سووریا لەبەردەم پێشهاتی نوێدایە

چارەسەرییەک بۆ سووریا کە پشتبەستووبێت بە دینامیکی هەرێمی سوودی بۆ بەرژەوەندی گەلانی هەرێمەکە دەبێت. لە چەندین کارەکتەرەوە لە سووریادا بەهەر شێوەیەک بێت پێشکەوتنی نوێ ڕوودەدەن. ناتوانرێت دۆخی ئێستای سووریا بە هەتەشەوە درێژبکرێتەوە.

چەندین جار لە نووسیندا ئەوەمان ڕوونکردەوە کە ڕژێمی ئەسەد بە پشتیوانییەکانی ئێران و ڕووسیاوە بەزۆر خۆێ راگرتبوو. تورکیا بە دروستکردنی سەرکەوتن لە مردنی ڕژێمێکی مردووەوە، لەسەر ڕۆحی جەنگی پیگاسۆسی پەڕ و باڵدار (ئەسپێکە لە میتۆلۆژیایی یۆنانیدا) لە قەڵمبازدایە. ئێستا باس لە سووریایەکی جیاواز دەکات. لەبەر خۆگرتنەوە لە هەبوونی کوردان کە وەک دووژمن دەیبینێت، ئاستی هەڕەشەکردنی شەڕی بەرزدەکاتەوە و دەیەوێت بەتەواوەتی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری لەناوبەرێت. دەیەوێت یەکینەکانی خۆپاراستنی ڕۆژئاوا لەناوببرێن.

لە دۆخێکی لەم شێوەیەدا کە کردەوەکانی هەتەشە بەرانبەر عەلەوییەکان، کوشتن و ئەشکەنجە ڕۆژ لە ڕۆژ زیاتر دەبێت، لە کاتێکدا کە هەڕەشە لە ڕژئاوا دەکرێت، سەپاندنی چەکدانانی یەکینەکانی یەپەژە و یەپەگە ڕێک بە مانای لەناوچوون دێت. گووتنی 'ئەگەر سووریا چارەسەری نەکا ئۆپەراسیۆن دەکەم' پاساوێکی هەرزانە. هەوڵدەدات هەتەشە شەڕ لە دژی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری بکات. دەیەوێت بڵێت 'گەر هەتەشە نەیکات ئەوا خۆم دەیکەم'.

نازانرێت خاوەنە نوێیەکەی سووریا هەتەشە تا چەند خۆی ڕادەگرێت و تا چەند دەتوانێت ملکەچی خواستەکانی تورکیا دەبێت. هەتەشە هێزی ئەوەی نییە هەموو خواستێکی تورکیا جێبەجێ بکات. نوێژکردن لە مزگەوتی ئەمەوی، خواردەنەوەی چا لە چیای کاسایونە، تەماشاکردنی شام لەسەر گردێکەوە ڕەنگە نیشانەیەکی باش بێت؛ بەڵام ئاشکرایە ئەم کەیف و خۆشییەی هەتەشە لەگەڵ تورکیادا ئاوا نامێنێتەوە. ڕەنگە لە ماوەیەکی نزیکدا ژەهر بکەوێتە ناو ئەم پەیوەندییە هەنگونین ئاسایەوە.

هەڕەشەکانی دەوڵەتی تورک کە بەردەوام نوێ دەکرێنەوە و ئەگەری ئۆپەراسیۆنی سەربازی بۆسەر ڕۆژئاوا نابێت پشتگوێ بخرێن. هەوڵدانەکان بۆ لەناوبردنی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری، بێچەککردنی هێزە سەربازییەکان و فشار بۆ دەرکردنی کادرەکانی پەکەکە لە سووریا، درووستکردنی هەرێمێکی پارێزەبەندی دوورە لە عەقڵ و لۆژیک. جێگیرکردنی جیهاندییەکانی هەتەشە لە ناو فەرماندەی سوپا و حکومەتی ڕاگوزەری سووریادا ئاسای دەبینرێت، بەڵام داواکاری بێمانای دەرکردنی کوردانی هاوڵاتی سووریا لە سووریا، بووە بە داوایەکی بنەڕەتی ئەردۆغان.

لە ئێستادا ناتوانرێت مەزندە بکرێت کە پشکی تورکیا لە هەویرەکەی سووریادا چەندە. چوونکە دواجارا ئەمریکا، یەکێتی ئەورووپا، بەریتانیا و ئیسرائیل هەروەها میسر و زۆرێک لە وڵاتانی عەرەبی لە نزیکەوە چاودێری سووریا دەکەن. هەرچەندە نازانرێت تا چ ئاستێک تورکیا یارمەتی خاوەنە نوێیەکەی دیمەشق دەکات، بەڵام دەتوانرێت پێشبینیەک بکرێت. ئاشکرایە تورکیا دەیەوێت سووریا لەژێر کۆنترۆڵی خۆییدا بێت. ئەمەش ببێتە هۆکاری ئەوەی ببێتە سووریایەکی لەوجۆرە کە ڕێکخراوی جیهادی سەلەفەی و ئیسلامی لەسەر دەسەڵاتداری سووریا بن. لە چاوەڕوانی ئەوەدابوو نموونەیەک لە 'ئیخوان موسلمین' درووستکات و لەنزیکەوە دەرفەتی ئەوەی دەستهێنا. ئیدارەی موحەمەد مورسی لە میسر لەدەستدا، بەڵام لە سووریادا بووە خاوەنی مورسی (ئەبوو محمەد ئەل جۆلانی)یەکی نوێ و مەترسیدارتر.

چاوەڕوانییەکانی تورکیا و وڵاتانی دیکە جگە لە تورکیا بۆ سەپاندنی پراکتیک بەسەر جۆلانێدا جیاواز و پێچەوانەی یەکترن. وەک چاوەڕوانی دیموکراتیکی لە داعش ناکرێت، چاوەڕوانیکردنی دیموکراتیکی لە خاوەنە نوێیەکەی دیمەشق چاوەڕوانییەکی پوچە. درووستکردنی سووریایەک بە دڵی زلهێزەکانی ڕۆژئاوا لە سووریادا ڕەنگە ئەستەم بێت. گوتنەکانی؛ ڕێزگرتن لە پێكهاتەکان، گەشبینی لە فرەچەشنییەکان، یەکسانی نیوان ژن و پیاو لە پێناسەکانی هەتەشەدا بوونی نییە و جێگیر نابن.

کاری نامرۆڤانە لە دژی عەلەوییەکان، دیمەنی کوشتنی ژنان نیشاندەری ئەوەن سووریای نوێ چۆن دەبێت. ئەوەی سەرنج ڕاکێشە ئەو هێزانەی لەگەڵ جۆلانییدا کۆدەبنەوە ئاگاداری ئەم ڕووداوەشن. لەگەڵ ئەمەشدا دەیانەوێت لەگەڵ جۆلانییدا بگەن بە ئاستێک، هەوڵدەدەن بۆئەوەی چاوەڕوانییەکانیان جێبەجێ بکات و وەک ئامرازێک بەکاری بهێنن، بەڵام ئەمە میتۆدێکی مرۆڤانە نییە، چونکە حساب بۆ کۆمەڵکوژییەکان ناکرێت.

ڕووی تورکیا ئاشکرایە لە سووریادا دژی هەبوونی کوردانە، لە دژی هەبوونی هێزەکانی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری دەجوڵێتەوە. هێزەکانی دەرەوە جگە لە تورکیا سیناریۆی نوێ بۆ سووریا دادەڕێژنەوە، تاکە دڵخوازییان کوردە. ئەم هێزانە دەبێت لە نێوان کوردان و توندڕەوی ئایینیدا یەکێکیان هەڵبژێرن. ئاخۆ لە نێوان ئەوانەدا هەڵبدەبژێرن یان بەدوای پشتوانییدا دەگەڕین، یانیش بەگوێرەی پلانی تورکیا بۆ لەناوبردنی کوردان دەجوڵێنەوە، هێشتا ئەمە روون نییە. وادیارە ئەم بابەتە بە ئیدارەی نوێی ئەمریکاوە گیربووە.

تورکیا بە تێگەشتنی 'تا سەرۆکی نوێی ئەمریکا ئەرکەکەی وەردەگرێت، هەرچی بکەم هەر ئەوەم بۆ دەمێنێتەوە' بۆئەوەی بتوانێ شەڕ بکات ئەوەی لەدەستی بێت دەیکات. هێرشەکانی سەر ڕۆژئاوا زیاتر دەکات. خواستێتی پردی قەرەقۆزاق و بەنداوی تشرین بەدەستبهێنێت و تا ئەوەی گورز لە ڕەقە و کۆبانێ بدات. ئەردۆغان سەرقاڵێ ئەوەیە ئەو نەخشەیەی بۆ ڕۆژئاوای کێشاوە، هەنگاو بە هەنگاو جێبەجێ بکات.

بێگومان ڕێگەیەکی دیکە کە دەبێت لەبەرچاو بگیرێت، کاریگەریی چاوپێکەوتنەکانی دەوڵەتی تورکە لە ئیمراڵی لەسەر سووریا. چارەسەرییەک بۆ سووریا کە پشت بەستووبێت بە داینامێکی هەرێمەکە، لە بەرژەوەندی گەلانی هەرێمەکە دەبێت. لە ڕێگەی چەندین کارەکتەرەوە لە سووریادا ڕووداوی نوێ ڕوودەدەن. وەک چۆن ئەوەی بیرکردنەوەی داعش و دیموکراسی پێکەوە نابێت، ناتوانرێت دۆخی ئێستای سووریاش بە هەتەشەوە بەڕێوەببرێت. بە هەتەشەوەبێت یان بێ هەتەشە پلانی هێرشی سەر ڕۆژئاوا لە ئارا و پراکتیکدایە. گەر هێزە نێونەتەوەییەکان لە دژی هێرشەکانی سەر رۆژئاوا نەوەستنەوە، ئەوا ناچارن لە نێوان هەتەشە-تورکیا و ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریادا یەکێکیان هەڵبژێرن.