چالاکی دانیشتن بۆ ئازادی جەستەیی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان کە لە ٢٥ ی کانوونی دووەمی ٢٠٢١ لەبەردەم ئۆفیسی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ژنێڤی سویسرا بەردەوامە. چالاکییەکە بە ئامانجی ئازادیی جەستەیی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان ڕۆژانی چوارشەممە لەبەردەم ئۆفیسی نەتەوە یەکگرتووەکان ئەنجام دەدرێت.
چالاکییەکەی ئەمڕۆ بە یادکردنەوەی سیمبولێکی بەرخۆدانی کۆبانێ مام نەمر (خەلیل عوسمان حەمێ) کە ڕۆژی دووشەممە بەهۆی نەخۆشی دڵەوە گیانی لەدەستدا، دەستی پێ کرد.
لەسەر ناوی کۆمیتەی چالاکییەکە حەسەن ئینجی ڕایگەیاند تاکە مەرجی ئاشتی هەمیشەیی لە کوردستان و تورکیا بەدیهاتنی ئازادی جەستەیی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالانە.
ئینجی تیشکی خستەسەر گۆشەگیری و سیستەمی ئەشکەنجەی ئیمراڵی و ڕایگەیاند گەلی کورد لە ٢٥ ی ئادارەوە هیچ زانیارییەکی دەربارەی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان نییە، ڕێگە بە دیداری بنەماڵە و پارێزەران نادرێت، گوتی: "ئەم ڕەوشە دژی مافەکانی مرۆڤ و یاسا نێونەتەوەییەکانە".
هەروەها مام نەمری بیرهێنایەوە، گوتی: "بۆ ئاشتی و ئازادی وەک مام نەمر دژی ئەم ئەشکەنجە و گۆشەگیرییە توندە بەرخۆدان بکەن و بێدەنگ مەبن. مام نەمر سیمبولی بەرخۆدانی کۆبانێ بوو. گەلی کورد ٢٣ ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٤ لە ڕیزەکانی پێشەوە بەرخۆدانی کۆبانێ ئەوی ناسی، مام نەمر لەو تەمەنەدا بەرخۆدان و بوێری نیشاندا. هەموو شەهیدە قارەمانەکانمان بیردەهێنینەوە و سەری ڕێزیان بۆ دادەنەوێنین کە لە تێکۆشانی مرۆڤایەتییدا دژی دوژمنی داگیرکەر، هەردەم ڕێگەی ئازادییان بۆمان کردەوە".