواری سوتانەکە و پارچەکانی ئۆتۆمبێلەکە وەک رۆژی یەکەم هەر لەو شوێنەبوون. بەڵام کاتێک چووینە شوێنی بۆردومانەکە واتە ٢٥٠-٣٠٠ مەتر دوورتر، ئەوەی بینیمان بۆمان دەرکەوت کە دوای کۆمەکوژیەکە کارەساتی دیکە روویداوە. دوای کۆمەڵکوژیەکە بڵاوکرابووەوە کە ئاسایش رێگەکەی داخستووە و لێکۆڵینەوەی کردووە، بەڵام ئەوەی ئێمە بەدیمان کرد ئەوە بوو کە لە شوێنی رووداوەکە هیچ لێکۆڵینەوەیەک نەکراوە.

کاربەدەستانی خۆجێیی ئەرک و بەرپرسیارێتی خۆیان بە جێنەگەیاندووە

لەو شوێنەی ئۆتۆمبێلەکە کرابووە ئامانجی بۆردومانەکە لەسەر قیرەکە بە پانی ١٠-١٥ سانتیمەتر و قووڵی ٤-٥ سانتیمەتر چاڵێک دروستبووە. کاتێک هەندێک نزیک دەبینەوە دەبینین پارچەی ئەو بۆمبەی گوڵستان تارا و هێرۆ بەهادینی شەهید کردووە، لەوێ ماون. دەوڵەتی تورک بۆ ئەوەی ئاستی کۆمەڵکوژیەکە گەورەتر بکات لە بۆمبەکەدا ساچمە و گولەشی بەکارهێناوە، ئەمەش سەرباری ئەوەی قەدەغەیە. دەبێت مرۆڤ ئەوەی لەبیربێت کە ئەمە رێبازێکی داعشە. یەک لەو کەسانەی لە لەناو شاندەکەدابوون و بۆ ماوەی چەند ساڵ پەیامنێری جەنگ بووە، رۆژنامەوان ئێما ئاودرەی بە کورت و پوختی بەم جۆرە دۆخەکەی خستەڕوو، "لە شوێنی رووداوەکە لێکۆڵینەوە نەکراوە". رۆژنامەوانی دیکە ئالیس ماگار_یش بە وتنی، "مایەی بڕواکردن نییە" کاردانەوەی نیشاندا. سەرەڕای تێپەڕبوونی ٤٥ رۆژ بەسەر رووداوەکەدا ئەو هەموو بەڵگەیە لە شوێنی رووداوەکە هێڵراونەتەوە و ئەوەش دەریدەخات کە ئاسایش بەرپرسیارێتی و ئەرکی خۆی بەجێنەگەیاندووە. ئەو دۆخە بە کەمتەرخەمی و نابەرپرسیارێتی پاساوی بۆ ناهێندرێتەوە، لەسەرووی کەمتەرخەمیەوەیە. بە لێکۆڵینەوەیەکی ورد لەو درۆنەی بۆردومانەکەی کردووە، تا جۆری بۆمبە بەکارهێنراوەکە و کەلوپەلەکان دەتوانرا زانیاری ورد بەدەستبهێندڕێت.

لەوێوە و دوای کۆکردنەوەی پارچەکانی بۆمبەکە، دەچینە شوێنێکی تر کە بۆردومان کراوە و مەوداکەی ٥٠٠-٦٠٠ مەتر دوورترە لە شوێنی بۆردومانی یەکەم. لەوێش تووشی دۆخێکی هاوشێوەبووین. ئەو بۆمبەی هاوێژراوە بەردەم ئۆتۆمبێلی دووەمی پێکاوە و بەتەواوەتی لە قەراغی جادەکە تەقیوەتەوە. زیانی بە ئۆتۆمبێلەکە گەیاندووە، بەڵام رۆژنامەوانانی ناو ئەو ئۆتۆمبێلە بەختیان هەبووە و رزگاریان بووە. دیارە لەوێش لێکۆڵینەوە نەکراوە. ئێمە پارچەکانی ئەو بۆمبەی لە قەراغی جادەکەبوون، کۆمانکردنەوە. هەڤاڵان گوڵستان تارا و هێرۆ و بەهادین، رۆژنامەوانان و گەلی کورد چاوەڕێی لێپرسینەوەیەکی جددین بۆ ئەوەی بکوژان و ئەوانەی فەرمانی ئەو تیرۆرەیان داوە دادگایی بکرێن، بەڵام کاربەدەستانی خۆجێی و هەرێمی ئەرکەکانیان بەجێنەگەیاندووە. رای گشتی ئێستا بەنیگەرانییەوە چاودێری ئەوە دەکات، کە پەیوەست بە کۆمەڵکوژیەکە لێپرسینەوەیەکی کاریگەر ئەنجام دەدرێت یاخود نا؟.