لە ١٨ی کانوونی یەکەمدا هەڵبژاردنی ناوخۆیی لە عێراق بەڕێوەچوو. هەڵبژاردن لە عێراق لە هەندێک پارێزگا ماوەیەکی زۆر بوو دواخرابوو، هەرچەندە پێویستە بەپێی یاسا هەر ٤ ساڵ جارێک هەڵبژاردن بکرێت. بۆ نمونە کەرکوک دوای ١٨ ساڵ یەکەم هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای تێدا ئەنجام درا. دوایین هەڵبژاردن لە پارێزگای موسڵ لە ساڵی ٢٠١٣ کرابوو. یەکێک لە هۆکارەکانی دواکەوتنی هەڵبژاردنەکان ململانێ سیاسییەکانی عێراقە کە گرێدراوی هێزە سیاسییەکانە. لەلایەکەوە هەردوو دەسەڵاتی ناوچەکە، تورکیا و ئێران، بەپێی بەرژەوەندییەکانیان سیاسەتێک لەسەر خاکی عێراق بەڕێوەدەبەن و زلهێزە نێودەوڵەتییەکانیش لە چوارچێوەی پڕۆژەی گەورەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەستوەردان لە ناوچەکە دەکەن.ئەمانە هۆی دواخستنی هەڵبژاردنەکان بوون.
"پێکهاتەکان بوونەتە قوربانی سیاسەتەکان"
عێراق لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا پێگەیەکی ستراتژیکی هەیە و بەو هۆیەوە دەبێتە ناوەندی گەمەی هێزە ناوخۆیی و دەرەکییەکان. سیستەمی عێراق سیستەمێکی فیدراڵییە. بەپێی یاساکانی عێراق هەموو پێکهاتەکان خاوەن مافن، بەڵام چونکە لە سیاسەت و تێگەیشتنیدا دیموکراتیک نییە، ناتوانێت بە پێی ئەو یاسایانە کار بکات. بەپێچەوانەوە دەبنە قوربانی سیاسەتی نادیموکراتیک. بۆیە دەتوانین بڵێین گرنگە هەڵبژاردنی ناوخۆیی لە کاتی خۆیدا بە پێی یاساکان ئەنجام بدرێت. پێکهاتەکانی ئێستا ئەمە بە گرنگ دەبینن. بە بەراورد بە هەڵبژاردنەکانی پەرلەمان، هەڵبژاردنە ناوخۆییەکان دیموکراتیکن، چونکە لە کۆمەڵگا نزیکترن.
'هەموو کەس چاوی لەسەر موسڵ و کەرکوک بوو'
لە کارەکتەری دەوڵەتدا شتێک بەناوی دیموکراسی نییە، بۆیە لە ماوەی ١٠ ساڵی ڕابردوودا هەڵبژاردن ئەنجام نەدراوە.
هەڵبژاردن لە ١٥ پارێزگای عێراق بە بەشداری سەدان لایەن بەڕێوەچوو. بەشێک لە لایەنەکان بە هاوپەیمانی بەشدارییان لە هەڵبژاردنەکاندا کرد. بەڵام لەم هەڵبژاردنەدا هەمووان زیاتر چاویان لەسەر پارێزگاکانی موسڵ و کەرکوک بوو. ئەو پارتانەی لە پارێزگای موسڵ بەرامبەر یەکتر دەرکەوتن، هاوپەیمانی کۆمەڵایەتی، پەدەکە و یەنەکە بوون. لە کەرکوک یەنەکە، پەدەکە و بەرەی تورکمانی و بەرەی عەرەبی کەوتنە کێبەرکێەوە. لە ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی نەینەوا دەتوانین بڵێین هاوپەیمانی کۆمەڵایەتی پلەی دووەمی بەدەستهێنا و یەنەکە وەک پارتی یەکەم لە کەرکوک هەڵبژێردرا.
لە کۆی ١٦ ملیۆن دەنگدەر، تەنیا ٦ ملیۆن و نیو کەس چوونەتە سەر سندوقەکانی دەنگدان. ئەمەش بەو مانایەیە کە لە هەموو عێراقدا تەنها لەسەدا ٤١ی گەل چوونەتە سەر سندوقەکانی دەنگدان. ڕێژەی بەشداریکردن لە هەڵبژاردنەکاندا لە موسڵ لەسەدا ٥٢ و لە کەرکوک لەسەدا ٧٠ بووە.بەگەشتی ڕێژەی بەشداریکردن لە هەڵبژاردنەکاندا زۆر کەم بوو.ئەمە وەک نیشانەی هەڵوێستێکە بەرامبەر حزبە دەسەڵاتدارەکانی پارێزگاکان.
'پێویستە ڕۆڵی ژنان لە سیاسەتدا چالاکانەتر بێت'
هەروەها لە پشکی پارێزگاکاندا دەبینین کە چۆن لە بواری سیاسەتدا ڕۆڵێک بە ژنان دەدرێت. ئەمەش بەو مانایەیە کە بەپێی پشکەکان تەنها لەسەدا ٢٥ی کورسییەکان بۆ ژنان تەرخانکراوە. ژنان لە سیاسەتی عێراقدا ڕۆڵی یەکلاکەرەوەیان پێ نادرێت. ئەو ژنانەی بەشداری سیاسەت دەکەن لەعێراقدا، تەنیا لە ژێر سێبەری ئەقڵیەتی پیاودا دەمێننەوە یاخود لە ژێر سێبەریدا رادەگیرێن. مرۆڤ دەتوانێ بڵێت بارودۆخی ژنان لە سیاسەتی عێراقدا هاوشێوەی وڵاتانی دیکەیە. بەشداری ژنان بەپێی یاساکانە نەک بەپێی شوناس و خۆدەربڕینی ژنان. لەم ١٠ ساڵەی دواییدا سەرباری تێکۆسانی ژنان، بەڵام هیچ گۆڕانکارییەکی بەرچاو نەکراوە، پێویستە ڕۆڵی ژن لە سیاسەتدا چالاکتر بێت. ئاستی بەشداربوونی ژنان لە سیاسەتدا، ئاستی بەشداربوونی کۆمەڵگەش دیاری دەکات.
"ڕەنگ و دەنگی ژنان لەناو سیاسەت نیشانەی بەهێز بوونی وڵاتە"
دەرکەوتنی ژنان لەهەر وڵاتێکدا دەبێتە هۆی ئەوەی ئەو وڵاتە زیاتر کراوەتر بێت بەرووی گۆڕانکارییەکان. بۆیە ناتوانین بڵێین ژن لە سیاسەتی عێراقدا کاریگەرە. ژنان لە رووی چۆنایەتی و چەندایەتی بەشداری لە سیاسەتدا لە پێشەوە نین. بەڵام تێکۆشانی ژنانی ئێزدی و شۆڕشی ژنان لە ڕۆژئاوا تا ڕادەیەک کاریگەری لەسەر ژنانی عێراقیش کردووە. بۆیە دەکرێ بڵێین ئاستێکی دیاریکراوی تێکۆشان لە ژنانی عێراقدا دەبینرێت. سەرەتا بۆ مافە یاساییەکان بۆ دەنگدەران و کاندیدەکان بە گشتی تێکۆشانی ژنان بۆ مافەکانی دەبینرێت. بیرۆکەکانی ڕێبەر ئاپۆ کاریگەرییان لەسەر ژنە ڕۆشنبیر، ئەکادیمی و سیاسەتمەداران هەبووە. دەبینرێت کە تێکۆشان لە سیاسەت و کایە کۆمەڵایەتییەکان بۆ مافەکانی ژنان زیاتر بەرچاوە.
"ئەنجامەکانی کەرکوک کاریگەری لەسەر هەمووی عێراق دەبێت"
وەک لە سەرەوە ئاماژەمان پێدا، ئەم هەڵبژاردنە بە تایبەتی بۆ کەرکوک گرنگ بوو. دوای ١٨ ساڵ بۆ یەکەمجار هەڵبژاردن بەڕێوەچوو. ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی کەرکوک کاریگەری لەسەر تەواوی سیاسەتی عێراق دەبێت. تەنانەت بەر لە هەڵبژاردنەکان لە سەر کەرکوک پیلانگێڕی دەکرا. بەتایبەت عەرەبە شۆڤێنیەکان و تورکمانەکانی سەر بە تورکیا و پەدەکە و دەوڵەتی تورک بە جددی یارییان بە کەرکوکەوە دەکرد. تورکیا بە تایبەتی لە ڕێگەی پەدەکەوە پیلانەکانی جێبەجێ دەکات. بەتایبەت دەیانویست هەڵبژاردن لە کەرکووک هەڵبوەشێننەوە. بەڵام گەلانی کەرکوک بانگەشەکانی تورکیا و پەدەکەیان ڕەتکردەوە. ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی کەرکوکیش ئەم پیلانانەی پوچەڵ کردەوە.
ئەم سیاسەتانەی پەدەکە لە ساڵی ٢٠١٧ دیسانەوە ڕێگری لە یەکڕیزی کورد کرد. بەناوی ڕیفراندۆمەوە کەرکووکیان لەدەستی کورد دەرهێنا و بەم شێوەیەش پێداگرییان لە هێڵی خیانەتدا نیشان دا. لە پێناوی بەرژوەندییەکانی لە گەڵ داگیرکەران بە هەموو شێوەیەک دژایەتی کوردان دەکات. بەڵام لە ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی کەرکوکدا سیاسەت و پلانەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان و تورکیا لەناو چوو.
"کەرکوک دەتوانێت پیلانەکانی تورکیا و پەدەکە پوچەڵ بکاتەوە"
هەڵبژاردنەکانی کەرکوک ئەنجامێکی گرنگی بۆ گەلی کورد هێنا. نە تورکیا و نە پەدەکە بەم ئەنجامە دڵخۆش نین و ئەمەش مەترسی لێدەکەوێتەوە. چونکە ئارگومێنتەکانی تورکیا و پەدەکە بێکۆتایە، بەڵام پێویستە گەلی کەرکوک و لایەنەکانی دیکە وریا بن. هەتا مادەی ١٤١ بە موسڵیشەوە، جێبەجێ نەکرێن، نە مەترسییەکان و نە ململانێکان لەسەر ئەو ناوچانە کۆتایی نایت، بەڵام باشترین چارەسەر بۆ کەرکوک، ڕێگەی سێیەم دەبێت. چونکە شارێکی مۆزایک، دەوڵەمەند و فرەپێکهاتەیە. کورد لەم بابەتەدا بە پڕۆژەی ڕێگای سێیەم کە ڕێبەر ئاپۆ وەک ڕێبازێکی سیاسی دیموکراتیک پێناسەی کردووە، دەتوانێت بەهێزترین چارەسەر و ستراتیژی بێت بۆ کەرکوک.
"گۆڕانکاری لە رێگەی هەڵبژاردنی دیموکراتیکەوە دەکرێت"
ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی پارێزگاکانی عێراق کاریگەری لەسەر هەڵبژاردنەکانی باشووری کوردستانیش دەبێت. لەمەودوا هەموو لایەنەکان لە ناو ئامادەکاریدان. بەڵام لایەنە کوردییەکان سیاسەتێکی هاوبەشیان نییە. هەرچەندە باشووری کوردستان خاوەن سیستەمی حکومەتییە، بەڵام بە کردەوە هیچ خزمەتێکی گشتیی ناکرێت. گەل لە پەدەکە نائومێدە. دیسان ملکەچبوونی دەسەڵاتی باشووری کوردستان لە بەرامبەر داگیرکاریی ناڕەزایی گشتی لێدەکەوێتەوە. گەل هیچ هیوایەکی بە لایەنەکانی تریش نەماوە. بێکاری، کۆچی بەکۆمەڵ، بایکۆتی دەوام بەهۆی نەدانی مووچە و هتد، هەموو ئەمانە هۆکاری ناڕازیبوونی خەڵکە لە سیاسەتی باشووری کوردستان. ئەم ناڕازیبوونەش لەسەر پروسەی هەڵبژاردنەکان دەردەکەوێت. هەرجار پێش ھەڵبژاردنەکان بۆ دڵخۆشکردنی گەل و زیادکردنی مووچە ھەندێک گۆڕانکاری دەکەن. ئەمەش پێویستە بە ڕوونی وەک بێدەنگکردنی گەل بە پارە سەیر بکرێت. لە هەڵبژاردنی پارێزگاکانی عێراقدا ئاشکرا بوو کە ئەگەر کورد خاوەن هاوپەیمانی سیاسی بێت، دەتوانێت ئەنجامێکی گرنگ بەدەستبهێنێت و دەتوانن ڕۆڵێکی کاریگەر لە سیاسەتی عێراقدا بگێڕن.
'کۆمەڵگای ئێزدی وانەیەکی گەورەی بە پەدەکە دا'
بە دڵنیاییەوە هەڵبژاردنی پارێزگای نەینەوا هێندەی کەرکوک بۆ کورد و بەتایبەتی شەنگالییەکان گرنگ بوو. ڕێژەی بەشداریکردن بۆ هەڵبژاردنەکان لەسەدا ٥٢ بووە. دەتوانین بڵێین بەشداری گەل لە هەڵبژاردنەکاندا بە بەراورد لەگەڵ هەندێک لە پارێزگاکانی دیکە باشتر بوو. لە پارێزگای موسڵ شەنگال سەرنجی زیاتری لەسەر بوو. ئەمجارە هەڵبژاردن بۆ شەنگالییەکان جیاوازی زۆری هەبوو. بۆیە ڕێژەی بەشداریکردن جیاواز بوو لە هەموو هەڵبژاردنەکانی پێشوو. پەدەکە، کە بە هۆی هەڵبژاردنەوە گەلی ئێزدی لە کەمپەکانی باشووری کوردستان زیندانی کردووە، نەک تەنیا لە کەمپەکان بەڵکو لە هەموو شەنگال شکستێکی گەورەیان بەرکەوت. ئیزیدخان وانەیەکی مێژوویی بە پەدەکە دا. ڕەنگە بەپێی ئەنجامی هەڵبژاردنەکان لە پارێزگای نەینەوا وەک پارتی دووەم ڕاگەیەنرابێت، بەڵام لە شەنگال و لە زۆر شوێنی دیکە دۆڕا. پەدەکە لە پارێزگای نەینەوا سیاسەتەکانی شکستی هێنا. بەڵام سەرەڕای هەموو هەوڵ و سیاسەتە گڵاوەکانی پەدەکە کە هیچ پەیوەندییەکی بە ئەخلاق و بەهاکانی سیاسەتی دێموکراتیکەوە نییە، شەنگال و یەکگرتوویی گەلی دەشتی نەینەوا سەرکەوتنێکی گرنگیان لە هەڵبژاردنەکاندا بەدەستهێناوە. واتە ئەم هەڵبژاردنە تۆڵەی هێرشەکەی سەر شەنگال بوو. دەتوانین بڵێین ئەم هەڵبژاردنە بۆ کورد و بەتایبەتیش بۆ شەنگال سەرکەوتنێکی گەورە بوو. بۆ یەکەمجار پێکهاتەی ئێزدی نوێنەری خۆیان قاسم کەشکۆ یان هەڵبژارد. زۆرێک لە لایەنەکان چاوەڕوانی دەرئەنجامێکی لەو شێوەیەیان نەدەکرد. گەلی ئێزدی بە ئاشکرا پەیامی خۆی بە هەموو لایەک گەیاند. وتیان کەس ناتوانێت بەناوی منەوە بڕیار بدات، کەس ناتوانێت نوێنەرایەتیمان بکات، جگە لەخۆمان ئەم پەیامە بە پلەی یەکەم بۆ پەدەکە و تورکیا بوو.
'هاوپەیمانی دیموکراتیکی ڕێبەر ئاپۆ سەرکەوتنی بەدەستهێنا'
کۆمەڵگای ئێزدی بەشدارییەکی بێ وێنەیان لە هەڵبژاردندا کرد. بەتایبەت ژنانی ئێزدی لەم هەڵبژاردنانەدا هەوڵێکی بێهاوتایان نیشاندا. شەو و رۆژیان خستە سەر یەک و خەباتیان کرد. بە ئومێد و باوەڕێکی زۆرەوە پێشەنگایەتی هەموو چالاکییەکانی هەڵبژاردنیان کرد. لە زۆر شوێن بیستمان ئەو دایکانەی لە ژیانیاندا هەرگیز دەنگیان نەدابوو، ئەمجارە دەنگیاندا. ئەمە نموونەیەکە. ئەمە خۆشەویستی ژنانی ئێزدی بە خاک و نیشتمانەو نیشان دەدات. ئەمە ڕۆح و باوەڕبوونە بە هێزی خۆبەڕێەوەبەری. دەتوانین قسەکانی ڕێبەر ئاپۆ بەبیر بهێنینەوە؛"کاتێک ژن هەنگاوێک بەرەو ئازادی دەنێت، دەتوانێت کۆمەڵگا لەگەڵ خۆیدا بەرەو پێش ببات" ئێمە دەتوانین ئەم ڕاستییە بە شێوەیەکی ڕوون ئەم ڕاستیییە لە هەموو ژنێکی ئێزدیدا ببینین. هاوپەیمانی گەلانی نەینەوا، لە پلەی یەکەمدا، هاوپەیمانییەکی گرنگ بوو لەم هەڵبژاردنەدا. بەڵام ئەم هاوپەیمانییە تەنها بۆ ئەم هەڵبژاردنە نییە، دەتوانرێت وەک نموونەیەک سەیر بکرێت. هاوپەیمانییەکی ستراتیژی بوو بۆ گەلی شەنگاڵ. بناغەکەی دروستکردنی یەکێتییەکی کۆمەڵایەتیی گەلانە، دەکرێت ببێتە مۆدێلی چارەسەر لە هەموو پارێزگاکانی عێراق. ئەمە هاوپەیمانی دیمۆکراتیکی ڕێبەر ئاپۆیە کە باسی کردووە.
"هاوپەیمانی و ئیرادەی گەل سەرکەوت"
دڵخۆشبوون بە دەرئەنجامی هەڵبژاردنەکان لە نێو کۆمەڵگای ئێزدیشدا بە شێوەیەکی بەرچاو ڕەنگی دایەوە، بە جۆش و خرۆشێکی زۆرەوە لە شەنگال ئاهەنگیان گێڕا. لە شەنگال یەکگرتوویی و ئیرادەی گەل بە سەرکەوت، ئەو پارتانەی لە پێناو بەرژەوەندی خۆیان سیاسەتیان دەکەن دۆڕان.