نکۆڵی و سڕینەوەی کوردان بەردەوامە

هێرش و داگیرکەری لە سەر هەرێمەکانی کوردان بە واتای پاکتاوی راستەوخۆی ئیتنیکییە. بە بەرچاوی جیهانەوە ئەوە دەکرێت و تاوانی شەڕ ئەنجام دەدرێت. لە دوایین نمونەدا لە شەهبا و تلرەفعەت لە هێرشەکاندا بینرا. دوای هێرشەکان دانیشتوانی کورد لەوێ هەڵتەکێندران.

ئەوانەی تورکیا بەڕێوەدەبەن لەپێناو بێ ستاتۆکردن و بێ ناسنامەکردنی کورد لە ناوخۆ و دەرەوەی وڵاتەکەیان چیان پێبکرێت دەیکەن. لە شەری جیهانی یەکەمدا کورد بە سەر چوار دەوڵەتدا دابەش کرابوون، رووبەڕووی لەناوچوون و چارەنووسێکی تاریک کرابوونەوە. لە ژێر پەنجەی کۆمەڵکوژیی کولتوری و تواندنەوەدا کوردان خۆیان گەیاندە ئەمرۆ. ئێستا تورکیا لە شەڕی جیهانی سێهەمیشدا، بۆ ئەوەی کوردان رووبەڕووی هەمان کردەوەکان بکات ئەوەی لەدەستی بێت دەیکات. کەسێک وەک باخچەلی دەڵێت، 'با ئۆجالان بێتە پەرلەمان و رێکخراوەکە پاکتاو بکات". هاوکات لە رۆژئاوا بۆ ئەوەی کوردان لە باکور و رۆژهەڵاتی سوریا لەناوببات، ئیرادەیان بشکێنێت و خۆیان بەدەستوەبدەن هێرشەکانی خێراتر کردووە. ئەوانەی لە تورکیا بیر لە شتی باش بۆ کوردەکان دەکەنەوە، گوایا رێبازی ئاشتیانە پێشنیاز دەکەن، مەگەر دەکرێت لە رۆژئاوا بەو رادەیە دوژمنایەتی بەرامبەر بە کوردان بکەن؟

حکومەتی ئەردۆغان سەرەڕای بەرهەڵستی ئۆپۆزسیۆنیش لە سوریادا هاوکاری هەتەشە و داعش و چەکدارانی دیکەی کرد. تورکیا سەرباری دژایەتی ئێرنا و سوریا پشتیوانی لە هەتەشە کرد. کاتێک رژێمی بەعش کە لەناوەوە بنکۆڵکرا و رووخا ئەردۆغان و کەسەکانی نزکی خۆیان وەک خاوەنی هەموو سوریا بینی. دیمەشقیان کردە ماڵی خۆیان. بۆ ئەوەی حکومەتی نوێ بخەنە ژێر رکێفی خۆیانەوە، راپێچی ژێر سیاسەتی خۆیان بکەن، هەڵوێستێکی لوتبەرزانەیان پێنیشان دەدەن. هەتەشە پێویستی بە رەوایەتی و پشتیوانی دەرەکی هەیە. خۆی لە خۆیدا سوریا وڵاتێکی یەکجار بریندارە. کۆکردنەوە و ئاوەدانکردنەوەی ئاسان نییە. تورکیا دەیەوێت وەک دەرفەتێک ئەمە بقۆزێتەوە و بەکاری بهێنێت و سوریا بکاتە ژێر کۆلۆنیالیزم و داگیرکەری خۆیەوە.

لەلایەکەوە لە هەموو جیهانەوە بۆ بێدەنگکردنی چەکەکان و بۆ دیالۆگ و چارەسەری کێشەکان بانگەواز دەکرێت. بەڵام تورکیا پێچەوانەی ئەوە دەکات. گروپە چەکدارەکان لە ژێر ناوی سوپای نەتەوەیی سوریا رێکیخستوون و دەیاننێرێتە سەر کوردەکان. رژێم رووخاوە لەبەر ئەوە دەبێت هەموو هێزە بەرهەڵستکارەکان بەشداری لە پرۆسەی سیاسیدا بکەن و لە هەوڵی دۆزینەوەی چارەسەری ئاشتیانەی کێشەکاندا بن. بەڵام کاتێک نۆرە دەگاتە سەر کوردان چەکیان لێڕادەکێشن. بەناو سوپای نەتەوەیی سوریا کە گوایە خۆی وەک ئۆپۆزسیۆنی سوریا لە ناو حکومەتی کاتی بە گەل ناساندبوو، بەڵام دەرکەوت هیچ پەیوەندییەکی بە ئۆپۆزسیۆنی سوریاوە نییە. لە دەستی تورکیادا وەک هێزێک بۆ پەلاماردانی کوردان رێکخراوە. سوپای نەتەوەیی سوریا چ کێشەیەکی لەگەڵ کوردان هەیە؟ کورد لە سوریا دەسەڵاتدار نین و هێرشیان نەکردووەتە سەر کەس. لەو ناوچانەی کە تیایدا دەژین لەگەڵ هەموو گەلاندا سیستمێکی دیموکراتیکیان دامەزراندووە و لە پێکەوەژیاندان. بە هاوکاری هێزی هاوپەیمانی نێونەتەوەیی لە دژی داعش لە تێکۆشاندان. هاوکات بۆ جێگەگرتن و بەشداربوون لە سەرلەنوێ دامەزراندنەوە و ئاوەدانکردنەوەی سوریای نوێش ئامادەییان دەربڕیوە.

هیچ کارت و ئامرازێک لەدەست تورکیادا نەماوە بۆ دژایەتیکردنی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریی و کوردان. جگە لەوەش، هێزە کاریگەرەکانی هەموو جیهان باس لەوەدەکەن کە دەبێت هەبوونی کوردان قەبوڵ بکرێت و لە سوریای نوێدا بەشداربن. تورکیاش بە ئاشکرایی ناتوانێت بڵێت لە دژی کوردەکانم، بەڵام بۆ دژایەتی ئەوەی لەدەستی بێت دەیکات. ئەوەی بەدەستیەوە ماوە تەنیا پەکەکەیە. دەڵێت پەکەکە و یەپەگە وەک یەکن. بە وتنی 'پەکەکە باکور و رۆژهەڵاتی سوریای داگیرکردووە' دەیەوێت گەلانی جیهان چەواشە بکات. بەداخەوە کەس ناپرسێت کە ئەو داگیرکەرییە چۆن ساز بووە؟ قەسەدە چەندین ساڵە لەگەڵ ئەمریکا و ئەندامانی هێزەکانی هاوپەیمانان کاردەکات. هەموو ئۆپراسیۆنەکانیان پێکەوە کردووە. قەسەدە و بەڕێوەبەرانیان هەمووکات لەگەڵ ئەواندان. پەکەکە چۆن هات و باکور و رۆژهەڵاتی سوریای داگیرکرد؟ ئەو حکومەتەی داگیریکردووە لە کوێیە؟ ئەمەش لەکاتێکدایە لەو ناوچانەی داگیرکراون ئەنجومەنەکانی گەل دامەزراون و گەل لەناو ئەو سیستمەدا خۆی بەڕێوەدەبات و ئاسایشی خۆی دەپارێزێت.

حکومەتی ئەردۆغان دەڵێت با پەکەکە و یەپەگە لەناوبجن، چەک دابنێن و بجنەوە ماڵەکانیان. گوایە هەبوونی کورد لە سوریا قەبوڵ دەکەن. بەو جۆرە بیردەکەنەوە کە ئەوان باس لە هەبوونێک وەک تورک تورکیا دەکەن. یاخود حکومەتێکی بە تەواوەتی ناوەندی و ئەو شێوازی حکومڕانیەی بۆ سوریا بە گونجاوی دەبینن. لە تورکیا کورد بوونی هەیە بەڵام هیچ مافێکیان نییە. بە گوێرەی دەستوری هەمیشەیی تورکیا هەموو نەتەوەکە تورکن. ئێستا دەیانەوێت هەمان گەمە لە توریاش دووبارە بکەنەوە. با کورد هەبن، بەڵام ناسنامە و ستاتۆیان نەبێت.

ئەو ترسەی کە 'لەوانەیە ئەوە بێت کە هێزەکانی ڕۆژئاوایی و هەندێک بەشی تری سوریا لە دەستور و یاساکاندا جێگە بۆ کورد بکەنەوە'، سەرچاوەکەی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە. لەبەر ئەوەش هێرشی سەربازییان زیاد کردووە. گوێیان لە بانگەوازی جیهان بۆ بێدەنگکردنی چەکەکان، نییە. بە کۆکردنەوەی هێزی زیاتر، دەیانەوێت ناوەندە گرنگەکانی وەک کۆبانێ گەمارۆ بدەن و داگیری بکەن. هێرش و لەشکرکێشی بۆ سەر ناوچە کوردییەکان ڕاستەوخۆ بە مانای پاکتاوی ئیتنیکییە. بە واتایەکی تر بە بەر چاوی هەموو جیهان پاکتاوی ئیتنیکی و تاوانی جەنگ ئەنجام دەدەن. دواجار لە تلرەفعەت و شەهبا دەرکەوت کە دوای هێرشەکان هیچ کوردێک لەوێ نەماونەتەوە.

ئەردۆغان بە وتنی ئەوەی ' هیچ مەترسییەکی داعش لە ئارادا نییە، ئێوە بۆ هاوکاری کردنی قەسەدە ئەوە دەڵێن' هەڕەشە لە ئەمریکا و هێزەکانی هاوپەیمانان دەکات، بەڵام هەموو جیهان دەڵێن داعش سوود لەم قۆناغە وەردەگرێت و بەهێزتر دەبێت، هێرشەکانی زیاد دەکات و مەترسییەکانی زۆرن. ئەردۆغان هەرگیز شەڕی داعشی نەکردووە، هیچ ناکۆکی و دژیەکیەکی لەگەڵیاندا نەبووە. هەموو دەرد و خەفەتەکەی دژایەتی کوردە. دەڵێن نابێت کورد لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا هیچ مافێکی هەبێت، دەبێت ستراتیژی تورکیای 'یەک دەوڵەت، یەک نەتەوە، یەک زمان' بپارێزرێت. بە واتایەکی تر بیر لە گۆڕینی بیرکردنەوەی نزم و نەگونجاوی خۆیان ناکەنەوە و ئێستا دەیانەوێت هەمان شت لە سوریاش بسەپێنن.

سەرچاوە: رۆژنامەی رۆناهی